له‌سه‌ر بانگهێشتنی کۆنسولخانه‌ی فه‌ڕانسه له هه‌ولێر، ئێواره‌ی رۆژی ١٤ی ژوئیه‌ی ٢٠١٧ی زایینی، هه‌یئه‌تێكی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان به سه‌رپه‌ره‌ستیی د. ئاسۆ حه‌سه‌ن زاده جێگری سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان به‌شداریی جێژنی میللیی فه‌ڕانسه که هاوکات بوو له‌گه‌ڵ ٢٢٨مین ساڵوه‌گه‌ڕی شۆڕشی فه‌ڕانسه کرد.
له‌و رێوڕه‌سمه‌دا که به به‌شداریی به‌رپرسانی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان و نوێنه‌رانی حیزب و لایه‌ن و کۆنسولگه‌رییه‌کان به‌ڕێوه چوو، سه‌ره‌تا به‌ڕێز دۆمینیک ماس کۆنسولی گشتیی فه‌ڕانسه له هه‌ولێر وته‌یه‌کی پێشکه‌ش کرد. ناوبراو له وته‌که‌یدا وێڕای رێزدانان له فیداکاری و قاره‌مانه‌تیی پێشمه‌رگه له شه‌ڕی دژی داعش، باسی دۆستایه‌تی و هاوپێوه‌ندیی نێوان دوو گه‌لی کورد و فه‌ڕانسه‌ی کرد.
پاشان به‌ڕێز فه‌لاح مسته‌فا به‌رپرسی فه‌رمانگه‌ی پێوه‌ندییه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان قسه‌ی کرد. ناوبراویش وێڕای وه‌بیرهێنانه‌وه‌ی دۆستایه‌تیی نێوان کوردستان و فه‌ڕانسه، جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه کرد که له هه‌لومه‌رجی ئه‌مڕۆدا ئه‌و چاوه‌ڕوانییه له حکومه‌تی فه‌ڕانسه ده‌كرێ که بۆ قه‌ره‌بووکردنه‌وه‌ی ئه‌و غه‌دره‌ی له سه‌ده‌ی بیسته‌مدا له گه‌لی کورد کراوه، زیاتر رۆڵ بگێڕێ.
له‌و رێوڕه‌سمه‌دا جێگری سکرتێری گشتیی حیزب و هه‌یئه‌تی هاوڕێی چاویان به ژماره‌یه‌کی به‌رچاو له دیپلۆمات و که‌سایه‌تی و نوێنه‌رانی حیزبی و حکومه‌تی که‌وت و له‌گه‌ڵیان ئاڵوگۆڕی بیروڕا و گفتگۆیان کرد