دوای تێبپەڕبوونی یەک مانگ لە دەستبەسەرکرانی دوو لاوی کوردی خەڵکی مەریوان لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتەوە تا ئێستا چارەنووسیان ناڕوونە.
بەپێی سەرچاوە هەواڵدەرییە نێوخۆییەکان، ئەمیر ئەرژەنگی کوڕی موختار، تەمەن ٢١ ساڵ و هەروەها باسیت ئەفشار کوڕی ڕەزا تەمەن ١٩ ساڵ کە ماوەی یەک مانگ لەوە پێش دەسبەسەر کرابوون لە گرتنگەی ئیتلاعاتدا ڕاگیراون.
ئەو دوو ڵاوە کوردە خەڵکی گوندی “نێ” سەر بە شاری مەریوان ڕێکەوتی ٢٤ی جۆزەردانی ئەمساڵ لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعات دەسبەسەر و بۆ ستادی خەبەریی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە گواسترابوونەوە.
بە قسەی سەرچاوەیەکی نزیک لەو دەسبەسەرکراوانە، تا ئێستا بنەماڵەی ئەو دوو لاوە کوردە نەیاهێشتووە چاویان بە ڕۆڵەکانیان بکەوێ.
ئەو دوو لاوەی خەڵکی مەریوان لە لایەن ئیتلاعاتی سپای پاسداران دەسبەسەر و لە چارەنووسیان هیچ زانیارییەکی ئەوتۆ لە بەر دەستدا نیه.
شایانی باسە لە ئێران ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی، ناوەندە جیاوازەکانی ئیتلاعات چالاکی دەکەن و وەزارەتی ئیتلاعات بەشێک لە قەوارەی دەوڵەتە و چەند ناوەندی ئیتلاعاتیی وەک ئیتلاعاتی سپا، حفازەتی ئیتلاعاتی سپا و حفازەتی سپا لە ژێر کۆنتڕۆڵی سپادا کار دەکەن.