ئەمساڵیش لە ساڵرۆژی کۆچیدوایی شاعیر و ڕەخنەگری بەناوبانگی ئێرانی ئەحمەد شاملوو، هێزە ئەمنییەکان بە چاودێری کردنی رێگەکانی گۆڕستانی ئیمامزادە تاهیر(گۆڕستانی هونەرمەندان)، شوێنی ناشتنی ئەحمەد شاملوو، رێگەیان نەدا هۆگرانی ئەو شاعیرە لە سەر مەزارگەی کۆ ببنەوە.
رۆژی ٢ی گەلاوێژ هاوکات لەگەڵ ١٧مین ساڵرۆژی کۆچیدوایی ئەحمەد شاملوو، مەئموورانی هێزی ئینتیزامی و لیباس شەخسییەکان بە داخستی ڕێگەی مەزارگەی ئەحمەدی شاملوو و، بڵاوە پێکردن بە خەڵک، رێگەیان نەدا ڕێوڕەسمی تایبەت بەو شاعیرە بەڕێوەبچێ و،هەروەها چەند کەسیان لەو پێوەندییەدا دەسبەسەر کردوە.
بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی لە ڕێکخەرانی ئەو ڕێورەسمە کە لە هۆگرانی شاملوو و بەشێکێان ئەندامی کانوونی نووسەرانی ئێرانن، هەڕەشەیان کردوە.
لە لایەک دیکەش کانوونی نووسەرانی ئێران بە بڵاوکردنەوەی بانگەوازێک
دەڵێ: شاملوو لەسەرانسەری ژیانی پڕ هەوراز و نشێوی خۆی نە خەمساردبوونی قەبووڵ کرد نە سەرشۆڕی، شێعری ئەو هەردەم هاواری ئازادی و بەرەنگارییە.
شیاوی باسە ئەحمەد شاملوو شاعێری بە هەڵوێست و ڕچەشکێن لە بواری شیعری “سپی”، دوای تەمەنێک تێکۆشانی ئەدەبی و فەرهەنگی و بە جێهێشتنی دەیان بەرهەمی ڕەنگینی شێعر و وەرگێڕان، لە رۆژی دووی گەلاوێژی ساڵی ١٣٧٩ی هەتاوی ماڵاوایی لە ژیان کرد، ناوبراو جیا لە چێشتنی زیندانی رێژیمی پاشایەتی و کۆماری ئیسلامی ، لە ماوەی تەمەنی کۆماری ئیسلامیی ئێران تا ئێستا، دەنگ ورەنگی ئەو شاعیرە لە میدیاکان و کتێبی قوتابخانەکان قەدەغەیە.
هەروەها بەشێک لە شێعرەکانی ئەو شاعیرە بە هەوڵ وماندووبوونی وەرگێڕە کوردەکان ،کراوەتە کوردی.
مەرگی من سەفەرێ نییە!
بەڵکوو کۆچە، لە نیشتمانێ کە خۆشم ناوێ،
لەبەر ناپیاوەکانی.
“شاملوو”