داوینچی لە کاتی کێشانەوەی تابلۆی «دوایین شێو» تووشی کێشەیەکی گەورە بوو. ئەو دەبوا چاکە لە سیمای عیسادا بنوێنێ و خراپەش لە سیمای یەهودا کە وەک هاوڕێیەکی عیسا بە تەما بوو خەیانەتی پێ بکا و لە کاتی نانی شێواندا خواردنەکەی ژاراوی بکا. کارەکەی بە نیوەچڵی هێشتەوە هەتا سیما دڵخوازەکانی بدۆزێتەوه.
ڕۆژێک لە کۆنسێرتێکدا لاوێکی گۆرانبێژی بینی و سیمای عیسای تێدا ڕچاو کرد، لاوەکەی بانگ کردە کارگەکەی کۆمەڵە نیگارێکی لە سیما و روخساری کێشاوە. سێ ساڵ تێپەڕی و تابلۆوەکە نزیک تەواوبوون بوو، بەڵام داوینچی هێشتا کەسێکی گونجاوی بۆ نواندنی سیمای یەهوودا نەدۆزییەوە.
کاردیناڵەکەی بەرپرسی کەنیسە بەرەبەرە گوشاری خستە سەری کە دەبێ نیگارە دیوارییەکە بە زووترین کات تەواو بکا. نیگارکێش پاش چەند ڕۆژ گەڕان لە ئەنجامدا لاوێکی شپرزە و جلوبەرگ شڕی سەرخۆشی لە جۆگەلە ئاوێکدا دۆزییەوە. داوای لە یارمەتیدەرەکانی کرد بۆی بێننە کەنیسە، چوونکی هەلێکی دیی ئاوای بۆ وێنەلەبەرگرتنەوە دەست نەدەکەوت. سواڵکەرەکە بە باشی نەیدەزانی چ باسە و بۆچی ئەویان هێناوەتە نێو کەنیسە. دەستوپێوەندییەکانی نیگارکێشی گەورە بە زۆر لە سەر پێ ڕایاندەگرت و لە هەمان دۆخدا داوینچی لە هێماکانی خوانەپەرەستی، گوناح و خۆپەرەستی کە بە باشی لە سیمای لاوەکەدا دیار بوو، سەرچەشنی دەدیتەوە و دەینەخشاندن.
کاتێک کارەکەی تەواو ببوو و سواڵکەرەش وەخۆ هاتبۆوە چاوی گێڕا و نیگارێکی لە پێش خۆی دی، بە سەرسامی و خەمناکییەوە گوتی: «ئەمن پێشتر ئەم تابلۆیەم بینیوە». داوینچی بە سەرسامییەوە گوتی: کەی، لە کوێ؟
سواڵکەر گوتی: سێ ساڵ پێش، بەر لەوەی هەموو شتێکم لە دەست بێتەوە. کاتێ کە لە کۆڕسێکی هونەریدا بووم و ژیانێکی ئەفسووناویم هەبوو، هونەرمەندێک داوای لێ کردم بۆوەی ببمە سەرچەشنێک بۆ سیمای عیسا!
دەکرێ بڵێی چاکە و خراپە هاوشێوەن، هەموو شتێک پێوەندی بەوەوە هەیە کە هەر کامەیان کەی و لە کوێ لە سەر ڕێگا مرۆڤ هەڵدەکەون.
سەرچاوە: ڕۆژنامەی کوردستان ژمارە ٧٠٦.