مامۆستا حەسەن ئەمینی کەسایەتیی ئایینی شاری سنە رایگەیاند ڕووداوی گیان لە دەستدانی فەریناز خوسرەوانی جینایەتەو مەحکوومی دەکەم.
مامۆستا حەسەن ئەمینی کە شەوی رابردوو بەشداری لە بەرنامەی ئەمرۆی رۆژهەڵات لە کوردکاناڵدا کردبوو، لە قسەکانیدا رایگەیاند کە بە پێی شەریعەتی ئیسلام کوشتنی هەر کەسێکی بێ تاوان کوشتنی مرۆڤایەتیە. مامۆستا ئەمینی کە بە تەلەفۆن لە شاری سنەوە قسەی دەکرد لە درێژەدا گوتی ئەو کارەساتەی بۆ فەریناز خوسرەوانی ڕووی داوە جینایەتەو مەحکوومی دەکەم.
مامۆستا ئەمینی هەروەها داوای لە خەڵک کرد بە شێوەیەکی ئارامو مەدەنی لە ناڕەزایەتییەکانیان بەردەوام بن، بەڵام بیانووی سورکوتکردن بە دەست هیچ هێزێکەوە نەدە.
مامۆستا ئەمینی هەروەها داوای لە بەرپرسانی قەزایی کۆماری ئیسلامی کرد کە هەرچی زووتر راستییەکان بۆ خەڵک روون کەنەوەو تاوانباران بە سزای خۆیان بگەیەنن.
بەڕێزیان دەڵێ ئەوە فەریناز نەبوو کە بە خۆکوشتنی کۆتایی بە ژیانی پڕ لە خۆزیاو هیوای کچێکی لاو هێنا، بەڵکوو ئەوە جینایەتکارێکی گڵاوی داوێن پیس بوو کە ئەوی ناچار کرد لە نێوان فیداکردنی پاکیو شەڕەف یان گیانی یەکیان هەڵبژێرێ.
ماموستا حەسەن ئەمینی وێڕای سەرەخۆشی لە بنەماڵەی خوسرەوانی داوای بەدواداچوون بۆ ئەو باسەی بە شێوەی مەدەنی لەلایەن هەموو خەڵکی کوردستانەوە کردوە.