بە گوێرەی هەواڵێک کە لە ناوچەی تیلەکۆ پێمان گەیشتوە، ڕۆژی هەینیی ڕابردوو، کاک محەممەد ڕەحیم ڕەزایی، خەڵکی ئاوایی “بەردەڕەشە”، سەر بە ناوچەی تیلەکۆی سەقز، لە تەمەنی ٦٠ ساڵی دا، بە هۆی ڕاوەستانی دڵ کۆچی دوایی کرد.
کاک محەممەد رەحیم ڕەزایی کەسێکی دڵسۆز و نیشتمانپەروەر و حیزبدۆست بوو. لە ماوەی دوو دەیەی ڕابردوو دا، زۆر جار پشتیوان و هاوکاری تێکۆشەرانی ئاشکرا و ئەندامانی ڕێکخستنە نهێنییەکانی حیزب لە ناوچەی تیلەکۆ بوو. جگە لەوەی بۆ خۆی سەربەرزانە و شەرافەتمەندانە دەژیا، هەمیشە هاندەری لاوەکان بوو بۆ نیشتمانپەەروەری و ژیان بە سەربەرزی و دووری کردن لە خۆفرۆشی و خەیانەت بە نەتەوە و نیشتمانەکەیان.
ناوەندی ڕاگەیەندنی حیزبی دیموکراتی کوردستان بەم بۆنەیەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵەی بەڕیزی کاک محەممەد ڕەحیم ڕەزایی، خەڵکی ئاوایی “بەردەرەشە” و ناوچەی تیلەکۆ دەکا و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێ.











