ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ٤ی گەلاوێژی ١٣٩٦ی هەتاوی، کاتژمێر ٦ی پاشنیوەڕۆ، بە ئامادەبوونی جەماوەرێکی زۆری شارەکانی بانە و سەقز و کۆمەڵێکی زۆر لە نووسەر، ئەدیب و چالاکانی مەدەنی ئەو دوو شارە، پەردە لە سەر پەیکەرەی مامە ڕەحەی کەلیخان لادرا.
ئەو ڕێورەسمە بە دەستپێشخەری ئەنجوومی ئاشتی بانە بەڕێوە چوو و تێیدا بە خوێندنەوەی چەندین پارچە شێعر و پەخشان و بابەتی تایبەت بە مامە ڕەحە، ڕێز لە ناو و یادی ئەو گەورە پیاوەی بانە گیرا.
پڕۆژەی درووستکردنی پەیکەرەی مامە ڕەحەی کەلیخان، ماوەی چەندین ساڵ بوو کە لە لایەن ئەنجومەنی ئاشتی شاری بانەوە پێشنیار کرابوو و داوا لە کەسانی خێرخوازی شار کرا کە بۆ بنیات نانی ئەو پڕۆژە هاوکاری ئەنجومەنی ئاشتی بکەن.
پێویست بە ئاماژەیە کە مامە ڕەحەی کەلیخان کەسێکی ناسراو و ناوداری ناوچەی بانەیە کە لە بنەڕەتدا خەڵکی ئاوایی سونج،ی ناوچەی بانەیەو، پێشەی هەڵکەندن و فرۆشتنی گژ و گیا بەهاری و بەرهەمی شاخ و کێوەکانی کوردستان بوو.
ناوبراو لە درێژایی تەمەنی خۆیدا سەدان کەسی لە مردن ڕزگار کردووە. مامە ڕەحە مرۆڤێکی یەکجار بە هێز و خۆڕاگر و دڵسۆزی خەڵک بووە لە بەرامبەر سەرمای زستاندا و ئەو سەردەمانەی کە ڕێگەی ترۆمبێل لە نێوان شارەکانی بانە و سەقز دا نەبووە و خەڵک بۆ هاتوچۆ لە کێوی کەلیخانەوە تێپەڕیون، زۆر جار بە هۆی سەرما و سۆڵەی زستانەوە لە بەفردا گیریان خواردووە و، مامە ڕەحە هەم خۆیان و هەم بار و وڵاخەکانیانیشی لە مردن ڕزگار کردووە.
ئەنجوومەنی ئاشتی شاری بانە بۆ ڕێز گرتن لەو مرۆڤە ئازیزە ئەو پەیکەرەی لە سەر کێوی کەلیخان داناوە.