ئامادەبووانی بەڕێز!
کادر و پێشمەرگە خۆشەویستەکان!
ئەندامان و لاینگرانی حیزب لە نێوخۆی کوردستان و دەرەوی وڵات!
بە بۆنەی 72یەمین ساڵی دامەزرانی حیزبی دیموکراتی کوردستان بە نوێنەرایەتی لە لایەن دەفتەری سیاسییەوە پڕ بە دڵ پیرۆزباییتان لێ دەکەم. هەروەها پیرۆزبایی لە بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان و زیندانیانی سیاسی و سەرجەم چین و توێژەکانی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکەم کە لە ماوەی ٧٢ساڵی ڕابردوودا یار و پشتیوان وخەمخۆری حیزبە خۆشەویستەکەیان، حیزبی دیموکراتی کوردستان بوون.
٢٥ی گەلاوێژ ساڵڕۆژی دامەزرانی حیزبی دیموکرات، یەکێک لەو ڕۆژە میژووییانەیە کە شێوازی خەباتی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانی گۆڕی. بە دامەزرانی حیزبی دیموکرات، خەباتی نەتەوەیی و ئازادیخوازانەی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان شیوەیەکی سەردەمیانەی وەرگرت و چووە قاڵبی ڕێکخستنی نوێوە. ئەو ڕۆژە واتا٢٥ی گەلاوێژ سەرەتای دروستبوونی حیزبێکی مودێرن و سەردەمیانە بوو کە توانی هەلومەرجی ئەوکات لە ناوچەکەدا بقۆزێتەوە. یەکەم هەنگاو لەم ڕاستایەدا پێکهێنانی یەکەم حکوومەتی کوردی بە شێوەی کۆماری بوو کە خاوەنی دامودەزگای ئیداری و دادوەری و ڕاگەیاندن بوو. بەم شێوەیە حیزبی دیموکرات توانی بەرگێکی نوێ بە بەر جووڵانەوەی ئازادیخوازی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستاندا بکا .
حیزبی دیموکراتی کوردستان بە ڕێبەریی پێشەوا قازی محەممەد لە سەردەمێکدا پێی نایە گۆڕەپانی سیاسی و خەباتی نەتەوایەتی کە هێشتا بەشێکی بەرچاو لە نەتەوەکان خاوەنی دەوڵەتی خۆیان نەبوون و هیندیک دەوڵەت کە ئیستا لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتیدا دژایەتیی مافەکانی کورد دەکەن ئەو کات تەنیا ٢٠ساڵ بە سەر تەمەنی بەدەوڵەتبوونیاندا تێپەر دەبوو، و ناویان لە سەر نەخشەی سیاسی جیهاندا زۆر نوێ بوو. بەڵام حیزبی دیموکراتی کوردستان بە ماوەیەکی کورت دوای ئیعلانی موجوودییەتی خۆی، هەوڵی دا بە پێکهێنانی کۆماری کوردستان، پێناسەیەکی قانوونی و سیاسیی نوێ بە مافەکانی کورد بدا و بە دنیای ئەو سەردەم و دەسەڵاتدارانی تاران بسەلمێنێ کە نەتەوەیەکیش بە ناوی کورد کە خاوەنی خاک و زمان و کلتوور و مێژووی خۆیەتی، لەو ناوچەیەدا بوونی هەیە.
ئەو سەردەمە کە حیزبی دیموکراتی کوردستانی تێدا دامەزرا سەردەمی سیستمی عەشیرەیی و فیئۆدالی بوو و ٩٥ لە سەدی خەڵک نەخوێندەوار بوون و تەنانەت لە ئاستی جیهانیشدا هێشتا جاڕنامەی جیهانیی مافی مرۆڤ بڵاو نەببۆوە، بەڵام حیزبی دیموکرات بە ڕێبەریی پێشەوا قازی محەممەد لەو سەردەمدا باس لە پاراستنی مافی مرۆڤ و پاراستنی مافی کەمایەتییەکان و یەکسانیی ژن و پیاو و خویندن بە زمانی زگماگی دەکا و هەتا ئیستا بە تێپەربوونی٧٢ساڵ بە سەر ئەو ڕووداوەدا حیزبی دیموکرات بە هەموو ئەو پرەنسیپانەی کە لە سەریان دامەزراوە، پابەند ماوەتەوە.
بەشدارانی بەڕێزی جێژنی ٧٢ ساڵەی دامەزرانی حیزبی دیموکراتی کوردستان!
مێژووی 72 ساڵەی حیزبی دیموکراتی کوردستان پڕە لە هەوراز و نشێوی سیاسی و تەشکیلاتی و، سەرکەوتن و شکان. بەڵام ئەم حیزبە بە پێی نەریتی لە مێژینەی خۆی، قەت بە سەرکەوتنەکان لەخۆبایی نەبووە و هێچ کاتێکیش بە شکانەکان لە مەیدان نەچۆتە دەرێ. ئەگەر چاوێک بە مێژووی ئەو ٧٢ ساڵەی حیزبی دیموکراتدا بخشێنین، دەبینین ئەو شانازییە بە حیزبی دیموکرات بڕاوە کە کۆماری کوردستان دابمەزرێنێ و لە ساڵەکانی ٤٦و٤٧ بە فیداکاری و لە خۆبوردوویی ڕێبەری و کادر و پێشمەرگەکانی، گۆمی مەندی دەسەڵاتدارەتیی پاشایەتیی ئیران بشڵەقێنێ و لە سەر یەک ٣٣ ساڵ خەباتی بێوچان بە دژی ڕێژیمی پاشایەتی کە پڕە لە پێشکەشکردنی قوربانی و تەحەممولکردنی زیندان و ئەشکنجە و ئاوارەیی و دوورەوڵاتی، لە کارنامەی تیکۆشانی خۆیدا تۆمار بکا. لە ئاکامدا هەتا سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران و ڕووخانی رێژیمی پاشایەتی بۆ ساتێکیش لە تێکۆشان بە دژی ئەو ڕێژیمە ڕانەوەستاوە. دوای ڕووخانی رێژیمی پاشایەتی بە ماوەیەکی زەمەنیی زۆر کورت کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بە ڕێژەیەکی یەکجار زۆر لە دەوری حیزبی دیموکراتی کوردستان کۆ بوونەوە و وەک سەردەمی کۆماری کوردستان ئەو متمانەیان دایەوە بە حیزبی دیموکرات کە ئەرکی بەڕێوەبەریی کوردستان بە ئەستۆ بگری بۆ ئەوەی لە ڕێگای حیزبە خۆشەویستەکەیانەوە لە بریاردان لە چارەنووسی سیاسیی خۆیاندا بەشدار بن. بەڵام بە داخەوە سیستمی نوێی دەسەڵاتداری لە تاران کە لە ژێر ناوی کۆماری ئیسڵامیدا دەسەڵاتی بە دەستەوە گرتبوو لە پێوەندی لە گەڵ مەسەلەی کورد و کوردستان هەر بە هەمان ڕێچکەی ڕێژیمی پەهلەویدا ڕۆیشت و بە جێگای تێگەیشتن لە ویست و داواکانی خەڵکی کوردستان، شەڕی بە سەردا سەپاندن و دیسان بۆ جارێکی دیکە باری گرانی شەڕ و بەربەرەکانی کەوتەوە سەر شانی حیزبی دیموکراتی کوردستان.
لە ماوەی ٧٢ ساڵی رابردوودا حیزبی دیموکرات هەوڵی داوە ئاڵای مافخوازیی خەڵکی کوردستان چ لە سەردەمی ڕێژیمی شایەتی و چ لە سەردەمی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا، هەر بە شەکاوەیی ڕابگرێ. لەم رێگایەدا زیاتر لە 5 هەزار کادر و پێشمەرگە و ئەندامی حیزب و بە دەیان کەس لە ئەندامانی ڕێبەری کە لە نێویاندا سێ ڕێبەر و کەسایەتیی یەکەمی حیزب (پێشەوا قازی محەممەد، د.قاسملوو و د.شەرفکەندی) دەبیندرێن، شەهید بوون.
حیزبی دیموکراتی کوردستان هەموو کات دەسپێشخەر بووە بۆ چارەسەری ئاشتییانەی مەسەلەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بەڵام بە داخەوە دەسەڵاتدارانی تاران قەت گوێیان لە نیازپاکیی حیزبی دیموکرات نەگرتووە. هەر بۆیە ئەم حیزبە ناچار بووە لە شێوەکانی دیکەی خەبات بە پێی بارودۆخی گونجاو کەلک وەربگرێ و لە هەمان کاتدا خەلکی کوردستانیش لە هیچ هەڵومەرجێکدا نەیانهێشتووە حیزبی دیموکراتی کوردستان لە مەیدانەکەدا بە تەنیا بێ. لە گەڵ ئەوەدا فشار و توندوتیژیی زۆریان لەسەربووە بەڵام هەوڵیان داوە پشتیوانی حیزبی خۆیان بن و لە هەموو رێکارەکانی بەردەستیان بۆ بەرەوپێشچوونی ئامانجەکانی حیزبی دیموکرات کە دابینکردنی ماف و ئازادییەکانی خەڵکی کوردستانە، کەلک وەربگرن. بەڵام کۆماری ئیسلامی لەماوەی ٣٩ ساڵی رابردوودا لە هیچ کردارێکی نامرۆڤانە دەرحەق بە حیزبی دیموکرات و خەڵکی کوردستان دەستی نەپاراستووە و بە شێوازی جۆراجۆر تێکۆشاوە لە نێوخۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بارودۆخێک بخوڵقێنێ کە یەکپارچەیی نەتەوەیی تێک بدا و هەروەک لە ٣٩ ساڵی رابردوودا هەولی داوە حیزبی دیموکرات و هێزە سیاسییەکانی کوردستان بە هەڵبەستنی بۆختان وتۆمەتی ناڕەوا لە پێش چاوی خەڵکی کوردستان ناشیرین بکا کە بە خۆشیەوە تێدا سەکەوتوو نەبووە. ئیستاش لەو هەلومەرجەدا کە ناوچەکە بە دۆخێکی هەستیاردا تێپەڕ دەبێ، دەیهەوێ بە بەهانەی ئەمنیەتی هیزی زیاتری سپای پاسداران لە کوردستان بخزێنێ و دەستی بەکرێگیراوەکانی خۆی بۆ ئەنجامدانی تاوانی زیاتر دژی خەڵکی کوردستان ئاوەڵاتر بکا. بۆ بەربەرەکانیی زیاتر و کاریگەرتر پێویستە خەڵکی کوردستان بە گشتی و تێکۆشەران و چالاکانی بوارە جۆراوجۆرەکانی خەباتی مەدەنی بەتایبەتی لە رۆژهەڵاتی کوردستان بۆ ساتێکیش بێ ئەو خەبات و قوربانیدانەی حیزبی دیموکرات بێننە بەر چاوی خۆیان و ئەو پرسیارە لە خۆیان بکەن بە بەراورد لە گەڵ ئەو خوێن و قوربانیدانەی حیزبی دیموکرات لە پیناوی ئامانجەکانی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەختی کردووە، ئایا ئەوانیش ئەوەی لە دەستیان هاتوە، کردوویانە؟ هێنانە گۆڕی ئەم پرسیارە بە مانای کەمرەنگ کردنەوەی هەوڵ وتێکۆشانی تێکۆشەرانی نێوخۆی وڵات نیە. بەڵام دەبێ ئەو راستییە بزانین کاتیک سەر دەکەوین کە هەر کامێکمان چ وەک حیزب و ڕێکخراوی سیاسی و چ وەک تاکەکانی کۆمەڵ توانیبێتمان ئەرکی خۆمان بە جێ بگەیەنین. ئەگەر تاکی کورد لە نێوخۆی وڵات بە ڕادەی توانای خۆی ئەرک لە ڕاستای بە هێزکردن و گەشەپێدانی هەستی نەتەوایەتی بۆ خۆی دەستنیشان بکا و هەوڵی بۆ بدا، بە دڵنیاییەوە لە هەلومەرجی ئیستادا بە میلیۆنان دەنگ لە دەوری یەکتر کۆ دەبنەوە و دەبنە دەریایەکی گەورە کە کۆماری ئیسلامی لە بەرامبەریاندا توانای خۆڕاگریی نابێ و ناتوانێ چی دیکە خۆی لە ئاستی کورد و مافەکانی گێل بکا و لە بەرچاویان نەگرێ. بە واتایەکی دیکە ئەگەر تاک تاکی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە بەرامبەر پرسە سیاسی و نەتەوایەتییەکان خاوەنی هەڵویست بن، بە خاترجەمی کۆماری ئیسلامی هەروا بە ئاسانی ناتوانێ بە پاساوی پاراستنی ئەمنیەت لە کوردستان مەسەلەی کورد و مافەکانی سەرکوت بکا و لە پەراوێزیان باوێ. ئەوکات دنیای دەرەوش بە هەنگاوی قورستر بەپیر داخوازیەکانمانەوە دێ و لێمان تێدەگەن کە داوا و ویستی خەڵکی کوردستان لە سەردەمی ئیستادا کە سەردەمی دیموکراسی و پێکەوە ژیانە، داوایەکی ئەوەندە زۆر نییە کە دوور بێ لە پێوەرە جیهانییەکان .
ئامادە بووانی بەڕێز!
حیزبی دیموکراتی کوردستان لە ئێستادا پتر لە هەموو کاتێک بە گەشبینییەوە دەڕوانێتە ئاسۆی خەباتی گەلی کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان، چونکە بە هەوڵ وتێکۆشانی دەیان ساڵەی تیکۆشەران و خەباتگیرانی کورد ئەو هەل و دەرفەتە ڕەخساوە کە مەسەلەی کورد لە بازنەی سیاسەتی ئەو دەوڵەتانە بێتەدەرێ کە کوردستانیان بەسەردا دابەش کراوە. لە هەمان کاتدا هەر ئاڵوگۆڕێک لە ناوچەکەدا بێتە پێشێ، ناکرێ حیسێب بۆ کورد نەکرێ. کورد ئیستا فاکتەرێکی دیارە و ڕۆڵی هەیە لە ئالوگۆرە سیاسییەکانی ئەم ناوچەیەدا. بەو حاڵەش لە هەلومەرجی هەستیاری ئێستادا نابێ لە بیرمان بچێ ئەوەی دەتوانێ بەرژەوەندییەکانی کورد لە هەرکام لە پارچەکانی کوردستان دابین و دەستەبەر بکا، یەکگرتوویی و هاوهەڵوێستیی هیزە سیاسیەکانی کوردستان لە سەر پرسە نەتەوایەتییەکانە.
هەر وا کە دەوڵەتانی ناوچە کە کوردستانی گەورەیان بە سەر خۆیاندا دابەش کردوە، لە ئاڵوگۆڕەکان بە قازانجی خۆیان کەلک وەردەگرن، ئەرکی حیزبە سیاسییەکانی گۆرەپانی خەباتی نەتەوایەتی لە هەر چوار پارچەی کوردستانیشە چ لە ئاستی ئەو بەشەی کوردستان کە خەباتی تیدا دەکەن و چ لە ئاستی نەتەوەیی و کوردستانیدا، پێکەوە هاوکار و هەماهەنگ بن و لە سەر پرسە نەتەوایەتییەکان یەکهەڵویست بن بۆ ئەوەی ئەوهەماهەنگی و یەکهەڵوێستیە ببێتە هەوێنی پێکهێنانی بەرەیەکی یەکگرتووی کورد کە بتوانی لە سەردەمی ئیستادا لە سەرانسەری جیهاندا نوینەرایەتیی پرسی نەتەوایەتیی کورد بکا. هەر بۆیە لێرەدا دووپاتی دەکەینەوە هاوهەڵویستیی نیوان هێزەسیاسییەکانی کوردستان لە پرسە نەتەوایەتیەکاندا ئەرکیکی نەتەوەیییە.
بەڕێزان !
ئیمە لە هەلومەرجێکدا یادی دامەزرانی حیزبی دیموکراتی کوردستان دەکەینەوە کە باشووری کوردستانی گەورە واتا هەریمی کوردستان دوای ماوەیەکی بەرچاو لە خۆ بەڕێوەبردن وهەوڵدان بۆ لێک تیگەیشتن لە گەڵ بەغدا و بەربەرەکانییەکی سەخت و دژوارلەگەڵ داعش، ئیستا بریاری داوە لە مانگی 9ی زایینییی ئەمسالدا گشتپرسی لە سەر مافی بریاردان لە چارەنووسی خۆی بکا. حیزبی دیموکراتی کوردستان بەڕێوەچوونی گشپرسی بە مافی بێ ئەملاو ئەولای گەلی کورد لە باشووری کوردستان دەزانێ و هیواخوازە کە گەلی کورد لە باشووری کوردستان یەکگرتووانە و بە دوور لەهەر چەشنە ململانییەکی زیانباری حیزبی، بەهۆگری و بەشدارییەکی هەر چی بەرینترەوە لە گشتپرسی بۆ سەربەخۆیی کوردستاندا بەشدار بن. سەربەخۆیی کوردستان هەر لەو کاتەدا کە ئاواتێکی لە میژینەی ڕۆڵەکانی نەتەوەکەمانە، لە هەمان کاتدا مافێکی سروشتی و سیاسیی گەلی کوردە، هەر بۆیە بەشداری کردنی بەرینی خەڵکی کوردستان بە هەموو پێکهاتەکانیەوە لە پێش چاوی دۆست و دوژمن ئەو ڕاستییە دەسەلمێنێ کە کورد لە ئاستی پرسە نەتەوایەتییەکانیدا یەکدەنگ و یەکهەڵویستە. ئەو ڕاپرسییە دەتوانی نوێنگەی ئیرادەی هەموو گەلی کورد لە باشووری کوردستان بێ، کە بێ شک سەرکەوتنی بە ڕێژەیەکی زۆر، ئەمەغناسییە لە ئاست هەموو ئەو خوینانەی لەو پێناوەدا ڕژاون و لە ئاست هەموو ئەو گیانانەی لەو ڕێگایەدا بەخت کراون. لەهەمان کاتدا و لە درێژخایەنیشدا سەرکەوتنێکی گەورەیە بۆ بزاڤی رزگاریخوازی کورد لە پارچەکانی دیکەی کوردستان .
ئێمە لە بارەی بزووتنەوەی کورد لە دوو بەشەکەی دیکەی کوردستانیش واتە لە باکوور و خۆراواوە بە هیوا و گەشبینییەوە دەڕوانین. مەسەلەی کورد لەم دوو بەشەی کوردستان بە پێی هەلومەرجی سیاسی و ناوچەیی و ئەو دەرفەتانەی هاتوونەتە پێش، لە چاو ساڵانی ڕابردوو گەشەی بەرچاوی بە خۆیەوە دیتوە و لە بواری سیاسییەوە سنووری ئەو دەوڵەتانەی بڕیوە کە کوردستانیان بە سەردا دابەش کراوە. هەر بۆیە لەوە دڵنیاین کە قەزیەی کورد لە باکووری کوردستان سەرەڕای هەموو دژایەتییەکانی دەوڵەتی تورکیە لە گەڵی، ناگەڕێتەوە بۆ دۆخی 10-15ساڵ لەوە پێش و درەنگ یا زوو مەسەلەی کورد لە تورکیە چارەسەر دەبێ. لە خۆراوای کوردستانیش دەبینین کە کورد ڕۆژ بە رۆژ زیاتر وەک فاکتەریکی بەهێز لە گۆرەپانی شەری داعش و لە نێوەندی ئاڵوگۆرە سیاسییەکانی پێوەندیدار بە سووریەدا، خۆی دەنوێنێ. هەر بۆیە گومانمان نیە کە کورد لە ئایندەی سووریە دا وەک یەکیک لە کاراکتەرەکان رۆڵ دەبینێ و بێبەشیی کورد و حاشاکردن لەو نەتەوەیە لە وڵاتی سووریە، کۆتایی پێ دێ.
بەشدارانی بەریزی جێژنی ٢٥ی گەلاوێژ!
ماوەی حەوتوویەک دەبی کە ڕووحانی سەرکۆماری ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، بۆ جاری دووهەم وەک سەرکۆمار سوێندی یاسایی خواردوە و کابینەی نوێی خۆی بە مەجلیس ناساندوە. ڕووحانی لە چوار ساڵی رابردوودا نەیتوانی زۆربەی ئەو بەڵێنانەی لە کاتی پروپاگەندەی هەڵبژاردندا بە خەلکی دابوون، جێبەجێیان بکا و تەنانەت لە ئاستی نێودەوڵەتیشدا نەیتوانی جێگە و پێگەی کۆماری ئیسلامی بەو شێوەیەی کە خۆی دەیەویست جێگیر بکا. لە ئاستی نێوخۆییدا، ئێعدام و پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ بە شێوەیەکی بەرچاو ڕووی لە زیادبوون کرد. لە بواری ئابوورییەوەڕرێژەی بێکاری هەڵکشانی بە خۆیەوە دی و نرخی تمەنی ئیرانی لە بەرامبەر دراوی دەرەکی وەک دۆلاری ئەمریکا دا هەروا نزمە و بازاری ئیران بە کەلوپەلی هاوردەی دەرەجە دوو و سێ کە کوالێتیان زۆر لە خوارەوەیە هەڵدەسووڕێ و، لە راستیدا ئابووریی ئیران زیاتر بەکارهێن بووە هەتا بەرهمهێن.
ڕووحانی لە ماوەی چوار ساڵی داهاتوودا لە ئاستی نێوخۆیی و نیودەوڵەتیدا دەبێ بەرعۆدەی کۆمەڵێک ئەرک و بەرپرسیارەتی بێ. ئەو سەرکۆمارە لەگەڵ دەیان چاوەڕوانی و داوای کەڵەکەبووی خەڵکی ئێران بەرەوڕوویە. داوای ژیانێکی ئاسوودە و وڵاتێکی ئەمین کە تێیدا کەرامەتی ئینسانی پارێزراوبێ، جێبەجێ کردنی مادە و برگەکانی برجام (ڕێککەوتننامەی ئەتۆمیی ئیران ووڵاتانی ٥+١)و پابەندبوونی ئیران بەو رێککەوتننامەیە، ڕەواندنەوەی دردۆنگی و ئاسایی کردنەوەی پێوەندییەکان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و دەوروبەری ئێران، کشانەوە و دەستوەرنەدان لە کاروباری وڵاتانی وەک عێراق و سووریە و لوبنان و یەمەن، چاکسازی لە وەزعی ئابووریی ئیران و بەرزکردنەوەی نرخی دراوی ئیرانی و پەرەپێدان بە بەشی پیشەسازی و کەرتی کشتوکاڵ و بەربەرەکانی لە گەل ویشکەساڵی و بێئاوی و خۆڵبارین کە بەشێکی بەرچاوی ناوچەجۆراوجۆرەکانی ئیرانیان گرتۆتەوە و بوونەتە هوی لە نێچوونی بەروبووم و سەرهەڵدانی نەخۆشیی جۆراوجۆر، خوڵقاندنی هەلی کار و هێنانەخواری ڕێژەی بیکاری، بەربەرەکانیی زانستیانە لە گەڵ نەخۆشیە کۆمەڵایەتییەکان، کورتکردنەوەی دەستی هێزە چەکدارەکان بە تایبەتی سپای پاسداران هەم لە سەرکوتی خەلک و هەم لە تاڵانکردنی سامانی ماددی خەلکدا، بە ڕەسمی ناسینی مافی کەمینە نەتەوەیی و ئایینی و مەزهەبییەکان و پاراستنی ئەو مافانە، پاراستنی مافەکانی ژنان و لاوان و دەستەبەرکردنی هەلی خوێندن و کار بۆ دابینکردنی ژیانێکی باشتر لە ئایەندەدا، ئەوانە و دەیان پرس و چاوەڕوانیی دیکە لە سەر ڕێگای ڕووحانین. ئایا لە توانا و ماهییەتی ناوبراو دایە وادەکانی سەردەمی هەڵبژاردن جێبەجێ بکا و وڵامێکی گونجاوی بۆ ئەو چاوەڕوانیانە هەبێ؟ ڕووحانی لە بەر دەم دوو ڕێیانێک دایە یا دەبێ بەرەی خەڵک هەڵبژێرێ وبە پشتبەستن بەوان کۆسپەکان لە سەر ڕێگای خۆی لابدا، تەنانەت ئەگەر بە لابردنیشی لە پۆستی سەرکۆمارییش تەواو بێ! یا هەر وەک چوار ساڵی ڕابردوو بە بیانوو هێنانەوە و پاساوی جۆراوجۆر کات تێپەر بکا. هیوای ئێمە ئەوەیە گوشار و پێداگریی چین و توێژە جۆراوجۆرەکانی خەڵک، ڕێگای ئەوە بە سەرکۆماری ئێستا و کۆماری ئیسلامی لە تەواوەتیی خۆیدا نەدەن، کە هەر وا درێژە بە پێشێلکردن و پشتگوێخستنی داوا و مافەکانی خەڵک بدەن.
ڕاستییەک کە خەڵکی ئێران دەبێ هەموو کات لە بیریان بێ ئەوەیە کە ڕووحانی یا هەر کەسێکی دیکە، بێ لە ئارادابوونی خەبات و حوزووری خەڵک، سەبارەت بە بەرژەوەندییەکانی کۆماری ئیسلامی یا بە هۆی ئەو کۆسپ و بەربەستانەی بۆیان دروست دەکرێ، بە هاسانی داوا و چاوەڕوانییەکانی خەڵک پشتگوێ دەخەن. بە تایبەتی وەبیر چالاکانی بەشدار لە بزووتنەوەی مەدەنی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانی دێنینەوە کە ئەوە لە مەیداندامانەوە و پیداگریی ئەوان لە سەر داواکانیان بە پشتیوانیی خەڵکی کوردستانە کە دەتوانێ دەسکەوتی لێ بکەوێتەوە نەک هیوابەستن بەم یا ئەو سەرکۆمار و کابینە و کاربەدەستی کۆماری ئیسلامی.
لێرە دایە کە پێویستیی هاوپێوەندی و هاوکاریی هێزە خەباتگێرەکان و تێکۆشەرانی نێوخۆ لە جاران زیاتر خۆ دەنوێنێ. کاتی ئەوە هاتوە کە کار و تیکۆشان و خەباتی حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکان و بەشدارانی خەباتی مەدەنی لە نێوخۆی کوردستان لە ڕاستای یەکتردا بێ. ئەوەندەی دەکەوێتە سەر ڕێکخراوە سیاسییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، پێویستە هەوڵەکانیان بە مەبەستی یەکگرتن و هاوکاری لەگەڵ یەکتر بۆ وەڕێخستنی خەباتێکی جیددیتر بەرامبەر کۆماری ئیسلامی چڕتر بکەنەوە. بە پێی هەموو لێکدانەوەکان کۆماری ئیسلامی لە ئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتیدا بەرەوڕووی گوشاری زیاتر دەبێتەوە و ئەو جێگە و پێگەیەی ئێستا هەیەتی ڕۆژ بە ڕۆژ بەرەو لاوازتر بوون دەچێ. ئەم گوشارە دەرەکییە ئەگەر لەگەڵ گوشاری نێوخۆیی کە بریتییە لە خەباتی چین و توێژە جۆراجۆرەکانی خەڵک بۆ مافەکانیان، هاوکات بێ، بە دڵنیاییەوە کۆماری ئیسلامی دەخاتە دۆخێکی تایبەت و ناچار بە پاشەکشە و ملدان بۆ بەشێک لە داواکانی خەڵکی دەکا. هەر بۆیە پێمان وایە لە ئاستی نیوخۆیی و بەشە جۆراوجۆەرکانی بەشدار لە خەباتی مەدەنییشدا هاوکاری و یەکگرتن و هاوپشتیی یەکتر لە لایەک و، لێک تێگەیشتن و هاوکاری و هاودەنگی و هەماهەنگی لە گەڵ ڕێکخراوە سیاسییەکانی کوردستان بۆ وڵامدانەوە بە هەلومەرجی نوێ، زۆر پێویستە.
هۆگرانی حیزبی دیموکراتی کوردستان!
لە ٧٢ساڵەی دامەزرانی حیزبی دیموکراتی کوردستاندا، دڵنیاتان دەکەینەوە کە حیزبی ئێمە لە سەر خەبات تا وەدیهێنانی ئامانجە ناسراوەکانی، شێلگیر و بەردەوام دەمێنێتەوە. لەم خەباتەشدا وەک هەمیشە بە پشتیوانی و هاوکاریی بێدریغی ئێوە دڵگەرم و هیوادارە. لەم بۆنەیە دا جیی خۆیەتی سڵاو بنێرم بۆ گیانی قازی محەممەد، پێشەوا و دامەزرێنەری حیزبی دیموکراتی کوردستان، هەروەها سڵاو دەنێرم بۆ هەموو ڕێبەران و تێکۆشەران و دڵسۆزانێک کە لە ژێر ئاڵای ئەم حیزبەدا گیانی خۆیان لە پێناوی ئامانجەکانی گەلی کورددا بەخت کرد. سڵاوی ئەمەگناسییش بۆ هەر تێکۆشەر و دڵسۆزێکی کورد لە هەر شوێنێکی کوردستان و جیهان، کە ئاڵای خەباتی حیزبی دیموکراتی کوردستانیان بە شەکاوەیی ڕاگرتوە و هەر بە شەکاوەیی دەیهێڵنەوە.
جارێکی دیکە ٢٥ی گەلاوێژ لە ئێوە پیرۆز. بەو هیوایەی بە خەبات و تێکۆشانی هەمووی ئێمە هۆگران و دڵسۆزانی دیمۆکرات، ساڵی نوێی تەمەنی حیزبی دیموکرات ساڵێکی پڕ لە سەرکەوتن و رووداوی خۆش بێ.
دەفتەری سیاسی حیزبی دیموکراتی کوردستان
٢٥ی گەڵاوێژی١٣٩٦هەتاوی