زیاتر لە ٩٠ چالاکی سیاسی و مدەنیی کورد لە نامەیەکی سەرئاوەڵەدا، بە خستنەبەرباسی دۆخی بەندکراوی بریندار، ڕامین حسێن پەناهی، دوایان لە پارێزگاری سنە کردوە کە مافە یاساییەکانی ئەو بەندکراوە پارێزراو بێ.
چالاکانی سیاسی و مەدەنی لە سەرەتای نامەکەیان، داوایان لە پاریزگاری سنە وەکوو سەرترین بەرپرس لەوپارێزگایە، کردوە کە بۆ چاوپێکەوتنی بنەماڵەی ڕامین حسێن پەناهی لە گەڵ کوڕەکەیان ئاسانکاریی بکاو، لە هەموو گرینگتر بەسەر ڕەوتی چارەسەریی پزیشکی ئەوبریندارە بە دیل گیراوە، چاوەدێری هەبێ.
لە بەشێک لە نامەی چالاکانی سیاسیی نێوخۆی وڵات رووبە “زاهیدی” پارێزگاری سنە هاتووە؛
لە دوای رووداوەکانی سەروبەندی ئینقلاب و داخرانی ڕێگەی وتووێژ بۆ چارەسەر کردنی کێشەی کورد لە ڕێگەی دیالۆگ و ئاشتیخوازانە، ئەو هەوڵانە بە ئەنجام نەگەیشت و، بۆ بەهۆی هاتنە ئارای بۆشایی سیاسی و، ئێستاشی لەگەڵ بێ هەر بەردەوامە .
ئەگەرچی لەسەروبەندی دەوڵەتی چاکسازیی کەسانێک وەکوو مەهەندیس ئەدەب و دوکتور ڕەمەزانزادە بۆ کرانەوەی کەشی دیالۆگ و وتووێژ لە گەڵ ئوپۆزسیون هەوڵی زۆریان دا.
بەڵام بەداخەوە دەستوپێوەندیی بناژۆخوازان کە بەرژەوەندییان لە نائەمن نیشان دانی کوردستان و چارەسەر نەکردنی پرسی کوردە، رێگەیان لەو هەوڵ و نییەتە ئاشتیخوازانە گرت.
لە بەشێکی دیکەی نامەی چالاکاندا هاتووە کاتێک دەوڵەتی حەسەن روحانی ئامادەیە لە گەڵ دەوڵەتانی دژبەری نیزام دانیشتن بکات و بگاتە تەوافۆق، بۆ دەبێ رۆڵەکانی وڵاتی خۆی بانگ نەکات بۆ دانوستان و چارەسەری کێشەکان!
بێ گومان چارەی پرسی سیاسی و نیزامیی کوردستان دەتوانێ ببێتە بەستێنی چارەسەری کێشە و گرفتەکانی دیکەی نیزام، بەتایبەتی لەبواری کۆمەڵایەتی و ئابووریدا.
چالاکانی مەدەنی وسیاسیی بە خستنەبەرباسی دۆخی نالەباری ڕامین حسێن پەناهی کە بە برینداری لە لایەن هێزەئەمنییەکانەوە بە دیل گیراوە و، هەروەها ئاوردانەوەیەک لە بەسەرهاتی ناخۆش و ناڕەوای بنەماڵە حسین پەناهی و گوشاری بەربڵاوی ئەمنیەتی بەسەر ئەو بنەماڵەیە، خوازیاری پێڕاگەیشتن بە دۆخی “ڕامین حسێن پەناهی”ن ، کە ماوەی چەند حەوتەیە بە برینداری گیراوەو چارەنووسی ناروونە.
لە کۆتایی نامەی ٩٠ کەس لە چالاکانی نێوخۆ سەبارەت بە دۆخی ڕامێن حسێن پەناهی داوایان لە پارێزگاری سنە کردوە کە وەکوو بەرپرسێکی باڵا ، هەوڵ بدات کە مافە ئینسانی و یاساییەکانی ناوبراو و بنەماڵە وکەسوکاری پێشێل نەکرێ.
واژۆکارانی ئەو نامەیە هەروەها داوایان کردوە کە ڕێگە بدەن رامین حسێن پەناهی لەگەڵ بنەماڵەکەی چاوپێکەوتنی هەبێ و، هەروەها لەمافی هەبوونی پارێزەر بێبەش نەبێ.
شایانی باسە ڕامین حسێن پەناهی پێشمەرگەی کۆمەڵە رۆژی ٢ی پووشپەڕ لە ئاکامی دەرگیریەک لەنێو شاری سنە بە برینداری دەستبەسەر کراو، لەو کاتەوە لە چارەنووسی ناوبراو هیچ زانیاریەک لەبەردەستدا نیە.