بە هۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئینتزامییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە شاری ڕوانسەر سەر بە پاریزگای کرماشان دوو کەس کوژرا و یەکی دیکەش بریندار بوو.
شەوی ڕابردوو هێزە ئینتزامییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران ماشینی هاووڵاتییەکی کوردیان لە نێوان جادەی ڕوانسەر – کرماشان دایە بەر دەستڕێژی گوللە و لە ئەنجامی تەقەی هێزە نیزامییەکانی ڕێژیم شوفیری ماشینەکە و یەکێکی دیکە لە موسافێرەکانی کوژران و کەسێکی دیکە بریندار بوو.
هێزە ئینتزامییەکان بە گومانی هەڵگرتنی شتومەکی قاچاخ تەقەیان لە ماشینی ئەو هاووڵاتییانە کردوە و لە ئاکامدا حامید عەلی مورادی” خەڵکی شاری جوانڕۆ و “وەلی خانی” خەڵکی گوندی”دێ سوور” سەر بە شاری ڕوانسەر کوژراو بریندار بوون.
پاش ئەو ڕووداوە، هاووڵاتییانی خەڵکی شاری ڕوانسەر لە شوێنی ڕووداوە کۆبوونەوە و لەگەڵ هێزە ئینتزامییەکان تووشی شەڕ و تێکەڵچوون بوون.
تەقەی راستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە هاووڵاتییانی کورد لە جادەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە گومانی هەڵگرتنی شتومەکی قاچاخ، یەکێک لە هۆکارەکانی کوژرانی هاووڵاتییانی کورد بە ئەژمار دێ، کە لە زۆربەی حاڵەتەکاندا، ڕوون دەبێتەوە کە ئەو هاووڵاتییانە هیچ جۆرە شتومەکێکی قاچاخیان پێ نەبووە.