دوای کارەساتی دڵتەزێنی ئاگر گرتنی قوتابخانەی ئاوایی شیناوێ لە پیرانشار و قوربانیی بوونی پۆلێک منداڵ، دوای تێپەڕبوونی ٥ساڵ بەسەر ئەو رووداوە هێشتاکە زیانوەبەرکەوتووان و بنەماڵەکانیان بە دەردی چارەسەری پزیشکییەوە دەناڵێنن.
جیا لە کەمتەرخەمییەکان لەوبارەوە بە پێی هێندێک زانیاری کە بە دەستی “کوردستان وکورد”گەیشتوە هەڵاواردن و خەمساری بەرپرسانی پێوەندیدار بە دۆخی منداڵانی زیانوەبەرکەوتوو، بنەماڵەکانیانی لە گەڵ ئازارێکی دیکە رووبەروو کردوتەوە.
لە تازەترین هەواڵ لەوبارەوە بە پێی پیلانێکی دیکە بەرپرسان بە دانانی فەرق وجیاوازی لەنێو ئەو منداڵانە کە ئێستا هەر کام لەوان خاتوونێکن بە هیوای سازکردنی ناکۆکی نێوان بنەماڵەکانیاندان.
کەسێکی ئاگادار لەوبارەوە ڕایگەیاند: بەشیوەی ئەنقەسەت کاربەدەستانی رێژیم بەچەن کەس لە زیان وەبەرکەوتووەکان گرینگی زیاتر دەدەن و ئەم هەڵاواردنە ناکۆکیی خستووتە نێوان بنەماڵەکانیانەوە.
چەند شەو لەمەوپێش یەکێک لە منداڵانی شێناوێ کە تووشی تەنگی نەفەس وهەناسەبڕکێ دەبێ و، هەرچەند پێوەندی بە پزیشکەکەیەوە دەکەن وەڵامیان ناداتەوە.
جێی وەبیرهێنانەوەیە پاییزی ساڵی ٩١ لە شوێنی وانەگوتنەوە بە منداڵان لە گوندی شیناوێ بەناو قوتابخانە کە زیاتر لە سیاچاڵ دەچوو تا فێرگە و شوێنی وانەگوتنەوە ئاگربەردەبێ و، لەو رووداوە دڵتەزینەدا ٢٤ منداڵ دەبنە قوربانی و بەداخەوە دووکەسیان گیانیان لەدەستدا.











