بەپێی ڕاپۆرتی پەیامنێری ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕۆژی یەکشەممە، 1ی گەلاوێژ لاوێکی تەمەن ١٨ ساڵ لە بانە بە ناوی ئەییوب کاکی خۆی کوشتوە.
ئەییوب کاکی، کوڕی سەعید خەڵکی گوندی ساوان بووە و بەهۆی کێشەی بنەماڵەیی بە تاپڕ لە خۆی داوە و کۆتایی بە ژیانی هێناوە.
خۆکوژیی ئەییوب کاکی لە بانە لە حاڵێک دایە کە لەماوەی هاوینی ئەمساڵدا زیاتر لە ٢٥ کەس لە کوردستان خۆیان کوشتووە و ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان شوناسی ١٤ کەس لەوانی بڵاو کردۆتەوە.
شایانی باسە لە وەرزی بەهاری ئەمساڵیشدا لە کوردستان هەرنەبێ ٣٥ کەس خۆیان کوشتووە کە ناوەندی مافی مرۆڤی ڕۆژهەڵاتی کوردستان شوناسی ٢٣ کەس لەوانی بە تۆمار کردوە.
خۆکوژی لە کوردستان بە تایبەتی لە نێو لاوان و تازە لاوان بووتە دیاردەیەکی مەترسیدار و حەوتانە لە کوردستان روو دەدا.
کارناسانی بواری کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی، لەو بارەوە هوشداریان داوە کە دەبێ هەموو لایەنێک خۆی بەرپرسیار بزانێ و ئاستی وشیاری خەڵک و بنەماڵەکان ببنە سەرەوە.
بێ هیوایی بە داهاتوو، گرفتی بنەماڵەیی و کێشەی ئابووری و کۆمەڵایەتی، لە هۆکارە سەرەکییەکانی زیادبوونی رێژەی خۆکوژییەکانن لە کوردستان.