وەزیری نێوخۆی ئێران له كاردانەوە به ڕووداوی هۆتێل تارای مەهابادو تووڕە بوونو خرۆشانی خەڵكی ئەم شارە لە بابەت ئەم كارەساتە، باسی لە ناردنی گرووپێكی لێكۆڵەر بۆ تاوتوێكردنی ئەم بابهته کردوه. ئهو دهڵێ لە ڕەوتی ئەم ڕووداوەدا ٢١ كەس لە هێزە ئینتیزامییەکان بریندار بوون، بەڵام بەو حاڵەش ئەوان وەدەست نەهاتوونو تەقەیان لە خەڵک نەکردوە و توندو تیژییان نەنواندوە.
عەبدولڕەزا ڕەحمانی فەزڵی هەروەها دهڵێ ئەگەر بە مشوورخواردنی بەجێ و یارمەتیكردنی پیاوماقووڵانو بڕواپێكراوانی خۆجێیی لە مەهاباد نەبوایە، بە دڵنیاییەوە ئەم مەسەلە شەخسییە دەبوو بە مەسەلەیەكی ئەمنیەتی كە زیانێكی یەكجار زۆری بەدوادا دەهات.
ئەم قسانەی ڕەحمانی فەزڵی سەبارەت بە دان بهخۆداگرتنی هێزە ئینتزامییەكان لە حاڵێك دایە كە هێزە چەكدارەكان وێڕای لیباس شەخسییەكان خەڵكی ناڕازی شارەكانی مەهابادو سەردەشتیان وەبەر ئاگری گوللە داوەو بە دەیان كەس لە خەڵكی شاری مەهاباد بەدوای ئەم هەوڵە توندوتیژانەی مەئموورەكانی ڕێژیمدا زۆر بە توندی بریندار بوونو بارودۆخی تەندروستی كۆمەڵێك لەوان ناجێگیرە.
لهلایهکی دیکهوه 3 ڕۆژ بەر لەم قسانەی وەزیری نێوخۆی ئێران، عەلیڕەزا ڕادفەر، جێگری سیاسیی – ئەمنەیتیی پارێزگای ورمێ گوتبووی بەدوای ئاڵۆزییەكانی شاری مەهاباددا، ٢٥ كەس بریندار بوونو تا ئێستاش لێدوانه دژ به یهکهکانی کاربهدهستان کۆماری ئیسلامی لهو پێوهندییهدا درێژهی ههیه.
هەروەها وەزیری نێوخۆ لە حاڵێكدا ڕووداوی مەهاباد بە شتێكی شەخسی لە قەڵەم دەدا، كە ڕۆژێك پێشتر غوڵامڕەزا مۆحسێنیی ئێژەیی، جێگری یەكەمی دەزگای قەزایی ئیدیعای كردبوو كە ڕووداوی مەهاباد بەهۆی ورووژاندنی حیزبەكانی دێمۆكراتو كۆمەڵە، لە ڕۆژاوای ئێران قەیرانێكی ئەمنیەتیی قووڵی خوڵقاندووە.
وەزیری نێوخۆی ئێران هەروەها دهڵێ كە فەریناز خوسرەوانی بەهۆی بوونی پێوەندیی شهخسی لەگەڵ تاوانباری ئەم پەروەندەیە كە ویستوویەتی خوازبێنی لێ بكا، لە بارودۆخێكدا بەهۆی ترسو دڵەڕاوكێ لە نهۆمی چوارەمەوە هەوڵی دەرباز بوون لە ڕێگەی پەنجەرەی داوە، بەڵام كۆنتڕۆڵی خۆی لە دەست داوە و بەربۆتەوە خوارێ، بهڵام بهڵگهو شایهتحاڵهکان پێچهوانهی ئهو قسانه باس دهکهن.