خەڵکی چەند ئاوایی پاوە لە هەمبەر کەمتەرخەمیی کاربەدستانی شارەداری و ناوەندەکانی بێهداشتی سەبارەت بە لە ناوبردن و سووتاندنی زبڵ وزاڵ بە شێوەی خراپ و زیانبار لەو بارەوە خۆێشاندانیان وەڕێخست.
گوندەکانی بانەورە، ئارێت ومێوان سەر بە شارۆچکەی باینگانی شاری پاوە لە خۆپێشاندانێکدا بەرانبەر بە گرینگی نەدانی کاربەدەستان لەشێوەی چاڵکردن و لەناوبردنی زبڵ وپاشماکاوەن لە دەوروبەری ئەو چەند ئاواییە و ژینگەی ناوچەکە نارەزایەتیان دەربڕی.
لەو گردبوونەوە نارەزایەتییەدا کە رۆژی ٧ی گەلاوێژ بەڕێوەچوو، ئامادەبووان بە نیسبەت سووتاندنی نازانستیانەو چاڵکردنی ناستانداردی پاشماوەکان لە دەورو بەری ژینگەی خۆیان نارەزایەتیان دەربڕی و داوایان لە بەرپرسان کرد کە لە زووترین کات چارەسەری ئەو کێشە ژینگەییە بکەن و لەوە زیاتر باری سڵامەتی وتەندرووستی ئەوان نەخەنە مەترسییەوە.
شیاوی باسە بەشێوە ناستاندارد چاڵکردنی زبڵ وزاڵەکان ئاسەواری زیانباری هەیە بەسەر خەڵکانی نزیک بەو شوێنەو هەرئەمەش بۆتە هۆی نارەزایەتی دەربڕینی خەلکی چەند گوندی پاوەو لە بەردەم بینای شارەداری ئەوشارە کۆ بوونەوە.
لەو کۆبوونەوە ئیعتیرازییەدا ئامادەبووان بە هەڵگرتنی تراکت ونووسراوەی پێوەندیدار سووتاندنی زبڵ وزاڵەکانانیان بە دوژمن و مەترسی سەرەکیی ژینگە زانی.
جێی وەبیرهێنانەوەیە چەند مانگ لەمەوپێش خەڵکی ناوچەی سماقانی مەریوانیش بۆ پێشگرتن لە کارەساتی ژینگەیی هاوشێوە، بۆ ماوەی زیاتر لە یەک مانگ لە دۆڵی سماقان مانیانگرت.
کارناسانی بواری بێهداشتی دەڵێین: پێوێستە زبڵ وزاڵەکان بە پێی ڕادەی زیانیان بۆ سەر خەڵک و ژینگە لەیەک جیا بکرێتەوە و لە کارگەو کارخانەی تایبەت کەڵکیان لێی وەبگیردرێ، پەرش وبڵا کردنی زبڵ وزاڵ و سووتاندنیان ، جگە لەوەی خەسارێکی ژینگەییە، لەسەر تەندروستی خەڵک بەتایبەتی منداڵان کاریگەریی خراپتری هەیە.











