سەر لە بەیانی رۆژی شەممە ٢٤ی پووشپەڕ لە نێو مێترۆی تاران بە هۆی تێکهەڵچوونێک کە لە وێستگەی مێترۆی شاری “ڕەی” لە باشووری تاران رووی دا ، هەواڵەکان باس لە کوژران و برینداربوونی چەند کەس دەکەن.
هەواڵدەرییەکانی حکوومەت بە بڵاوکردنەوەی ئەو هەواڵە کە گوایە کەسێک بە چەقۆ هێرش دەکاتە سەر مەلایەک و برینداری دەکا و هێزە ئەمنیەکانیش بە تەقە کردن، هێرشبەرەکە دەکوژن و لە ئاکامی ئەو تێکەهەڵچوونە، یەکێک کوژراوەو، ١٥ کەسی دیکەش بریندار کراون.
ماڵپەڕی میهر نزیک بە سپای پاسداران بە پشتڕاست کردنەوەی هەواڵی شەڕ و تێکهەڵچوونی نیو مێترۆی شاری ڕەی، ڕایگەیاند کە بۆ پاراستنی گیانی موسافران دەرگاکانی مێترۆ لە لایەن هێزە ئەمنیەکانەوە داخراون.
تا کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە لە هۆکاری ئەو تێکهەڵچوونە زانیارییەکی ئەوتۆ لە بەردەستدا نیە.