دنیای دەوروبەرمان پڕە لەجوانی و ڕەنگاوڕەنگی ئەگەر چاویلکەی ڕەش فڕێ دەین و بەچاوی دڵ سەیری بکەین. سروشتێک کە ناوی ژینگەیە و لەداوێنی خۆیدا دەمان حاوێنێتەوە، هەزاران ڕەمز و ڕازی تێدایە کە پێویستە لێیان تێ بگەین بۆ وەی چێژی زیاتر لە ژیان وەرگرین. نەک هەر سروشت، خودی کۆمەڵی بەشەری سەرچاوەی ئافراندن و داهێنان و خوڵقاندنە کە هەمووی لەپێناو گەشە و بەروەپێشچووندا بەدی دەکرێن. ئەم جیهانەی ئەمڕۆ دەیبینین دوێنێ وا نەبوو. دەستی مرۆڤ ڕۆژبەڕۆژ جوانکاریی تێدا کردوە و نهوهی پێش ئێمە وەک سفرەیەکی هەمەڕەنگ بۆی ڕاخستووین هەتا هەرکەس بە زەوق و ئیشتیای خۆی تامی لێ بکا. ئەوەی ئەمڕۆ ئێمە لێی بەهرەمەندین ئاکامی زەحمەتی نەسلەکانی ڕابوردوویە. ئێمەش کە هەوڵی جوانکاریی زیاتر و گۆڕانکاریی بەرینتر دەدەین بەرەی دوای ئێمە چێژی زیاتری لێ وەر دەگرێ.
مرۆڤ بوونەوەرێکی سەرکێشە. دەیەوێ سەر لەقووڵایی دەریاکان و بەرزایی ئاسمان دەرهێنێ. دەخوازێ ڕازی وجوودی سروشت بدۆزێتەوە و دەستەمۆی بکا. هەوڵی ئەوەیە هەموو شتێک تاقی بکاتەوە و ئاسانکاریی زیاتر بۆ ژیان بکا. لەو پێناوەدا، مرۆڤ سنوور ناناسێ و دەگەڵ هەموو بەربەستێک دەستەو یەخە دەبێ. ئاکامی ئەو گەڕان و تاقیکردنەوە و کەشف و نوێکردنەوەیە، پێکهێنانی ئەم ژینگەیە کە ناوی کۆمەڵی بەشەرییە. ژینگەیەک کە بە هیممەتی مرۆڤایەتی پێک هاتوە و جوانکاریی تێدا کراوە، ئێستا مڵکی ئەم نەسلەیە کە لێی بەهرەمەندین.
ئەم جیهانە پڕ لە ڕەمز و ڕازە هێشتا زۆری ماوە تێی بگەین و لێی حاڵی بین. زۆر کەلێن و قوژبنی ماون بناسرێن و گەلێک سەرچاوەی هەن کە دەبێ بکەونە دەستی مرۆڤ. هێشتا مرۆڤ نەیتوانیوە هەموو بوارەکان بڕەخسێنێ و گشت گرێپووچکەکان بکاتەوە. مرۆڤ، لەم گەڕان و نوێکردنەوەیدا هەرچەند سەرکەوتنی زۆری وەدەست هێناوە کەچی زۆرجاریش موسیبەتی خوڵقاندوە و کاولکاریی وەڕێ خستوە. ئەم جیهانە هەمووی هەر خەندە و پێکەنین نیە، گریانیشی تێدایە. گشتی تریفە و ڕۆشنایی نیە، شەوەزەنگ و نەهامەتیشی تێدایە. هەتا قاقایەک دەکەوێتە سەر لێو، چەندین دڵۆپە فرمێسکیش هەڵ دەوەرن. دەگەڵ هەر نەعرەتەیەکی ڕاپەڕین، نووزەیەکی لەپێکەوتنیش دەبیسرێ. هەتا گوڵێک دەپشکوێ، یەکیش سیس دەبێ. لەدایکبوونی هەر کۆرپەیەک، کۆچی ئەبەدیی بەساڵداچوویەکی بەدواوەیە….
لەم گەڕی بێ بڕانەوەی چەرخی گەردوون و ئەو گشت خوڵقاندنەی دەستی بەشەردا ئەوەی زیاتر ترووسکایی دێ و موژدەی بەروپێشچوونی پێیە، نەوەستان و لەپێ نەکەوتنە. هیوا بەدواڕۆژی ڕوون و پلانی چاکسازیی زیاتر بۆ ژیانێکی خۆشتر، فەلسەفەی وجوودیی مرۆڤە. هەرکات هیوا نەما ژیانیش ڕادەوەستێ. کە پلان نەبێ نەزمی ژیان تێک دەچێ. جووڵەی بەشەر سەرچاوەی ئاڵوگۆڕ پێکهێنانە. چرکە بە چرکەی جووڵەی ئینسان پڕە لە دەستڕاگەیشتن بە شتی نوێ. کە چاو لەنەزمی کۆمەڵ دەکەی و دەبینی ئەو میلیارد میلیارد ئینسانە خەریکی جموجۆڵن و هەرکەس سەری بە کارێکەوە گەرمە، بەو حەقیقەتە پەی دەبەی کە نەزمی کۆمەڵ زۆر وەستایانە شکڵی گرتوە. هەر ئەو نەزم و پێکەوە کار کردنەشە هێز و گوڕوتینی زیاتر دەبەخشێ و زۆر نامومکین، مومکین دەکا. وردبوونەوە لەو نەزم و پێکەوە کارکردنە ئەزموونی زیاترمان پێ دەبەخشێ و بۆ کاری باشتر زیاترمان هان دەدا.
ئەم گۆشەیە کە ناوی” لە هەر باخەی گوڵێک”ی بۆ داندراوە هەوڵ دەدا هەر جارەی ڕوو لەباخێکی ڕەنگاوڕەنگی ئەم جیهانە بکا و گوڵێکی بۆنخۆش بەدیاریی بۆ خوێنەرانی بێنێ. لەم گۆشەیەدا هیچ بەربەستێک بۆ هەڵبژاردن نیە و سنوورێک بۆ گەڕان بەدی ناکرێ. جوانییەکانی ژیان هێندە زۆرن بە هەزاران گۆشەی ئاوا پڕ ناکرێنەوە. ڕەنگاوڕەنگیی بابەتەکان بە ڕادەیەکن قەت هیچ شتێک دووپاتە ناکرێتەوە. هێندە باخی ڕازاوە و گوڵی جۆراوجۆر لە دەوروبەرمان هەن بۆ چنینی گوڵێک قەت پەکمان ناکەوێ. گرینگ ئەوەیە ئاسۆی ڕوانینمان دیار بێ و بزانین خوێنەری کورد زمان لە کام باخ چاکتر دەحەسێتەوە و بە بۆنی کام گوڵ سەر مەستتر دەبێ. هەڵبەت وەک نەریتی ڕۆژنامەیەکی لەحاڵی خەباتدا دیارە هەوڵ دەدرێ دیارییەکان ڕەنگ و بۆنی کوردانەیان پێوە بێ و ببنە پاڵپشتی ئەو تێکۆشەرانەی بۆ ڕزگاریی گەلەکەیان خۆیان ماندوو دەکەن.
دوو حەوتوو داهاتووتان خۆش و بە هیوای دیدار.
سەرچاوە: ڕۆژنامەی کوردستان ژمارە ٧٠٧.