حیفازەت ئیتلاعاتی زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج بە تەزووی کارەبا هێرشی کردە سەر زیندانیانی سیاسی ئەو زیندانە.
بە پێی ڕاپۆرتی سەرچاوە نێوخوییەکان، “یووسف مورادی” بەرپرسی حیفازەت ئیتلاعاتی ڕەجایی شاری کەرەج لەگەڵ جێگرەکەی “میرزایی” و چەند کەسی لە مەئموورەکانی بەندی زیندان بە بیانووی پشکنین هێرشیان کردە سەر بەندی ٤ و ١٢ی ئەو زیندانە و ئازارو ئەزیەتیان دان.
هەروەها پاش بەرگری چەند کەس لە زیندانیانی سیاسی لە ڕەسووڵ حەردانی و هەوڵدان بۆ ڕزگار کردنی ئەو زیندانییە سیاسییە لە دەست مەئموورانی زیندان، شەڕ و تێکهەڵچوون لە نێوان زیندانیان و گاردی زیندان ڕووی دا و جێگری بەرپرسی زیندان بە تەزووی کارەبا هێرشی کردە سەر زیندانیانی سیاسی و لە ئاکامدا چەند کەسێک لە زیندانیان بە سەختی بریندار بوون.
هەر ئێستا زیاتر لە ٥٠ زیندانی سیاسی ـ عەقیدەتی و ئەمنییەتی لە بەندی ٤ی ساڵۆنی ١٢ گەوهەردەشت دان و کە نێونجیی تەمەنیان زیاتر لە ٥٠ ساڵە و باردۆخی تەندروستیان بە هۆی هەڵسوکەوتی نەشیاو لە لایەن بەرپرسی زیندانەوە، ڕۆژ بە دوای ڕۆژ خراپتر دەبێ.