هاووڵاتیەکی کوردی خەڵکی شاری مەریوان لە کاتی گەشت و گەڕان لە شاخەکانی مەریوان بەهۆی تەقینەوەی مین بە سەختی بریندار بوو.
بە پێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی موکریان هاووڵاتیەکی کورد بە ناوی”لوقمان حەکیمی” تەمەن ٤٦ ، خەڵکی شاری مەریوان بەهۆی تەقینەوەی مینێکی بەجێماو لە شەڕی ٨ ساڵەی نێوان ئێران و عێراق بە سەختی بریندار بوو.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو ڕووداوە ڕایگەیاند: ئەم هاووڵاتییە کوردە لەگەڵ هاوڕێکانی لە کاتی گەشت کردن لە کاتی کۆکردنەوەی دار بۆ ئاگرکردنەوە لە شاخەکانی “کانی خەیاران”بە هۆی تەقینەوەی مین بە سەختی بریندار بوو.
هەروەها بە پێی ئەو ڕاپۆرتە، تەقینەوەی ئەو مینە بۆتەی هۆی ئەوەی کە ئەو هاووڵاتییە چاو و هەروەها دەستی چەپی و سێ قامکی دەستی ڕاستی بە سەختی برینداربێ.
لوقمان حەکیمی ئێستا لە نەخۆشخانەی “فەجری” شاری مەریوان لە ژێرچاوەدێری پزیشکی دایە و پزیشکەکان ئەو نەخۆشخانەیە باسیان لە نالەبار بوونی باری تەندروستی ناوبراو کردووە.
پارێزگاکانی ورمێ، سنە، ئیلام و خووزستان بە پانتایی نزیکەی چوار میلیۆن و ٢٠٠ هێکتار، لانیکەم ١٦ میلیۆن مین لەو زەوییانەدا بوونیان هەیە.
شایانی باسە کۆماری ئیسلامیی ئێران هەتا ئێستا ئامادە نەبووە “پەیمانی ئۆتاوا” ئیمزا بکا. پەیمانی ئۆتاوا دەوڵەتەکان ئەرکدار دەکا پاش تێپەڕینی ١٠ ساڵ لە شەڕ، زەوی و ناوچە شەڕلێدراوەکان لە مین و کەرەسە جەنگییەکان خاوێن بکاتەوە.