گرینگی نەدان بە شوێنەوارە مێژوویی و کەڵتوورییەکان لە لایەن کاربەدەستانی بەرپرس لە کوردستان شتێکی تازە نیەو، زۆرجار بەهۆی کەمتەرخەمی و بە ئەنقەست وەپشت گوێخستن لە هەمبەر پاڕاستنی ئەو شوێنەوارانە بووتە هۆی لە ناوچوونی بەشێک لە میراتی هاوبەش و مێژوویی گەلی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان.
بە پێی هەواڵێک کە لەشاری بۆکانەوە بەدەستمان گەیشتووە لە نموونەیەکی بەرچاو ئەشکەوتی مێژوویی “موکری قڕان” بەرەبەرە بە هۆی کەمتەرخەمیی بەرپرسان و هەروەها تاقەمێکی بەرژەوەندیخواز خەریکە دەفەوتێ.
بە پێی ئەو هەواڵە لە پەنای ئەشکەوتی مێژوویی موکری قڕان بە بێ لەبەرچاو گرتنی ئەو شوێنەوارە گرینگە، بە دامەزراندنی کارگەی بەربڕین و بەردتاشین بەداخەوە بوتە هۆی تێکدان و لە ناوچوونی بەشێک لەو ئەشکەوتە مێژووییەو نزیک بە ١٢میتری تێکدراوە.
شایەتحاڵێک کە رۆژی هەینی سەردانی ئەو شوێنەی کردبوو بە “کوردستان و کورد”ی ڕاگەیاند ؛ بەردبڕین و هەڵقەندنی شاخ و کێوەکانی ناوچەی خوراسانەی “بۆکان” خەریکە ئەشکەوتی مێژوویی “موکری قڕان” لە ناو دەبا ،پێوێستە خەڵکی بۆکان لە ڕێگای جوراجۆرە گوشار بخەن سەر بەرپرسان و ناوەندە پێوەندیدارەکان هەتا لەوە زیاتر شوێنەوارە مێژووییەکان لە ناو نەچن.
سازکردنی کارگە وکارخانەو هەرجۆرە پرۆژەیەک لە ئێران دەبێ سەرەتا ئیزنی ڕێکخراوی میراتی فەرهەنگی کە لەو بارەوە بەرپرسیارە لەسەر بێ، بەڵام زۆرجار بینراوە کە ئەو رێکخراوەیە یان کەمتەرخەم بووە یان نەیتوانیوە پێشی لێ بگرێ.
ئەو هاووڵاتییە لە درێژەی قسەکانیدا وتی: نابێ خەڵکی کوردستان بەگشتی و بەتایبەتی خەڵکی ناوچەی بۆکان لە پێناو فەوتان و لەناوچوونی ئاسەوارە کۆن و مێژووییەکان بەدەستی بەرپرسان و کۆمەڵێک کەسی بەرژەوەندیخواز خەمسارد بن.
پاراستنی شوێنەوارە مێژووییەکان کە میراتێکی هاوبەش وەئەژمار دێ، ئەرکی تاک بە تاکی کۆمەڵگایەو، دەبێ هەمووان لەو بارەوە هەست بە بەرپرسیارەتی بکەن.











