یەکێکی دیکە لە نزیکانی بنەماڵەی حوسین پەناهی دانیشتووی گوندی “قڕوچیای” شاری دێولان سەر بە پارێزگای سنە لە لایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا.
ڕۆژی ٢٢ پووشپەڕ، هێزە ئەمنییەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران هاووڵاتییەکی کوردیان بە ناوی “عەباس حوسێن پەناهی” دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.
بە قسەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، عەباس بە مەبەستی چاوپێکەوتن بە باوک و دایکی ڕامین حوسێن پەناهی سەردانی ئەو بنەماڵەیەی کردبووە، کە لەلایەن پێنج کەس لە هێزە لێباس شەخسییەکانی وەزارەتی ئیتلاعات بە بێ پێی بوونی حوکمی قانوونی چوونەتە ماڵی باوکی ڕامین و ئەو هاووڵاتییە کوردەیان دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگواستووەتەوە.
ئەمجەد حوسێن پەناهی وێڕای پشتڕاست کردنەوەی ئەو هەواڵە لە فەیسبووکی شەخسی خۆیدا نووسینوویەتی: “عەباس حوسێن پەناهی به مەبەستی چاوپێکەوتن لە گەڵ دایک و باوکم سەردانی بنەماڵەی ئێمەی کردبوو، کە لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کراوە”.
هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە هیچ زانیارییەک سەبارەت بە چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانی ئەو هاووڵاتییە لە بەردەست دا نیە.
شایانی باسە هەر لەو پێوەندییەدا، چەند کەسێکی دیکە لە بنەماڵەی حوسێن پەناهی لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کراون.