زیاتر لە ٧٠٠ منداڵی کار لە شاری سنە بوونی هەیە و ڕێکخراوی بێهزیستی ئەو شارە لە هەمبەر منداڵانی کار وەڵامدەر نیە.
ئازاد هاشمی ڕایگەیاند: منداڵانی کاری شەقام و کارگاکانی شاری سنە پێویستیان بە پشتیوانی و ڕێکخستنی زیاتر هەیە ئەو کارەش بەبێ پشتیوانی و یارمەتی ئیدارە و ڕێکخراوە پەیوەندییدارەکان بە تایبەت ڕێکخراوی بێهزیستی هەیە و دامەزراوە خەڵکییەکان هیچیان لە دەست نایە.
ئەو ئەندامەی هەیئەتی بەڕێوەبەری شەمیمی باران ئەوەشی خستەڕوو، ئامارێکی ورد و دروست لە سەر منداڵانی کار نیە و بەپێی ئامارە ناڕەسمییەکان لە شاری سنە نزیکەی ٧٠٠ منداڵی کار شەقام و کارگەکان بوونی هەیە.
بە وتەی ئازاد هاشمی، ئەمساڵ ڕێکخراوی بێهزیستی هیچ جۆرە بەرپرسایەتییەکی لە هەمبەر پشتیوانی لە منداڵانی کار لە ناوەندە حکوومەتییە قەبووڵ نەکردووه.
تەنانەت بەڕێوەبەری بێهزیستیی پارێزگای سنە لە چاوپێکەوتن لەگەڵ ئەندامانی هەیئەتی بەڕێوەبەری و بەڕێوەبەری ئەو دامەزراوەیە خۆی بواردووه.
لە پێناسەی منداڵانی كاردا هاتووە:” كاری منداڵ چالاكییەكی ئابوورییە كە لە ڕێگەی ئەو كارەوە منداڵ دەخرێتە ژێر ئازاری جەستەیی، ڕوحی و ڕەوانی و ئەو كەسەیە كە لە خوێندنیش بەجێدەمێنێ”.
لە پێناسەی جیهان و بەپێی ماددەی یەکی ڕێککەوتننامەی مافی منداڵ، “منداڵانی کار” بریتین لەو منداڵانەی کە تەمەنیان لە ٥ ساڵ زیاترە و لە ١٨ ساڵیش کەمترە و زیاتر لە ١٤ کاتژمێر لە حەتوویەکدا کار دەکەن.