بە پێی ئەو ڕاپۆرتانەی کە لە ناوچە جیاجیاکانی کوردستان بە دەستمان گەیشتوە ماوەیەکە رێژێم دەستی داوەتە میلیتاریزە کردنی کوردستان و بە هێنان و بردنی هێزەچەکدارەکانی کەشێکی ئەمنی بەسەر شارو گوندەکان بەتایبەتی لە ناوچە سنوورییەکان زاڵ کردووە.
لە سەروبەندی ٢٢ی پووشپەڕ بەملاوە سپای پاسداران بە مۆڵدانی هێزەکانی خۆی لە ناوچەکانی کوردستان بەتایبەتی لە مەریوان و مەهاباد و پیرانشار ، دەیهەوێ دۆخی کوردستان نا ئەمن نیشان بدا و، بەو ئەومەبەستەش رووداوی تیرۆریستی ١٧ جۆزەردانی تارانی کردووتە بیانوو یەک بۆ هێنانی هێزێکی زۆر بۆ سەر شار وناوچەکانی سەر سنوور.
لە لایەک دیکەش سپای پاسداران بۆ پێشگرتن لە جموجۆڵی پێشمەرگانە هەموو شوێن و ناوچەیەکی بە هێزەکانی خۆی تەنیوە.
لە حەوتووی ڕابردوو بە پێی هەواڵ و زانیارییەکان هێزێکی زۆر گەیشتوونەتە ناوچە سنوورییەکانی کوردستان بە مەبەستی جۆراجۆر لەوێدا مۆڵدراون.
هەر لەو پێوەندییەدا بە هۆی مانۆڕی نیزامی هێزەچەکدارەکان لە ناوچە سنوورییەکانی کوردستان بەتایبەتی لە مەریوان و ورمێ ئاگربەربووە لە ژینگەو دارستانی ئەو ناوچانەو، خەسارێکی زۆری لە ژینگە کوردستان گەیاندوە. لە چەند رۆژی ڕابردوو جیا لە سووتانی دارستانەکانی ناوچەی ئیلام بەشێکی زۆر لە بێشەڵانی پاڵەنگان و چەند شوێنێک لە هەوار شێخ عەزیز، هانه لار، پەچە ڕەش ،و سوورە لێژە لە ئاگردا سووتان.
هەروەها هێزەکانی سوپای پاسداران بە بیانووی هەبوونی هێزی پێشمەرگە، ئاگریان لە دارستانەکان و بێشەڵانەکانی میراوای ورمێ بەرداوەو، تەنانەت ڕێگە نادەن خەڵک و چالاکانی ژینگەپارێز ئاگرەکە بکوژێننەوە.
لە رووداوی هاوشێوە دوێنێ هەواڵدەریی موکریان لە ڕاپۆرتی تایبەت بە بەردەوامیی سووتان و ئاگربەربوون لە دارستانەکانی شاهۆ لە مەریوان بڵاوی کردەوە ،کە به بۆنەی هەندێ هۆی ئەمنییەتی، هێزه نیزامییەکانی ناوچه ناهێڵن کەس بڕواتە سەر شاخەکانی شاهۆ و ئاگرەکە بکوژێنێتەوە











