رۆژی ٢٠ی گەلاوێژی ١٣٩٦ی هەتاوی، ناوەندی ڤەژینی مەریوان، لەلایەن کەسانێکی نەناسراو ئاگر دراو زیانێکی زۆر لەو ناوەندە فەرگەنگی و هونەرییە کەوتووە.
بەڕێوەبەرانی ئەو ناوەندە چالاک و هەڵسوڕە لەو بارەوە وێڕای پشتڕاست کردنەوەی هەواڵی سووتاندی بنکەی سەرەکیی ڤەژین لە شاری مەریوان روونکردنەوەیەکیان بۆ ڕای گشتی بڵاو کردووتەوە.
لەو ڕوونکردنەوە دا هاتووە؛رۆژی ٢٠ی گەلاوێژی ١٣٩٦ی هەتاوی، لە کاتێکدا کە ڕۆژی پشوو بوو و دەفتەری سەرەکیی ناوەندی فەرهەنگی-هونەریی ڤەژین داخراو بوو، لە یەکێک لە ژوورەکانەوە لەلایەن کەسانی نەناسراوەوە ئاگر لە شوێنەکە بەردرا و لەبەر تەنینەوەی ئاگر هەندێک زیانی ماددی لە شوێنەکە کەوت. دەستەی بەڕێوەبەری ڤەژین لەگەڵ ئاگادار کردنەوەی لایەنە پەیوەندیدارەکان و بەڵگەمەند کردنەوەی ڕووداوەکەدا، بە پشکنینی ئاسەواری ڕووداوەکە، لەبەر نەوت ڕێژکرانی شوێنی ئاگر کەوتنەوەکە (نەبوونی کێشە لە نێو سیستەمی کارەبا و…) بەو ئەنجامە گەیشت کە ئاگر کەوتنەوەکە بە ئەنقەست بووە و کاری دەستێکی ڕەشی دژی کولتوور و ژیانەوە بووە.
لە کۆتایی روونکردنەوەی بەڕێوەبەرایەتی بنکەی ڤەژین وێڕای مەحکوومکردنئ ئەو کار دژە کولتوورە و بە ئەنقەست زانینی ئەو رووداوە ڕایانگەیاندوە کە بە هیچ جۆرێک کۆسپ خستن و کێشەسازکردنی سەرڕێیان هەنگاوەکانیان شل ناکەت و دەڵێین:
ناوەندی ڤەژین ئەو کارە بە هەوڵێکی ترسنۆکانە و دژە کولتوور دەزانێت و هەموو ڕێوشوێنێکی یاسایی دەگرێتە بەر کە بکەرانی ئەو ڕووداوە ئاشکرا بکات و بە سزای تاوانەکەیان بگەیەنێت. بەدڵنیاییەوە هەوڵی ئاوا ترسنۆکانە نەک هەنگاومان شل ناکاتەوە بەڵکوو بە زانینی ئەوەی کە هەوڵەکانمان کەسانی بیرتەسکی کتێبسووتێنی تووڕە کردووە، لە دروست بوونی ڕێگاکەمان دڵنیاتر دەبینەوە و ورەمان بەرزتر دەبێت. ناوەندی ڤەژین بەردەوام بەپشتیوانیی خەڵک و بۆ خەڵک هەنگاوی هەڵگرتووە و ئێستایش بەپشتیوانیی خەڵکەوە سوورتر لە جاران لەپێناو بووژاندنەوەی زمان و کولتووری ناوچەدا دەست پێ دەکاتەوە.
شایانی باسە ناوەندی ڤەژین کە بنکە سەرەکییەکەی لە شاری مەریوانە و لە چەند شاری دیکەی کوردستان بنکە و لقی چالاکی هەیە، یەکێک لەو ناوەندە کوردییە چالاکانەیە کە لە ماوەی چەند ساڵ بوونیدا، بەردەوام لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە هەڕەشەی لێکراوە .
ناوەندی ڤەژین، جیا لە چالاکییەکانی لە بۆنەی نەورۆزدا، تا ئێستاش چەندین خولی زمانی کوردی بە سەرکەوتووییەوە کۆتایی پێهێناوە و لە هەمان کاتیدا چەندین کۆڕ و سمیناری زانستی بە سەرکەوتووانە، بەڕێوە بردووە.
هەروەها بەشێکی بەرچاو لە چالاکانی مەدەنی و فەرهەنگی کورد هاوکات لە گەڵ مەحکوومکردنی ئەو هەوڵە نامەدەنیانە، داویان لە سەرجەم خەڵکی کورد کوردوە کە بەرانبەر بۆ رووداوە بوەستن و پشتیوانی چالاکانی فەرهەنگی ومەدەنی بن.