دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامیی ئێران حوکمی ئێعدامی دوو بەندکراوی دیکەی کورد خەڵکی شارەکانی ورمێ و نەغەدە لە زیندانیی ناوەندەیی شاری ورمێ بەڕێوە برد.
بەرلە بەیانیی ئەمڕۆ ، دوو بەندکرای کورد بە ناوەکانی “سەعیدپوور هورموزی” و ” حوسێن شاهینی” خەڵکی شارەکانی ورمێ و نەغەدە، لە لایەن بەرپرسانی زیندانیی ناوەندیی شاری ورمێ ئێعدام کران.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، دادستانی گشتیی ئێران داوای لێبوردنی بۆ سەعیدپوور هورموزی کردبوو، بەڵام ئەو داوایە لە لایەن کۆمیسیۆنی لێبوردنی پارێزگاوە ڕەد کرابووە.
دەزگای قەزایی کۆماری ئێران حوکمی ئێعدامی ئەو دوو هاووڵاتییە کوردەی بە تاوانی پێوەندیدار بە ماددەی سڕکەر دەرکرووە.
هەر لەو پەیوەندییەدا،حەوتووی ڕابردوو، سێ بەندکرای دیکەی کورد خەڵکی شارەکانی ورمێ و مەهاباد بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست و بازرگانی کردن بە ماددەی هۆشبەر، لە زیندانی ناوەندی شاری ورمێ لە سێدارە دران.
فەتاح ئەمینی بە تاوانی کوشتنی بە ئەنقەست و فەرهاد مووسازادە و داوود ماڵدار بە تۆمەتی بازرگانی کردن بە ماددەی هۆشبەر لە سێدرا درابوون.
بەپێی لێدوانی بەرپرسانی حکوومەتی ئێرانیش زۆربەی ئێعدام کراوەکان کەسانێک بوون کە بە تاوانی پەیوەندیدار بە ماددەی سڕکەر ئێعدام کراون.
کۆماری ئیسلامیی ئێران پاش چین لە بواری ئێعدامکردنی خەڵکی وڵاتەکەی دووهەمین وڵاتە لە ئاستی جیهاندا.











