بە هاوکاری و پشتیوانیی کەسانی بەکرێگیراو و بەستراوە بە سپای پاسدارانی رێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران، دەرهێنانی شوێنەوارە مێژووییەکانی لە کوردستان بەردەوامە.
بە پێی ئەو هەواڵ و زانیارییانەی لە چەند رۆژی رابردوودا لە شاری مەهابادەوە بە “ناوەندی هەواڵی کورستان و کورد” گەیشتوون، چەند رۆژ پێش لە ئێستا چەند کەسێکی چەکداری بەستراوە بە سپای پاسدارانی رێژیم، بە هاوکاریی سپا و ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری مەهاباد بە بۆڵدزێر خەریکی هەڵدانەوەی شوێنێک لە یەکێک لە مووچەو مەزراکانی ئاوایی “سنجاق”ی سەربە ناوچەی محاڵی ئەم شارە بوون.
کەسێکی نزیک لە رووداوەکە لەم پێوەندییەدا بە “کوردستان و کورد”ی راگەیاند کە ئەو کەسانەی کە بۆ ئەم کارە هاتوون، لە ژێر چاودێری و چاوساغیی کەسێک بە ناوی مەهدی مجاهدی ناسراو بە “مەیسەم کوردستانی”، بە بۆلدزێر خەریکی هەڵدانەوەی ئەو شوێنە بوون.
هەمان سەرچاوە لە زمان مەیسەم کوردستانییەوە باس لەوە دەکات کە ئەم ئاسەوارە مێژووییەی کە لەم شوێنەدا شاردراوەتەوە، نرخەکەی بە حەوت هەزار میلیارد تمەن مەزەندە دەکرێ و راستەوخۆ بە ئاگاداریی سپای پاسداران و ئیدارەی ئیتلاعات هەوڵی بەتاڵانبردنی دەدرێ.
هەر بە قسەی هەمان سەرچاوە، دوای ئەوەی خەڵک لەم دزی و بەتاڵانبردنەوەی سامانی نیشتمانییان ئاگادار دەبن، پێوەندی بە رێکخراوی پاراستنی میراتی کلتووریی شاری مهابادەوە دەگرن و داوایان لێ دەکەن کە پێش بەم پیلان و بەتاڵانبردنە بگرن کە، بە پێی زانیارییەکان ئێستا هەڵدانەوەی ئەم شوێنە راگیراوە.
یەکێک لە کارمەندانی ئەم سازمانە باسی لەوەکردوە کە دوای راگرتنی هەڵدانەوەی شوێنەکە، لە لایەن مەیسەم کوردستانییەوە پێوەندییان پێوە کراوەو و هەڕەشەیان لێ کراوە کە بە هەر قیمەتێک بێت، کاری هەڵدانەوەی ئەو شوێنە تەواو دەکەن و داهاتەکەی سەرفی پێڕاگەیشتن بە “حرمین مطهر” (مەرقەدی پاکان)! دەکرێ.
مەیسەم کوردستانی ئاشکرای کردوە کە ئەوان بە هەماهەنگی لە گەڵ دامودەزگا سەربازی و ئەمنیەتییەکانی پارێزگای ورمێ و هەروەها بە رەزامەندیی مەلا سوهراب قادری، نوێنەری خامنەیی لە مەهاباد ئەو کارەیان دەست پێکردوە.
شایانی باسە پشکنێنی شوێنەوارە مێژووییەکان و بە تاڵانبردنی ئاسەوارە کۆنەکان، چەندین ساڵە لە ناوچە جیاجیاکانی کوردستان لە ژێر چاودێری دەستوپێوەندییەکانی سپا و ئیتلاعات جێبەجێی دەکرێ و بەشێکی زۆر لە میراتی کەلتووریی ومیژوویی کورد، بە تاڵان براوە.