لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا کاناڵی تەلەڤیزیۆنیی “ڕووداو” لە چەند هەواڵێکدا کە لەسەر پرسی یەکگرتنەوەی دێموکراتەکان ئامادە و بڵاوی کردوونەوە، باس لە ڕێککەوتنی دوولایەن لەسەر هەندێ خاڵ، یەک لەوان ناوی “حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران” بۆ حیزبی دێموکڕاتی یەکگرتوو و، ساغبوونەوە لەسەر پۆستی سکرتێری داهاتوو، بە دیاریکراوی ناوهێنانی بەرێز مستەفا هیجری وەک سکرتێری داهاتووی حیزبی دێموکڕات کراوە؛ کە ئێمە بەو شێوەیە ئەم هەڵەیەی “ڕووداو” ڕاست دەکەینەوە:
یەکەم؛ لە پێوەندی لەگەڵ ناوی حیزبی دێموکراتی یەکگرتوودا، ئێمە وەک حیزبی دێموکڕاتی کوردستان ڕامانگەیاندوە بۆ دەسپێشخەری و پێشاندانی نیازپاکیی خۆمان ئامادەین، لە ئەگەری ڕێککەوتنی گشتگیر لەسەر بنەماکانی یەکگرتنەوەی دوولایەن، تا کۆنگرەی هاوبەش لە ژێر ناوی “حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران”دا درێژە بە تێکۆشانی سیاسی و حیزبیی هاوبەشی خۆمان بدەین.
دووهەم؛ لەبارەی خاڵ و بنەماکانی دیکەی یەکگرتنەوەشدا و بۆ نموونە یەک لەوان، پرسی سکرتێریی حیزبی یەکگرتوو، تا ئێستا هیچ ساغبوونەوە و ڕێککەوتنێک لە نێو دوولایەندا نەکراوە.
لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە بیروڕای گشتی ئاگادار دەکەینەوە کە لە وتووێژەکانمان لەگەڵ لایەنی حدکا بەردەوام دەبین هەتا گەیشتن بە ڕێککەوتنێک کە یەکگرتوویی بەردەوامی حیزبی دێموکرات لە داهاتوودا مسۆگەر بکا.
بەرپرسی هەیئەتی دانوستانکاری حیزبی دێموکراتی کوردستان بۆ پرسی یەکگرتنەوەی دێموکراتەکان
کەماڵ کەریمی
٢٥ی پووشپەڕی ١٣٩٦
١٦ی جولای ٢٠١٧