کوردانی دانیشتووی باشووری سۆئێد، بۆ پشتگیری لە خەڵکی شاری مەهاباد، لە شاری مالمۆ، کۆبوونەوەیەکیان وەڕێ خست.
ڕۆژی یەکشەممە، ٢٠ ی بانەمەڕ لە سەر بانگهشێتی کومیتەی حیزبی دیموکراتی کوردستانو بە پشتگیری و بە پیرەوە هاتنی کومیتەی هاوکاری کومەڵە کوردییەکان لەو ناوچەیە و بەمەبەستی پشتیوانی لە خەڵکی ڕاپەڕیوی شاری مەهابادو هەروەها ڕیسوا کردنی سیاسەتی دژ بە کورد لەلایەن ڕێژیمی ئیسلامیی ئێڕان، کۆمەڵێکی بەرچاو لە کوردستانیانی هەر چوار پارچەی کوردستان نیشتەجێ لە باشووری وڵاتی سۆئێد، لە شاری مالمو کۆبوونەوە.
لەو کۆبوونەوەیەدا شێرزاد خەراجیان وەک یەکێک لە ڕێکخەرانی ئەو خۆپیشاندانە لە پێوەندی لەگەڵ ڕووداوی گیان لە دەستدانی فەریناز و ڕووداوەکانی ڕۆژانی دوایی مەهابادو شارەکانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان قسەی کردو بە دوای ئەودا بێهروز هەمزەیی، بەپرسی کومیتەی حیزبی دیموکراتی کوردستان لە ناوچەی سکۆنە، وتارێکی سەبارەت بە ڕووداوەکە خوێندەوە.
لە بڕگەیەکی دیکەی ئەو ریوڕەسمەدا پارچە سروودێک لە لایەن هونەمەندی دەنگی خۆش “جەمال فەتحیان”ەوە پێشکەش کرا. دوابەدوای ئەو ئازاد بانەیی بەیاننامەی دەفتەری سیاسیی حیزبی دیموکراتی کوردستانی لەسەر ئەو ڕووداوە پێشکێش کردو لە درێژەی بەرنامەکەدا چەند وتارو بابەتی دیکە لە ڕەوتی ئەو کۆبوونەوەیەدا خوێندرانەوە.
پێویست بە ئاماژەیە کە ئامادە بووان بە دانی دەیان دروشمی جۆراوجۆر دژ بە ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانو مەحکومکردنی ڕووداوی مەرگی فەریناز پشتگیری خەڵکی خۆڕاگری شاری مەهابادیان کردو دەیان بەیاننامە کە لەو پەیوەندی دا لە لایەن کومیتەی حیزبی دیموکراتی کوردستان لە سکۆنە بە زمانی سۆئێید ئامادەو چاپ کرابوون، بە سەر ڕێبوارانی ئەو گۆڕەپانە دا دابەش کران. ئەو خۆپیشاندان و کۆبوونە ناڕەزایەتییە کاتژمێر ٢ بە کاتی سۆئێد بە سروودی دوژمن شکێنی ئەر ڕەقیب کۆتایی پێ هات.
شایانی باسە باسە کە نوێنەرایەتی بەشێکی زۆر لە حیزب و ڕێکخراوە کوردستانییەکان لەو کۆبوونەوەیە دا بەشدار بوون کە بریتی بوون لە:
حیزبی دیموکراتی کوردستان، بزووتنەوەی گۆڕان، پارتی کرێکارانی کوردستان، پارتی دیموکراتی کوردستانو یەکێتی نیشتمانی کوردستان