پاشنیوەرۆی رۆژی شەممە ١٥/٠٧/٢٠١٧ بە بەشداری ئەندامانی بەریوەبەری و جێگر و موشاویرەکان و ئەندامانی کۆمیتەکان لە کوردستان و دەرەوەی وڵات دوازدەهەمین کۆبونەوەی کۆمیتەی بەڕێوەبەری یەکیەتیی لاوان بەڕێوە چوو و تێیدا راپۆرتی سیاسی، راپۆرتی چالاکییەکان و هەروەها راپۆرتی ئامادەکاری بۆ کۆنگرەی هەشتەمی یەکیەتیی لاوان پێشکەش کرا.
سەرەتای کۆبونەوەکە بە ساتێک وەستان بۆ گیانی پاکی شەهیدان دەستی پێکرد و پاشان پێشەوا عەلی پوور سکرتێری گشتیی یەکیەتیی لاوان بە باسکردن لەسەر دۆخی ناوچە و کاریگەرییەکانی لەسەر ئیران و کۆمەڵگای رۆژهەڵات باسی لە هەلومەرجی تێکۆشانی لاوانی رۆژهەڵات کرد و بە ئاماژە بە وەیکە بەرەیەکی نوێ لە رۆژهەڵات هاتوونە مەیدان و بەدوای ماف و داخوازییەکانی خۆیاندا دەگەڕێن و لە مەجالە یاساییەکانی ناو ئێران کەڵک وەردەگرن بۆ دەربڕینی ویست و داخوازییەکانیان، جارێکی دیکە پشتیوانی یەکیەتیی لاوانی لەو تێکۆشەرانی ناوخۆ دووپات کردەوە، هەروەها لە درێژەی باسەکەیدا سکرتێری گشتیی بە ئاوردانەوە لە چالاکی بێ سنووری گرووپە سەلەفییە تەکفیرییەکان لە رابردوو و ئێستای کوردستانی ئێران، وتی: کۆماری ئیسلامی لەپێناو ئەوەی کە فکری سێکۆلار و نەتەوەیی لە رۆژهەڵات لاواز بکات چاوپۆشی لە فەعالیەتی ئەم گرووپە توندڕەوانە کرد و ئاکامەکەشی ئەوەبوو کە فکرەی تیرۆر و ترساندن یەخەی خودی کۆماری ئیسلامی تێرۆریستپەروەری گرتەوە لەتاران.
هەروەها رێژیم بەبیانووی بەرتەسک کردنەوەی فەعالیەتەکانی ئەم گرووپە توندڕەوانە لە رۆژهەڵات، دەستی کردوە بە رەشبگیری و لەنێوەدا کەسی بێتاوان دەستبەسەر کراون.”
لەبەشێکی دیکەی باسەکەیدا پێشەوا عەلی پوور وێڕای بەرزنرخاندنی پڕۆسەی یەکگرتنەوە دێموکراتەکان و پێشوازی لاوانی دێموکرات لەم پرۆسە پیرۆزەدا جەختی کردەوە کە ئەم پرۆسەیە کاتیک دەتوانێ سەرکەوتوو بێ کە هەردوو لایەن لە حیزبێکی یەکگرتوودا هەست بە سەرکەتن بکەن نەک ئەوی تەنیا لایەنێک خۆی پی سەرکەوتوو و لایەنەکەی دیکەی پی دۆڕاو بێ و لەمبارەشەوە یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی رۆژهەڵاتی کوردستان پشتیوانی لەوەها یەکگرتنێک دەکات.
لە درێژە باسەکاندا راپۆرتی ئامادەکاری کۆنگرە درایەوە بە بەڕێوەبەری و لە داهاتوویەکی نزیکدا کۆنگرەی هەشتەمی یەکیەتیی لاوان بەڕێوە دەچێت.
لەدوای کۆتایی هاتنی کۆبونەوەکە کۆمیتەی بەرێوەبەری سەردانی گۆڕستانی شەهیدانی کرد و لەوێش بە ساتێک وەستان بۆ گیانی پاکی شەهیدان ، یاد و ناوی شەهیدانی یەڵدا و هەروەها یادی کاک سەید سەلامی عەزیزی – یان لە یادی ١٨ ساڵەی کۆچی دوایی ئەو نەمرە بەرز راگرت و پەیمانی رێز و وەفایان لەگەڵ شەهیدان نوێ کردەوە.