بە پێی ئەو زانیارییانەی کە لە ژووری سایبێری حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە بەدەستمان گەیشتوە، رۆژی ٢٢ی پووشپەڕ شارەکانی سنە و مەهاباد و پیرانشار لە ترسی هەرچەشنە ئەگەر و جموجۆڵێکی خەڵک لە لایەن هێزە ئەمنیەکانەوە بە تەواوی میلیتاریزە کرا بوون.
ژووری سایبێری حیزبی دێموکراتی کوردستان بە ناردنی ڕاپۆرت و وێنەو فیلمێک لەو بارەوە باس لەوە دەکا کە ئەمساڵ لە ٢٨مین ساڵیادی تێرۆری دوکتور قاسملووی شەهید، هێزە ئەمنییەکان بە شێوەی بەرچاو لە شارەکانی کوردستان بەتایبەتی لە سنەو مەهاباد و پیرانشار بە مەبەستی چاوترساندنی خەڵک، دەستیان داوەتە مانۆڕی نیزامی و سەنگەر بەستن و تەنانەت بەکرێگێراوانی ڕیژم هەڕەشەیان لە خەڵک کردوە کە دوکان و بازاڕ دانەخەن.
هەر بەوجۆرە کە لە هەواڵەکان بڵاوکراوەتەوە سەرەڕای زاڵبوونی کەشی ئەمنیەتی لە بەرەبەری ساڵیادی ٢٢ی پووشپەڕ ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکرات بوێرانەو چاونەترسانە درێژەیان بە چالاکیی تەبلیغیی داو، لە هێندێک لە ناوچەکانی کوردستان وەکوو ڕەبەت و شنۆ و سەهۆڵان و مەهاباد هێشتا بەردەوامە.
شایانی باسە کۆمیسیۆنی تەشکیلاتی حیزبی دێموکرات رۆژی ٢٤ی پووشپەڕ لە پەیامێک دا سپاس و پێزانینی حیزبی ئاراستەی سەرجەم خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان و تێکۆشەرانی دێموکرات کرد.