ئەمڕۆژانە چەند لێدوانێکی حەمید بەقایی و رەحیمی مەشایی دوو کەس لە راوێژکاران و نزیکانی مەحموودی ئەحمەدینژاد، سەرکۆماری پێشووی ڕێژیمی ئێران، کۆمەڵە باسێکی لە گۆڕەپانی سیاسیی ئیراندا خوڵقاندوو کە جێی سەرنج و لێوردبوونەوەن. حەمید بەقایی کە لە کابینەی دەوڵەتی ئەحمەدینژاددا، جێگری ناوبراو بوو، دوای بەربوونی لە زیندان بە دانانی بارمتە، زنجیرە هێرشێکی کردۆتە سەر دەزگای قەزایی رێژیم و ئەم دەزگایە بە فاسد و گەندەڵ ناوزەد دەکات و هەروەها باس لە کۆمەڵێک پێشێلکاری و بوونی ناعەداڵەتی لە سیستەمی کۆماری ئیسلامی ئێراندا دەکات و ڕاشکاوانە رادەگەیەنێ کە چیدیکە بێدەنگ نابن. ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا بە بێ ئەوەی ناوی کەس بێنێ، دەڵێ؛ “دڵنیا بن کە بەروو رووخان و لەنێوچوون دەچن.”
هەر لەم پێوەندییەدا لە پێشوازیی لە بەربوونی بەقایی لە زینداندا، ڕەحیم مەشایی کە بە تێئۆریسێنی رەوتی ئەحمەدینژاد دەناسرێ، وێڕای دووپاتکردنەوەی ئیدیعاو رەخنەکانی بەقایی لە سەر بوونی زوڵم و فەسادو گەندەڵێ لە سیستەمی بەڕێوەبەریی وڵاتدا، ئەویش رایگەیاند کە “سەردەمی بێدەنگی و کپبوون تەواو بووەو بی ئەوەی لە هیچ بترسێین دێینە مەیدان و دژ بە زوڵم و ستەم، بە پشتیوانی خەڵک ڕادەپەڕین.”!!
بێ ئەوەی لەبیری بکەین کە دەوڵەتی ئەحمەدینژدا بە راوێژکاریی هەر ئەم دوو جەنابە، چەندەیان کۆمەڵگای ئێران بەرەوداوە گەڕاندەوەو چەندەیان زەربە لە کۆمەڵگای مەدەنی لەم وڵاتە داو چەندەیان ناوەندە زانستییەکان میلیتاریزەکرد و چەندەیان زەربە لە پێگەی ئینسانیی خەڵکی ئێران لە کۆڕو کۆمەڵە نێونەتەوەییەکاندا و چەندەیان بنەما ئابوورییەکانی ئەم وڵاتە لەرزۆک کردو چەندەیان دەسەڵاتی سیاسی و ئابووری بە باندێکی سەرکوتکەری مافیایی وەک سپای پاسداران بەخشی و هەروەها چەندەیان زیاتر لە جاران و هەمیشە سیاسەتی سەرکوت و ئێعدام لە کوردستان رەچاوکرد، بەڵام ناکرێ هەروا بە ئاسانی بەلای بوونی ئەم رەوتە (دایرەی ئەحمەدینژاد)دا تێپەڕ بین.
لە گەڵ ئەوەیکە بەشی زۆری هێرش و رەخنەکانی ئەم دواییانەی بەقایی و مەشایی رووی لە دەزگای دادوەریی رێژیمە، بەڵام لە نێو قسەو لێدوانەکانیاندا دیارە کە تەشەر لە لایەنێکی نادیاریش دەگیردرێ کە ناتوانێ لە بەیتی رێبەری و بە دیاریکراوی جیا خامنەیی کەسێکی دیکە بێت. هەر خودی هێرش کردنە سەر دەزگای قەزایی و تەوهینکردنی ئاشکرا بە سەرۆک و وتەبێژی ئەم دەزگایە، بە جۆرێک لە جۆرەکان هیرش بردنە بۆ رێبەر نیزام، چونکی بەرپرسی ئەم دەزگایە لە لایەن خودی خامنەییەوە دیاری دەکرێ و هەر ئەوەیشە کە چاودێری راستەخۆی ئەم دەزگایە دەکات.
ناکۆکیی نێوان رەوتی ئەحمەدینژاد لە لێدوانی ئەم دووکەسەی نزیک لە ئەحمەدینژادەوە دەست پێ ناکات، بەڵکوو لە دەوری دووهەمی سەرکۆماری ئەحمەدینژاددا بە ئاشکرا، خامنەیی رەخنەی توندی لە کارنامەی دەوڵەتی ناوبراو دەگرت و هەر خامنەییش بوو کە دەورووبەرەکانی ئەحمەدینژادی بە “جریان انحرافی” ناوزەد کردو هەر خامنەییش بوو کە هیچ روویەکی خۆشی بە ئەحمەدینژاد نیشان نەدا کە بۆ ئەم دەورە لە هەڵبژاردنەکانی سەرکۆماری، ناوبراو خۆی بۆ پۆستی سەرکۆماری کاندید بکات و لە کۆتاییدا تەنیا کاندیدی ئەم رەوتە، واتە بەقایی لە لایەن شوورای نیگابانەوە رەدی سەلاحییەت کرا. کەوابوو ناکۆکیی نێوان رەتی ئەحمەدینژاد و بەیتی رێبەریی و ئۆڕگان و دامەزراوەکانی نزیک لە خامنەیی ئێستا کەوتۆتە فازێکی نوێوە کە لە هەلومەرجی ناوخۆیی ئێستا ئێراندا دەکرێ گرینگیی خۆی هەبێ.
سەرهەڵدانی رەوتێکی دیکەی سیاسیی دژ بە رێبەری نیزام بە شێوەی عەمەلی لە پەنا ئەو رەوتانەی دیکەدا کە لە چوارچیوەی رەوتی رێفۆرمیستی، بزووتنەوەی سەوز و هەروەها دەوڵەتی رووحانی کە ئەمڕۆژانە ناکۆکییەکانیان لە گەڵ سپای پاسداران و بەیتی رێبەریدا چۆتە قوناغێکی هەستیارەوە، دەتوانێ هاوسەنگییەکان لە هێزدا تێک بدات. بە مانایەکی دیکە ئەگەر بە پێی ئدیعای نزیکانی ئەحمەدینژاد، ئەم رەوتە بتوانێ بە کردەوە دژ بە رەوتی ئوسوولگەرای سوونەتیی گوێڕایەڵی خامنەیی کە بەشێک لە هێزو دەسەڵاتە ناهەڵبژێراو و داسەپاو و کاریگەرەکانیان لە ئیختیار دایە، هەڵوێست بگرن و خەتی خۆیان بە ئاشکرا جیا بکەنەوە، بە دڵنیاییەوە ریزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ناوخۆی نیزام دژ بە لوتکەی ئەم دەسەڵات بەهێز دەبێ.
بەڵام ئەوەیکە رەوتی ئەحمەدینژاد کە لە نێو بەشێک لە جەماوەری پەراوێزخراوی کۆمەڵگادا جێگەو پێگەیان هەیە و، وەک باس دەکرێ لە نێو جەریانگەلی دیکەی وەک بەشێک لە رووحانییەت و سپادا خاوەن نفووزن، چەندە دەتوانن خۆیان وەک نوێنەری بەشێک لە خواستی خەڵک دەربخەن و لە گەڵ رەوتەکانی دیکەی وەک رێفۆرمخوازان و ئەوانی دیکە، خۆ رێک بخەن، باسێکە کە لانیکەم لە ئێستادا قسەکردن لە سەریان زوویە.