لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا کۆمەڵێک جموجۆڵی سەربازی لە لایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی رێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە لە رۆژهەڵاتی کوردستان لە ئارادایە کە وەک باس دەکرێ، ئامانجی جۆراوجۆری لە پشتە. بە پێی ئەو هەواڵ و زانیارییانەی لەم پێوەندییانەدا لە بەر دەست دان، لە زۆربەی شاروناوچەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، هێزەکانی رێژیم لە حاڵی جووڵەو کۆبوونەوەو خۆئامادەکردن دان و، وەک باس دەکرێ هەموو ئەم جووڵانە لە ژێر چاودێری باندی مافیای سپای پاسداران دایە.
ناوچە سنوورییەکانی وەک مەریوان، سەقز، بابە، سەردەشت و پیرانشار، شنۆ، مەرگەوەڕو تەرگەوەڕ لە ورمێ زیاترینی ئەم جووڵە سەربازیانەیان تێدا دەبیندرێ. هەر لەم سۆنگەیەوە لە ماوەی بەتایبەت سێ حەوتووی رابردوودا تەواوی هێزە بەکرێگیراوەکانی وەک جاش و جاش پاسدارو بەسیجەکان لە کوردستان لە لایەن سپاوە ئاگادار کراونەتەوە کە دەبێ بە بەشداری لەو کۆبوونەوانەی بۆیان دەگیردرێ، خۆیان بۆ هەرجۆرە پێشهاتێک ئامادە بکەن.
ئەم جووڵانە بریتین لە؛ پێهکێنانی کۆبوونەوەی گەورە بۆ جاش و پاسدارەکان، ئاوەدانکردنەوەی کۆنە پایگاکان، تەیارکردنی بنکەکانی سەر سنوور بە دوربینگەلی مەداربەستەو تەجهیزاتی مودێڕن، هێنانی هێزێکی زۆری سپا لە دەرەوەی سنوورەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بۆ کوردستان، گۆڕینی و لابردنی هێندێک بەرپرس و فەرماندەی نیزامی لە سپاو جێگیرکردنی کەسانی دژیگەلی لە جێگایان و هەروەها ناردنی سیخۆڕ بۆ شارو ناوچەکانی هەرێمی کوردستان.
بە پێی ئەو هەوال و زانیاریانەی لە کەسانی نزیک بەم جموجۆڵانەوەبیستراون، دەبێ رێژیم لەم کارەی چەند ئامانجی جیاوازی هەبێ کە وەک باس دەکرێ بریتین لە:
١- رووبەرووبوونەوە لە گەڵ هێزەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و خۆ ئامادەکردن بۆ هێرشکردنە سەر بنکەو بارەگاکانیان لە نێو خاکی هەرێمی کوردستان. لەم پێوەندییەدا بەرپرسانی سەربازیی رێژیم بەتایبەت لە سپا چەند جارێک راستەوخۆ و راشکاوانە هەڕەشەی ئەوەیان کردوە کە هێرش دەکەنە سەر حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان.
٢- ترس لە بەڕێوەچوونی پرسی ڕێفراندۆم لە باشووری کوردستان بۆ سەربەخۆیی. هەرچەند خودی رێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران ڕاشکاوانە بەرپرسانی هەرێمی کوردستانی لەوە دڵنیا کردۆتەوە کە بە هیچ شێوەیئەک موافقی بەڕێوەچوونی رێفراندۆم بۆ سەربەخۆیی لە باشووری کوردستان نابن، بەڵام دیسانیش ترسیان لەوە هەیە کە ئەم پرسە بەڕێوە بچێت و هەڕەشە بخاتە سەر رێژیمی کۆماری ئیسلامی.
٣- دوای روداوەکانی ١٧ی جۆزەردان و هێرشی تێرۆریستان بۆ سەر پارلمان و مەزارگەی خومەینی لە تاران، بەرپرسانی ڕێژیم رایانگەیاند کە بە توندی بەرخورد بەو ڕەوتە توندڕەوانە دەکەن و وتیان کە سنوورەکان زیاتر دەخەنە ژێر چاودێری خۆیان بۆ ئەوەی پێش بە دزەکردنی کەسانی سەر بە داعش بۆ نێو خاکی ئێران بگرن.
٤- پێشگرتن لە هەر ئەگەرێک کە راستەوخۆ پێوەندی بە بارودۆخی ناوخۆی ئێران و نارەزایەتی خەڵکی وڵاتەوە هەبێ. ئەمرۆژانە سپای پاسدارانی رێژیم لە لە لایەن خەڵکی ئازادیخوازی وڵاتەوە لە مێژە نفرەتی لێ کردوە، لە لایەن خودی دەوڵەتی رووحانیشەوە لە ژێر عەلامەتی پرسیار دایەو قسە لەوە دەکرێ کە دەبی دەسەڵاتەکانی سیاسی و ئابووری و سەربازیی سپا کەم بکرێتەوە. بۆیە سپا لەم قۆناغەدا پێویستی بە خۆدەرخستنێکی دیکەی مەیدانی هەیە کە راستەوەخۆ مەبەستییەتی هێزو دەسەڵاتی خۆی نیشانی رکابەرەکانی بکات.
٥- لە سەر ئاستی نێونەتەوەیشدا سپای پاسدارانی ڕێژیم وەک هێزێکی توندرەوی ماجەراجووی مافیایی دێتە ئەژمار کە راستەوخۆ دەستی لە بشێوەییەکانی ناوچەکەو پشتیوانی کردن لە تاقم و گرووپ و دەوڵەتە تێرۆریستییەکاندا هەیە. هەر لەم پێوەندییەدا هەر لە ماوەی حەوتووی رابردوودا لە لایەن چەند ناوەندێکی بڕیاربەدەستی ئامریکاییەوە ویڕای تەحریم خستنە سەر کۆمەڵە کەسێکی سەر بە سپای پاسدارانی ئێران، داوا لە کۆنگرێسی ئامریاو کۆمەڵە ناوەندێکی گەورەی دیکەی نێونەتەوەیی کراوە کە سپای پاسداران وەک تاقمێکی تێرۆریستی بناسرێ و بخرێتە لیستی تێرۆرەوە.
هەمووی ئەمانە وایان کردوە کە رێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران و بەتایبەت باندی مافیای سپای پاسداران زیاتر لە هەمیشە هەست بە ترس و دڵەڕاوکێ و نیگەرانی بکات. بۆیە خەرێکی خۆرێکخستنەوەو ئامادەباشییەو وا چاوەڕوان دەکرێ لە ماوەی چەند رۆژی داهاتوودا ئەم هێزە گەورەترین مانۆڕەکانی خۆی لە رۆژهەڵاتی کوردستان بەڕێوە ببات.