گێژەڵۆکەی بەفر بە توندی خوی لوول ئەکرد و ئەیکێشا بە ناو چاوماندا. کزەی سەرما وەک دەرزی جلەکانی ئەسمین و قەپی بە پێستی لەشی ماندووماندا ئەکرد. لە سەر جادەکە چاومان بە تابلۆیەک کەوت لە سەری نووسرابوو ‹›وشکەڵان››. دوای چەند چپە و سرتەیەکی بەرپرسان، پێشمەرگەکان ڕێچکەیان بەست ڕوو بە ئاوایی. تیمێکی چەندکەسی بە مەودایەکی کەم لە پێشەوە دەڕویشتن و ڕچەی سەختی کلیلەی بەفرەکەیان دەشکاند.
مامۆ ئەزغەر لە پێشەوەی دەستەی دووهەمەوە ئەڕویشت و تاوناتاوێک دادەنیشت تا ئەو مەودا دیاریکراوە ڕابگرێ کە بڕیاربوو لە نێوان ئێمە و دەستەی پێشڕەودا هەمان بێ. سەگوەڕێکی نێو ئاوایی، نرکەی ترسێنەری چەند دەستڕێژ و لێشاوی کۆمەڵێک گولە ڕوو بە رێچکەی پێشمەرگەکان، هەموو شیرازەی خیاڵی ئەمن و ریزی رێکوپێکی هاوڕێیانی لێک هەڵوەشاند. لە سەر جادە، ڕاست لەو شوێنەی کە تابلۆیەکەمان بینی کۆبووینەوە. مامۆ ئەسغەر دەستی بریندار و وەک فوارە خوێن لە باسکییەوە فیشقەی دەبەست. بە ڕەشتییە کاڵ و هەورامیانەکەی باڵمان بەست و دوای گەیشتنی هاوڕێیانی دیکە بۆمان دەرکەوت کە دوو کەس لە هاوڕییانمان (ئەنوەر و جوبرەییل) لە یەکەم تەقەدا بەرکەوتوون. ئێمەش ڕێگای گوندی شاسوارمان گرتەبەر.
زیاتر لە حەوتوویەک بە سەر دەراوەکەی وشکەڵان و کەمینە پڕمەترسییەکەیدا تێ پەڕیبوو. هەموو ئەم حەوتوویە بۆ ئێمە لە هەڵات هەڵات و مانەوە لە نێو بەفردا تێپەڕی. هەوای سارد، برسیەتی و نەبوونی دوکتۆر و دەرمانی پیویست، تێکڕا بوونە هۆی چلککردن و هەڵماسینی باڵ و بە تایبەتی پەنجە بریندارەکانی مامۆ ئەزغەر و ڕۆژ لە دوای رۆژیش ئاسەواری خراپتری لێ دەردەکەوت. شەڕی نیوان ئێمە و کۆمەڵەش بوو. شەڕێک کە ڕۆژانە لە بانەوە تا مەریوان بەردەوام هاوڕێی ئازیز و خوشەویستی لێ دەسەندین. لە نێو ئاوایی تەنگباخ، لە دۆڵێکی تەنگەبەر و پڕ لە بەفری ناوچەی بەرپلەی مەریواندا گیرمان خواردبوو. کۆمەڵە دەوری گرتبوین و داوای تەسلیمبوونی لێ دەکردین.
ئێوارەیەکی ساردی زوقمستانی ١٣٦٣ بوو. شەش شەو و رۆژی درێژ و گەلێک تاڵمان لە گەمارۆی هێزێکی دیکەی کوردیدا بردەسەر. سەعاتی 9ی شەوی حەوتەم، کە ڕاست دەیکردە شەوی چلەی زۆسان، وەک دوا سات و فورسەت لە لایان گەمارۆدەرانمانەوە دیاری کرابوو تا لە بەینی مەرگی حەتمی و تەسلیمبووندا یەکێکیان هەڵبژێرین.
ئێمە نەچووینە ژێر باری داوای زاڵمانەی ئەوان و خۆمان بە دوای رێگایەکی دیکەدا گەڕاین. ڕێگای پەنابردن بۆ دۆستی هەردەم وەفادار، کێوەکانی کوردستان کە لەو وەرز و دەمساڵەدا زۆریش دۆستانە نەدەهاتنە بەرچاو. ڕێگای رویشتن بۆ چلچەمە کە بەرزترین شاخی گشت ناوچەیە و بە هاوینیش سارد و مانەوەی بە شەو تێدا زەحمەتە. هەموو شەوەکەی و چەند سەعاتێک لە رۆژی دواییش، ئێمە بەدەم زوقم و سەرماوە رێگامان بڕی و بە دوای دیتنەوەی رێگایەکەوە بووین کە بمانگەیینێتە ئاوەدانییەک.
لە کۆتاییەکانی ئەم رێگا دژوارەدا، بەهێزترین کەسەکانی نێومان لە هێز و حەرەکەت کەوتن و سەرجەمی کاروانەکەمان کە نزیک بە حەفتا کەسێک ئەبووین، بە زەحمەت درێژەمان بە ڕێگارویشتن ئەدا و کاتێکیش گەیشتینە گوندی نەرگسەڵە، نیوەمان وەک نیوەمردوو توانای خۆمان لە دەست دابوو. بەڵام وەک دیرۆکی تاڵی کورد بە جار و کەڕەتان دەیگێڕێتەوە، ئێمەش لە ئامێزی خەڵکێکی هەژار، بەڵام فرە دڵسۆز دا حەساینەوە، هێزمان هاتەوە بەر و دیسانەوە درێژەمان بە ڕێگا و خەباتی سەختمان دایەوە.
مامۆ ئەزغەر، لە کاتێکدا دەستە بریندارەکەی، بە ڕەشتیە کاڵ و ڕەنگینەکەی بە ملیدا شۆڕ کردبووەوە، هەوڵی ئەدا نەبێتە سەرباری کاروانە ماندووەکەمان، بە چنگ و نینۆک خۆی ڕادەکێشا و هەوڵی ئەدا قامکەکانی، کە گەورە و رەشهەڵگەڕابوون، لە ئێمە بشارێتەوە و بە بینینی باری گرانی، دڵتەنگ و ناڕەحەت نەبین. سێ دانە لە ئەنگوستەکانی دەستی چەپی هیچ هەستێکیان تێدا نەمابوو و بە تەواوی رەش ببوون.
بۆ خوی بە دزی ئێمەوە هەر کە فرسەتێکی دەست دەکەوت، بە چەقۆیەکی باریکی سوور کە لە گیرفانیدا بوو، ئارام ئارام و بەدەم پێکەنینێکی شیرینەوە، ڕەشاییەکەیانی ئەبڕی و لە سەرەخۆ ئەیوت: نایەڵم ڕەشیەکەیان فرە بێ و بێتە سەر، چوونکە ئەودەم دوکتۆرەکان ناچار هەموو باڵم دەبڕنەوە……
سەرچاوە: ڕۆژنامەی کوردستان ژمارە ٧٠٧.