وه‌زاره‌تی خه‌زێنه‌داریی ئا‌مریكا ڕایگه‌یاند كه ٦ شیركه‌تی دیكه‌ی كۆماری ئیسلامیی ئێرانی به هۆی هاویشتنی مووشه‌كی بالستیكی ئه‌و وڵاته تاوانبار و له لیستی ڕه‌شی گه‌مارۆكانی خۆی هاویشت.
وه‌زاره‌تی خه‌زێنه‌داریی ئا‌مریكا سه‌باره‌ت به هاویشتنی مووشه‌كی بالستیكی ماهواره هه‌ڵگری سیمورغی كۆماری ئیسلامیی ئێران 6 شیركه‌تی پیشه‌سازیی سه‌ر به ” هێمه‌ت” ئه‌و وڵاته‌ی له لیستی گه‌مارۆكانی خۆی هاویشت.
ئه‌و شیركه‌ته و ژێركۆماكانی ڕۆڵی گرینگ له به‌رهه‌مهێنانی مووشه‌كه بالستیكه‌كانی كۆماری ئیسلامیی ده‌گێڕن.
ڕۆژی پێنجشه‌ممه به بۆنه‌ی كرانه‌وه‌ی پایه‌گای ئاسمانی “خومه‌ینی” مووشه‌كی ماهواره‌هه‌ڵگری سیمورغی تاقی كرده‌وه.
ماهواره هه‌ڵگری سیمورغ ده‌توانێ 250 كیلۆگره‌م له 500 كیلۆمیتریی زه‌ویدا جێگیر بكا.
وه‌زاره‌تی خه‌زێنه‌داریی ئا‌مریكا له وه‌ڵامی هاویشتنی ئه‌و مووشه‌كه ڕایگه‌یاند كه نه ته‌نیا پێچه‌وانه‌ی ڕێكه‌وتنی ناوكییه، به‌ڵكوو بڕیارنامه‌ی 2231ی شورای ئه‌منیه‌تی ڕێكخراوی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان پێشێل ده‌كا.
به‌پێی ئه‌و بڕیارنامه‌یه كۆماری ئیسلامیی ئێران مافی ئه‌وه‌ی نیه مووشه‌كێك به‌رهه‌م بێنێ كه توانای هه‌ڵگرتنی كڵاوه‌ی ناوكی هه‌بێ.
تاران پێداگریی كرده‌وه به‌رهه‌مهێنانی وه‌ها مووشه‌كێك به مه‌به‌ستی به‌كارهێنانی كڵاوه‌ی ناوكی نیه.
ئێستیو منوچین، وه‌زیری خه‌زێنه‌داری ئا‌مریكا پێداگریی كرده‌وه كه ده‌وڵه‌تی ئا‌مریكا به هه‌موو تواناوه به‌ره‌نگاریی چالاكییه مووشه‌كییه‌كان ده‌بێته‌وه،
به تایبه‌ت له ماوه‌ی چه‌ند حه‌وتووی ڕابردوودا كه كۆماری ئیسلامی به پێدانی مووشه‌ک به حوسییه‌كانی یه‌مه‌ن كه دژی عه‌ره‌بستان به‌كاریان هێناوه.
ئه‌مڕۆ گه‌مارۆكانی وه‌زاره‌تی خه‌زێنه‌داریی ئا‌مریكا دژی ئێران، ڕووسیه و كوره‌ی باكوور له سه‌نای ئا‌مریكا په‌سند كرا.
هه‌ر له‌و پێوه‌ندییه‌دا وڵاتانی فه‌رانسه، ئاڵمان، به‌ریتانیا و ئەمریكاش له به‌یاننامه‌یه‌كی هاوبه‌شدا خوازیاری ڕاگرتنی به‌رنامه‌ی مووشه‌كی بالستیكی كۆماری ئیسلامیی ئێران بوون.