پاش لە سێدارەدانی عەلیڕەزا تاجیکی لە گرتووخانەی شاری شیراز، عاسمە جەهانگیر راپۆرتنێری تایبەتی مافی مرۆڤ لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاندووە، لە سێدارەدانی عەلیڕەزا تاجیکی لە تەمەنی مێرمنداڵیدا بەپێچەوانەی کۆنوانسیۆنە نێونەتەوەییەکانە و دادگایی کردنی ئەم کەسە ڕەوتێکی نادادپەروەرانەی تێپەڕ کردووە.
عاسمە جەهانگیری ڕۆژی هەینی ٢٠ی گەلاوێژی ١٣٩٦ی هەتاوی پاش لە سێدارەدانی تاجیکی لە ئێراندا هەڵویستی گرت و گوتی، لە سێدارەدانی عەلیڕەزا تاجیکی کە بە تۆمەتی کوشتنی لاوێکی شیرازی لە تەمەنی ١٥ ساڵەیی مەحکووم کرابوو، پاش ٥ ساڵ لە تەمەنی ٢٠ ساڵی، ڕۆژی ٥شەممە ١٩ی گەلاوێژی ١٣٩٦ی هەتاوی لە زیندانی عادڵ ئابادی شیراز لە سێدارە درا.
لە سێدارەدانی ئەم مێرمنداڵە پاش دوو جار وەدواخستن بەپێچەوانەی کۆنوانسیۆنی مافی منداڵانە کە ئێران ئیمزای کردووە.
هەروەها ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: نیگەرانی من لەوەیە کە عەلیڕەزا لە ژێر ئازار و ئەشکەنجەدا دانی بە تاوانەکەی نابێ، چونکە تاجیکی رایگەیاندبوو کە لە ژێر ئەشکەنجەدا تاوانی کوشتنی وە ئەستۆ گرتووە و لەو بارەوە تا ئێستاشی لەگەڵ بێ هیچ لێکۆڵینەوەیەک نەکراوە.
هەروەها دەفتەری تایبەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند تاجیکی لە پێشێلکردنی مافی هەبوونی پارێزەر و بێخەبەربوونی بنەماڵەکەی لە ماوەی ١٥ ڕۆژ مانەوەی لە ژووری تاکەکەسیی ناڕەزایەتی دەربڕیبوو.
هەروەها جەهانگیر گوتوویەتی: لە ئێران لە ماوەی مانگی ژانوییەدا هەتا ئێستا ٣ مێرمنداڵی دیکە لە سێدارە دراون و ٨٦ منداڵی دیکەش چاوەڕێی ئێعدام دەکەن.
ناوبراو داوای لە حکوومەتی ئیسلامیی ئێران کرد کە مەحکووم کردنی منداڵان بە ئێعدام ڕابگرن و پێبەندی کۆنوانسیۆنە ئیمزاکراوەکان بن.