رۆژی ١٧ گەلاوێژ شاندێکی هاوبەشی لە هاوپێوەندییەکانی نیشتمانیی کورد لە سووریە بە سەرپەرەستی “ساڵح بۆزان”بەر پرسی کۆمیتەی هاوپێوەندی لە هەرێمی کوردستان سەردانی نوێنەرایەتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانیان کرد لە شاری هەولێر و، لە لایەن محەممەد حەسەنپوور بەرپرسی نوێنەرایەتیی حدک لە هەولێر و بە وەکاڵت و ئامانج زیبایی جێگری بەرپرسی پێوەندییەکانی حیزب لە هەولێر ، پێشوازییان لێکرا.
لەو دیدارەدا ساڵح بۆزان باسی لە هەلومەرجی ئێستا کوردی رۆژئاوای کردو و پاڵپشتی هەموو لایەنێکی کوردستانی لە خەڵکی رۆژئاوا بە زەروورەت زانی و لەوبارەوە کۆمەڵێک باسی خستەڕوو.
نوێنەرایەتی حدک لە هەولێر پشتیوانی کردن لە کوردانی پارچەکانی دیکە بۆ چارەسەری کێشەکانیان بە ئەرکیكی نەتەوەیی لە قەڵەمدا.
دوایی هەردوو لایەن بە خستنە بەرباسی دۆخی کورد بە گشتی لە هەلومەرجی ئێستادا لەو بارەوە ئاڵوگۆڕی بیر و ڕایان کرد.
لە کۆتایی دا جێگری بەرپرسی پێوەندییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە هەولێر، وێڕای پێشوازی کردن لە هەرچەشنە گفتوگۆ بۆ گەرمتر کردنی پێوەندییەکان نێوان لایەنە سیاسییەکانی کورد، هیوای خواست ئەم چەشنە سەردان و دیدارانە درێژەی هەبێ.