کەسێکی خەڵکی شاری سەقز بە هۆکارێکی نادیار کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.
ڕۆژی یەکشەممە ١ی گەلاوێژ، کەسێکی تەمەن ٥٥ ساڵ بە ناوی”عەلی تاقە باگیر” خێزاندار و دانیشتووی گەڕەکی “قەوخ”ی شاری سەقز کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا وهەتا ئیستا هۆکاری خۆکوژیەکەی ناروونە.
لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا، ئاماری خۆکوژی لە ناوچەکانی کوردستان بە شێوەی بەربڵاو ڕووی لە زیاد بوون کردووە و بە شێوەیەک پارێزگاکانی ئیلام، کرماشان و سنە لە ئاستی ئێران پلەی یەکەم هەتا سێهەمیان بۆ خۆیان تەرخان کردووە.
دوکتور هادی نەقدی، چالاکی مەدەنی و دەرونناس، لە پەیوەندیی لەگەڵ زۆربوونی ڕێژەی خۆکوژییەکان لە کوردستان لە وتارێکدا لەژێر ناوی”با لە خۆکوژییەکان قسە نەکەین لە ڕێگاکانی پێشگیری قسە بکەین” دەڵێ: دیاردەی خۆکوژی لە ئیدز و گیرۆدەبوون بە ماددەی سڕکەر جیایە و بە جێگای شاردنەوەی دەبێ بە میدیایی بکرێ. دیاردەی خۆکوژی ئەوەندە پرسێکی هەستیارە کە تەنانەت هاودەردی کردن لەگەڵ کەسی خۆکوژ لە بنەماڵە و لە لای منداڵان و لاوەکان دەگونجێ پەیامێکی خرابی لێ بکەوێتەوە.
ئەو ڕاوێژکارە دەرونناسە ئەوەش دەخاتە روو، لە هەلومەرجێکی تایبەتی کۆمەڵگای ئێمە کە پێکهاتەی جۆراوجۆری خەڵکی لە خۆ دەگرێ، بە جێگای قسە کردن لە سەر خۆکوژی دەبێ بۆ خۆکوژی هەوڵێکی پێشگرتوونەمان هەبێ. ئەوەش نە تەنیا لە لایەن ناوەندێکی دیاری کراو بەڵکوو تەواوی ناوەندەکانی کۆمەڵایەتی، فەرهەنگی، ئابووری و سیاسی دەبێ بۆ پێشگیری لە خۆکوژی بەرنامە و هەنگاوی کردەی هەبێ.