کۆڵبەرێکی دیکەی خەڵکی ورمێ لە سنووری شاری شنۆ بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران کوژرا.
هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە سنووری شنۆ کۆڵبەرێکی دیکەی کورد عیزەدین خالیدی، کوڕی عەبدولڕەحمان و دانیشتووی گوندی (بادەکیا)ی ورمێ دایە بەر دەستڕێژی ڕاستەوخۆی گوللە و، بەو هۆیەوە گیان لەدەستدا.
بە وتەی ڕەسووڵ خزری، نوێنەری شارەکانی سەردەشت و پیرانشار لە مەجلیسی ئێران، ٦٨ هەزار کۆڵبەری کورد لە پارێزگا سنوورییەکان خەریکی کاری کۆڵبەرین و لە نێوان ١٦ هەزار هەتا ١٨ هەزار کۆڵبەر لەو دوو شارە بە پیشەی کۆڵبەری خەریکن.
دەوڵەتی حەسەن ڕۆحانی چەند جارێک باسی لە ڕێکخستنی کۆڵبەران و چارەسەر کردنی کێشەی بەردەم کۆڵبەرانی لە سنوورەکان کردووە و هەتا ئێستا هیچ هەنگاوێکی جیددی لەو ڕاستایە هەڵنەگیراوە.
بەپێی ئاماری تۆمارکراو لە ماوەی سێ ڕۆژی ڕابردوودا دوو کۆڵبەر لە سنووری شنۆ بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران گیانیان لەدەست داوە و کۆڵبەرێکی دیکەش بریندار بووە.