ئێوارەی رۆژی ١٧ گەلاوێژ ژینگەپارێزانی کورد بە بڵاوکردنەوەی وێنەی ماندووبوونی خۆیان و بەشێک لە جەستەی سووتای شاهۆ هەواڵی دامرکاندنی ئاگرێک کە دوو رۆژ بوو بێشەڵان و دارستانەکانی شاهۆی دەسووتاند، بڵاو کردەوە.
ژینگەپارێزانی کورد لە ناوچە جیاجیاکانی کوردستان دوای بیستنی هەواڵی سووتانی جەنگەڵەکانی شاهۆ خۆیانیان گەیاند شوێنی مەبەست و خۆنەیستانە فریای ژینگەی شاهۆ کەوتن.
ئەگەرچی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە ڕێگرییان دەکرد لە کوژاندنەوەی ئەو ئاگرە، بەڵام ژینگە دۆستان بوێرانە کۆڵیان نەداو بە دەستی بەتاڵ ئاگرێکی بەربەرینیان دامرکاند.
بە پێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی موکریان لە ئاکامی تۆپباران و ئاگربەردانی بەئەنقەست لەلایەن هێزە نیزامییەکانەوە بەشێکی بەرچاو لە دارستانەکانی کێوی شاهۆ لە ناوچەی کامیاران ئاگری گرت و بە هۆی گەرما و نەبوونی ئیمکاناتی پێویست و کەمتەرخەمیی بەرپرسان ئەو ئاگرە دوو رۆژ نەکوژایەوە.
شایانی باسە کە هێزە ئەمنییەکان ڕایانگەیاندوە، کە بە هۆی دەسپێکردنی تۆپبارانی زنجیرە کێوی شاهۆ ڕێگەنادرێ کەس هاتوچۆی ئەو ناوچەیە بکا. بەڵام خەڵکانی خەمخۆر و ژینگەپارێزانی بوێر بە بێ گوێگرتن لە هەڕەشەی لایەنە ئەمنییەکان فریای شاهۆی سەربەرز کەوتن و ئاگرەکەیان کوژاندەوە.