کارەساتی تەقەکردنی هێزەچەکدارەکانی رێژیم و قوربانیبوونی کاسبکاری ناوچە سنوورییەکانی کوردستان بەردەوامە.
بە پێی هەواڵی کۆمیتەی سنووری حیزبی دێموکراتی کوردستان شەوی هەینی ڕێکەوتی ٦ی گەلاوێژ لە ئاکامی تەقەکردنی هێزەچەکدارەکانی رێژێم و ڕاودوونانی کاسبکارانی کورد لە “کانی ناخۆشە”ی سەر بە ناوچەی پیرانشار کەسێک بەناوی “جەماڵ باڵدار” کوژراوەو و کوڵبەرێکی دیکەش لە ئاکامی هەڵاتن وترس لە تەقەی چەکدارەکانی رێژیم وەسەر مین کەوتووەو لاقێکی پەڕێوە.
ئەو کارەساتە بە کوژران و برینداربوونی کۆڵبەران کۆتایی نەهاتوە، بەڵکوو هێزەکان ئەمنییەکان چوونەتە شوێنی کۆڵبەران و کەلوپەلی ئەو چینە چەوساوەیان تاڵان کردووە.
هەروەها لە درێژەی کوشتن و بریندار کردنی کۆڵبەران بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەچەکدارەکان لە گوندی بێتووش لە ناوچەی هوملی سەردەشت پایگای ئەو گوندە نابەرپرسانە تەقەی کردوە لە خەڵک و لە ئاکامدا کاسبکارێک بەناوی محەممەد کوڕی حسێن چاوشین کە خاوەنی ژن ومنداڵە دەکوژرێ و ئەم رووداوە دڵتەزێنە لە کاتێک رووی داوە کە ڕەبیعی وەزیری کار و خۆشبژێوەی لە سەردانێکی تایبەت بۆ پیرانشار باسی لە پێڕاگەیشتن و چارەسەری گیروگرفتی کۆڵبەران کرد.
بە پێی ڕاپۆرتی ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ رۆژهەڵاتی کوردستان “چاونیوز” کوژران و برینداربوونی ئەو دوو کاسبکارە کوردە لە حاڵێک دایە کە لە ماوەی چوار مانگی سەرەتای ئەمساڵدا 53 کۆڵبەر و کاسبکاری ناوچە سنوورییەکانی کوردستان دراونەتە بەر دەستڕێژی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی کە 26 کەس لەوان بەو هۆیەوە کوژراون و 27 کەسیش بریندار بوون.











