جێگری نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق “یۆنامی” ئاشکرای کرد ئێمە ڕێز لە ئیرادە و ویستی خەڵکی هەرێمی کوردستان بۆ بەڕێوەچوونی ڕاپرسی بۆ سەربەخۆیی کوردستان دەگرین، لەو باوەڕە داین دەبێ گرفت و ناکۆکییەکان لەگەڵ بەغدا لەڕێگەی وتووێژ و لێک تێگەیشتنەوە چارەسەر بکرێن.
جۆرج بۆستن، لە لێدوانێکی تایبەتدا ڕایگەیاند: “ئەوان لە نزیکەوە چاودێریی دۆخی ناوچەکە دەکەن و لەوە باش ئاگادارن کە هەرێمی کوردستان ڕۆژی ٣ی ڕەزبەری ئەمساڵی بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم دەستنیشان کردووە و هیوادارین هەموو هەنگاوەکان بۆ گەیشتن بەم ئامانجە لەڕێگەی تێگەیشتنەوە هەڵبگیرێن”.
دوێنێ یەکشەممە ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆم بە سەرپەرەشتیی مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە سەڵاحەین کۆ بووەوە و تێیدا جیا لە هەڵبژاردنی چەند کەسێک بۆ پۆستەکانی ئەنجومەنی باڵا و کۆمیتەکانی ڕیفراندۆم هاوکات بڕیار درا لە ماوەی دوو هەفتەی داهاتوودا پارلمانی کوردستان وەکار بخرێتەوە.











