بە پێی هەواڵێک کە لە ناوچەی مەهابادەوە بە دەستمان گەیشتوە، رۆژی ٢٣ی پووشپەڕ کەریم خان ئەمیری کەسێکی دیار و نیشتمانپەروەر لە چۆمی مەجیدخان و خەڵکی گوندی دەوەشاری لە تەمەنی ٦٥ساڵیدا ماڵاوایی لە ژیان کرد.
ناوبراو لە ساڵی ١٣٥٨وە پێوەندی بە ریزەکانی حیزبی دێموکراتەوە دەگرێ و دوای هێرشی بەربڵاوی هێزە داگیرکەرەکانی رێژیم بۆ سەر کوردستان چەکی بەرگریی لە خاکی نیشتمان هەڵدەگرێ و دەبێتە خەباتکاری سەنگەری دێموکرات.
کەریم خان ئەمیری بەهۆی لێوەشاوەیی خۆی و نفووز و ئیعتیباری لە نێوخەڵکی ناوچەی چۆمی مەجیدخان پلەکانی پێشمەرگایەتی تێپەڕ دەکات و پلەی تەشکیلاتی کادری وەردەگرێ و وەکوو کادری کۆمیتەی شارستانی مەهاباد و ئەندامی کۆمیتەی ناوچەی چۆمی مەجیدخان تا ساڵی ١٣٦٤ی هەتاوی بە لێهاتوویی ئەرکەکانی ڕاپەڕاند.
پاشان بە هۆی گرفتی بنەماڵەیەوە نەیتوانی دڕێژە بە خەباتی ئاشکرا بدا، بەڵام تا دوا هەناسەی ژیان بە ڕێبازی پێشەوا و شەهیدانی گەل وەفادار مایەوە.
کۆمیسیۆنی تەشکیلاتی حیزبی دێموکراتی کوردستان وێڕای پرسەو سەرەخۆشی لە سەرجەم خەڵکی ناوچەی کوردپەروەری چۆمی مەجیدخان و، بەتایبەتی کەسوکاری کەریم خانی تێکۆشەر، خۆی بە هاوخەمیان دەزانێ.