هەواڵدەریی موکریان سەبارەت بە ڕێژەی بەرزی خۆکوشتن لە پارێزگای ئیلام، بە تایبەتی لە شاری ئەیوان ڕاپۆرتێکی تێر وتەسەلی لەو بارەوە بڵاو کردووتەوە.
بە پێی ئەو ڕاپۆرتە یەک لە سێی مردووەکان لە شاری ئەیوان لە ڕێگای خۆکوژییەوە کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوەو ئیلام پلەی یەکەمی خۆکوشتن لە ئێران و خۆ سووتاندنی ژنانی هەیە لە دنیا.
لە راپۆرتی موکریان کە دەرئەنجامی لێکۆڵینەوە و بەدواچوونی پرۆژەیەکی کۆمەڵایەتییە، هۆکاری گەشەسەندنی دیاردەی خۆکوژیی لە پارێزگای ئیلامی بە وردی سەرەنج دراوەو ڕاپۆرتێکی مەیدانی ئامادە کردوە.
لە توێژینەوەکەی موکریان ، بێکاریی، کێشەی خیزانی و گرفتە کۆمەڵایەتییەکان سەرەکییترین هۆکاری بەرزبوونەوەی ئاستی خۆکوژییەکانە لە پارێزگای ئیلام و بەتایبەتی لە شاری ئەیوان کە یەک لە سێی مردووەکانی لە رێگای خۆکوژییەوە گیانیان لەدەستداوە.
لەدرێژەی ڕاپۆرتی موکریان سەبارەت بە خۆکوژییەکان لە پارێزگای ئیلام هاتووە، روانگەی داخراو بەسەر چینی ژنان و گرفتە کۆمەڵایەتی و فەرهەنگییەکان سەرڕێی ژنان وەکوو تەڵڵاق و نەبوونی سەربەخۆیی ئابووری و ڕوانینی زاڵی پیاوسالارانە، بووتە هۆکارێک کە ساڵانە دەیان ژن لە پارێزگای ئیلام پەنا بۆ خۆکوژیی و خۆسووتاندن ببەن و گۆڕستانەکانی ئەو پارێزگایە بەرینتر بکەن.
بێ هیوایی بە داهاتوو، هەژاری و هەڵاواردنی کۆمەڵایەتی لەو پاڕێزگا پڕپیت وبەرەکەتە، بووتە هۆی ئەوەی کە ئیلام پلەی یەکەمی هەبێ لە خۆکوژی لە ئێران و دۆخی نالەباری ژنانیش ڕێژەی خۆسووتاندنەکان بەشێوەیەکی سەرسوڕهێنەر بەرز ببێتەوە و، خاڵی جێگەی داخ ئەوەیە زۆربەی حاڵەتی خۆکوژی لە شاری ئەیوان و پارێزگای ئیلام لە نێو لاوان و تازەلاوان روو دەدا.