هاوکات لە گەڵ چالاکییەکانی تێکۆشەرانی ناوخۆی وڵات بەبۆنەی ساڵیادی دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان ، رێوڕەسمێکی بەشکۆ بۆ یادی وبیرەوەریی ٧٢مین ساڵیادی دامەزرانی ئەوحیزبە لە قەڵای خوڕاگری دێموکرات بەڕێوەچوو.
پاشنێوەڕۆی رۆژی ٢٥گەلاوێژ بە بەشداریی بەشێکی بەرچاو لە کادر و پێشمەرگەکانی حیزب و ئەندامان و بنەماڵە سەرفەرازەکانی حدک و، چەندین کەسایەتی و مێوانی تایبەت، ساڵیادی دامەزرانی حیزبی دیموکراتی کوردستان لە بنکەی دەفتەری سیاسیی حدک بەرز ڕاگیرا.
ئەو ڕێوڕەسمە سەرەتا بە سروودی نەتەوایەتیی ئەی ڕەقیب و ڕاگرتنی خولەکێک بێدەنگی بۆ یاد وناوی سەرجەم شەهیدان و تێکۆشەرانی کۆچکردووی ڕێگای ئازادی کورد و کوردستان دەستی پێکرد.
پاشان هاوڕێ عومەرباڵەکی ئەندامی دەفتەری سیاسیی حدک پەیامی دەفتەری سیاسی پێشکەش بە مێوانان کرد.
لە پەیامی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستان کە کۆمەڵێک خاڵی گرینگی تێدا هاتبوو، سەرەتا یادی ٢٥ی گەلاوێژی لە سەرجەم ئەندامان و تێکۆشەرانی دێموکرات و، بنەماڵەی سەرفەرازی شەهیدان و سەرجەم زیندانیانی سیاسی پیرۆزبایی کرا بوو.
لە بەشێک لە پەیامی دەفتەری سیاسیی حدک بە ئاوردانەوەیەک لە مێژووی خەباتی ئەو حیزبەدا هاتبوو:
مێژووی ٧٢سالەی حیزبی دیموکراتی کوردستان پڕە لە هەورازونشێوی سیاسی و تەشکیلاتی و، سەرکەوتن و شکان. بەڵام ئەم حیزبە بە پێی نەریتی لە مێژینەی خۆی، قەت بە سەرکەوتنەکان لە خۆبایی نەبووە و هێچ کاتێکیش بە شکانەکان لە مەیدان نەچۆتەدەرێ.
لەدرێژەی وتاری دەفتەری سیاسی بە خستنەبەرباسی باردۆخی سیاسیی ئێران و بەتایبەتی کوردستان هاتبوو:
کۆماری ئیسلامی لەماوەی ٣٩سالی رابردوودا لە هیچ کردارێکی نامرۆڤانە دەرحەق بە حیزبی دیموکرات و خەلکی کوردستان دەستی نەپاراستووە و بە شێوازی جۆراجۆر تێکۆشاوە لە نێوخۆی رۆژهەڵاتی کوردستان بارودۆخێک بخوڵقێنێ کە یەکپارچەیی نەتەوەیی تێک بدا وهەر وەکی لە ٣٩سالی رابردوودا هەوڵی داوە حیزبی دێموکرات و هێزە سیاسییەکانی کوردستان بە هەڵبەستنی بۆختان وتۆمەتی ناڕەوا لە پێش چاوی خەڵکی کوردستان ناشیرین بکا کە بە خۆشیەوە تێدا سەکەوتوو نەبووە. ئیستاش لەو هەلومەرجەدا کە ناوچەکە بە دۆخێکی هەستیاردا تێپەڕ دەبێ، دەیهەوێ بە بەهانەی ئەمنییەتی هێزی زیاتری سپای پاسداران لە کوردستان بخزێنێ و ، دەستی بەکرێگیراوەکانی خۆی بۆ ئەنجامدانی تاوانی زیاتردژی خەڵکی کوردستان ئاوەڵاتر بکا. بۆ بەربەرەکانیی زیاتر و کاریگەرتر پێویستە خەڵکی کوردستان بە گشتی و تێکۆشەران و چالاکانی بوارە جۆراوجۆرەکانی خەباتی مەدەنی بەتایبەتی لە رۆژهەڵاتی کوردستان بۆ ساتێکیش بێت ئەو خەبات و قوربانیدانەی حیزبی دێموکرات بێننە بەر چاوی خۆیان و ئەو پرسیارە لە خۆیان بکەن بە بەراورد لە گەڵ ئەو خوێن و قوربانیدانەی حیزبی دێموکرات لە پیناوی ئامانجەکانی گەلی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان بەختی کردووە، ئایا ئەوانیش ئەوەی لە دەستیان هاتووە، کردوویانە؟ هێنانە گۆڕی ئەم پرسیارە بە مانای کەمڕەنگ کردنەوەی هەوڵ وتێکۆشانی تێکۆشەرانی نێوخۆی وڵات نیە. بەڵام دەبێ ئەو راستییە بزانین کاتیک سەر دەکەوین کە هەر کامێکمان چ وەک حیزب و ڕێکخراوی سیاسی و چ وەک تاکەکانی کۆمەڵ توانیبێتمان ئەرکی خۆمان بە جێ بگەیەنین.
دوای وتاری دەفتەری سیاسی لە بڕگەیەکی دیکەی ئەو ڕێوڕەسمەدا پێشکەشکاری رێوڕەسمەکە سەرگوڵ شەهبازی وێڕای بەخێرهاتن کردنی سەرلەنوێ مێوانانی بەشدار، یادی دامەزرانی حیزبی دێموکراتی لە سەرجەم تێکۆشەران و چالاکانی ناوخۆی وڵات پیروزبایی کرد.
دواتر سروودێکی شۆڕشگێرانە لەلایەن کۆڕی هونەریی حیزبەوە پێشکەش بە ئامادەبووان کرا.
لە بەشێکی دیکەی ئەو ڕێوڕەسمە کۆمەڵێک پەیام و برووسکەی پیرۆزبایی چەندین لایەن و ڕێکخراوی سیاسی کە بۆ ئەو رێوڕەسمە نێرداربوو، خوێندرانەوە.
پاشان پەیامی هاوبەشی یەکیەتیی ژنان و یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی رۆژهەڵاتی کوردستان لە لایەن پێشەوا عەلیپوورەوە،سکرتێری یەکیەتیی لاوان، پێشکەش بەو یادە کرا.
لە پەیامی هاوبەشی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی رۆژهەڵاتی کوردستان و یەکیەتیی ژنانی دێموکرات با خستنەبەر باسی دەورو ڕۆڵی ژنان و لاوان ، لە بزاڤی مافخوازانەی گەلی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان و حیزبی دێموکرات ، باسی شوێندانەریی ئەو دوو چینەی لە ئێستا و لە داهاتوو بۆ سەرخستنی گەلی کورد و چەسپاندنی بنەما دیموکراتیکەکان کرد بوو
لە بەشێک لە پەیامی هاوبەشی یەکیەتییەکانی لاوان و ژنانی دێموکراتی رۆژهەڵاتی کوردستان هاتبوو: کۆماری ئیسلامیی ئێران کە لەبنەڕەت را باوەڕی بە مافی نەتەوەی کورد نەبوە و گرەوی لەسەر لەخشتە بردنی لاوانی کورد کردوە، رێز لە مافی ژنان ناگرێت و لەهەمانکاتدا بە خەیاڵی دەستگرتن بەسەر کوردستاندا، کوردستان میلیتاریزە دەکات ، لەوەها دۆخێکدایە کە رۆژانە بە تێکۆشانی بێوچانی ژنان و لاوان ئەم پیلانانەی رێژیم بەرپەرچ دەدرێتەوە و لاوان و ژنانی کورد لەم دۆخەدا هەوڵدەدەن لەسەر بنەمای ئەو میراتە مەعنەوی و فکرییەی کە رێبەرانی دێموکرات بۆیان بە دیاری بەجێهێشتن تێکۆشانی خۆیان درێژە بدەن و نایانهەوێ دەرفەتی سیاسی بوون و شۆڕشگێڕبوون لەدەست بدەن.
لە درێژەی رێوڕەسمی تایبەت بە ٢٥ی گەلاوێژ ،لە لایەن دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە لەوحەی رێزلێنان بە کۆمەڵێک لە تێکۆشەرانی حیزب کە هەموو تەمەنی خۆیانیان تەرخان بە تێکۆشان و مانەوە لە حیزبدا کردوەو، بێ بەهەرە لە ژیانی ئاسایی و خۆشییەکانییەوە دڵسۆزانە بە ڕیبازی دێموکرات وەفادار ماوەنەتەوە ، بەخشرا.
ئاسۆ حەسەن زادە جێگری سکرتێری گشتیی حدک پێش دابەشکردنی خەڵاتەکان لە چەند وتەیەکی کورت و پۆخت، قەدر وپێزانینی حیزبی دێموکراتی پێشکەش بەو پۆلە تێکۆشەرە کرد، کە پەپوولەئاسا لە باخچەی دێموکراتەکان ماوەنەتەوە.
دوای پێشکەش کردنی گۆرانییەک لە لایەن محەممەد ئەمین کەریمی و بە هاوکاری کۆڕی هونەریی حیزب، خاتوو سوهەیلا قادری ژنە شاعیری تێکۆشەر، پارچە شێعرێکی پێشکەش بەو ڕێوڕەسمە کرد.
لە بڕگەیەکی دیکەی ڕێوڕەسمی تایبەت بەیادی ٢٥ی گەلاوێژ چەند گۆرانی دیکە بە دەنگی ئەمیرمەفاخری و ئاسۆ موئمنی و بە هاوکاری کۆڕی هونەریی حیزب، پێشکەش بە ئامادەبووان کرا.
دواتر رێبوار حەسەنی بە گۆرانێکی شاد، هەستێکی خۆشی بە رێوڕەسمەکە بەخشی.
لەدوا بڕگەی ئەو ڕێوڕەسمە ،گرووپی هەڵپەركێی کچ وکۆڕانی دێموکرات چەند تابلۆیەک لە هەڵپەرکێی کوردییان پێشکەش کرد.