خالید عه‌زیزی، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان ده‌ڵێ به مافی خۆمانی ده‌زانین به هه‌موو ڕێگایه‌ک، چ نیزامی، چ مه‌ده‌نی، چ جموجۆڵی ته‌شکیلاتی کۆماری ئیسلامی ناچار بکه‌ین ئاوڕ له مافی نه‌ته‌وه‌یی کورد بداته‌وه.
خالید عه‌زیزی له وتووێژ له‌گه‌ڵ ده‌نگی ئه‌مریکادا له پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ جموجۆڵی هاوینی ڕابردووی هێزه‌کانی پێشمه‌رگه‌و ده‌سکه‌وتی حیزب له‌و تێکۆشانه گوتی، ئێمه به هۆی هه‌ندێ مه‌به‌ست ڕاسته‌وخۆ هه‌ڵمان نه‌کوتاوه‌ته سه‌ر هیچ بنکه‌و مۆڵگه‌و هێزێکی ڕێژیم له ناوچه، به‌ڵکوو به‌رگریمان له خۆمان کردوه‌و دهسکهت له‌و نێوه‌شدا ئه‌و به‌رگرییه‌یه که ده‌یان ساڵه خه‌ڵکی کوردستان له به‌رامبه‌ر ده‌سه‌ڵاتی کۆماری ئیسلامی‌دا ده‌یکه‌ن.
سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان له‌و پێوه‌ندییه‌دا به ئاماژه به وتووێژی حیزب له‌گه‌ڵ شووڕای ئه‌منیه‌تی میللیی ئێران له دوو ساڵی ڕابردوودا گوتی ئێمه به ڕاشکاوی به شاندی کۆماری ئیسلامیمان گوتوه که ته‌نیا دانوستان‌و وتووێژ ده‌توانێ چاره‌سه‌ری پرسی کورد له ئێران بێ، هه‌موو مێتۆدێکی خه‌بات، وه‌ک خه‌باتی مه‌ده‌نی، رێکخراوه‌یی، خه‌باتی چهکداریو به‌رگریی چه‌کداریش بۆ خۆمان به ڕه‌وا ده‌زانین تا به گرتنه‌به‌ری ئه‌و شێوازه خه‌باتانه کۆماری ئیسلامی به قه‌ناعه‌ت بگه‌یه‌نین ئاوڕ له کێشه‌ی کورد له ئێران بداته‌وه.
خالید عه‌زیزی گوتی ئێمه به کۆماری ئیسلامیمان گوتوه که ئه‌گه‌ر حاکمییه‌ت ڕێگه بدا له کوردستان حیزبێکی نه‌ته‌وه‌یی ده‌ره‌تانی چالاکی‌و تێکۆشانی ههبێو بوار بۆ هێنانه‌گۆرێی پرسی کوردی پێبدرێ، هیچ پێویست ناکا چهکو شه‌ڕی چه‌کداری بێته گۆڕێ.
سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان پێداگری له‌سه‌ر ئه‌وه کرد که خه‌باتی مهدهنیو به‌رگریی چهکداریو توند‌و تیژ له دژی یه‌ک پێناسه ناکرێن، ئێمه باوه‌ڕمان به چاره‌سه‌ری پرسی کورد له ڕێگای وتووێژ‌و به ئاقاری مه‌ده‌نیدا هه‌یه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر گوێمان لێ نه‌گرن ناچارین مێتۆده‌کانی توند‌و تیژی به‌رگریی چه‌کداریش بگرینه به‌رو له‌وانه‌یه له داهاتوودا زیاتر په‌ره‌ی پێبده‌ین.