بە هۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی کۆماری ئیسلامی لە شاری سەردەشت کۆڵبەرێکی دیکەی کورد گیان لە دەستدا.
ڕۆژی سێشەممە ٣ی گەلاوێژ، کۆڵبەرێکی دیکەی کورد بە ناوی “کەریم محەممەد ئەمین زادە” ناسراو بە کەریم ئەحمەد خالە عەلی بێتووشی” خەڵکی گوندی “بێتووش” بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران گیانی لە دەست دا.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو باریەوە ڕایگەیاند: مەئموورانی هێزە ئینتزامییەکانی حکوومەتی بەبێ ئاگادار کردنەوەی پێشوو، ئەو کۆڵبەرە کوردەیان داوتە بەر دەستڕیژی گوللە و بە هۆی کاریگەر بوونی برینەکەیەوە دەستبەجێ گیانی لە دەست داوە.
بە وتەی ڕەسووڵ خزری، نوێنەری شارەکانی سەردەشت و پیرانشار لە مەجلیسی ئێران، ٦٨ هەزار کۆڵبەری کورد لە پارێزگا سنوورییەکان خەریکی کاری کۆڵبەرین و لە نێوان ١٦ هەزار هەتا ١٨ هەزار کۆڵبەر لەو دوو شارە بە پیشەی کۆڵبەری خەریکن.
دەوڵەتی حەسەن ڕۆحانی چەند جارێک باسی لە ڕێکخستنی کۆڵبەران و چارەوسەر کردنی کێشەی بەردەم کۆڵبەرانی لە سنوورەکان کردووە و هەتا ئێستا هیچ هەنگاوێکی جیددی لەو ڕاستایە هەڵنەگیراوە.