ڕۆژنامه‌ی نیۆیۆرک تایمز له ڕاپۆرتێکدا له ژێر ناوی “ته‌قینه‌وه‌ی ئیعترازیی خه‌ڵک له پێته‌ختی کوردستانی ئێران پاش مه‌رگی ژنێک” دا باسی ڕووداوه‌که‌ی ڕۆژی پێنجشه‌ممه‌ی مه‌هابادی کردوه.
له‌و ڕاپۆرته‌دا که به قه‌ڵه‌می “تۆماس ئێردبرینک” نووسراوه هاتووه کورده‌کانی ئێران که له مه‌رگی رووننهکراوهی خزمه‌تکاری هۆتێلێک تووڕه بوون، رۆژی پێنج شه‌ممه له‌و شاره که پێته‌ختی ناوچه‌که‌یانه به نیشانه‌ی ئیعتراز ڕژانه شهقامهکانو ئاگریان له‌و هۆتێله به‌ردا که ژنه‌که کاری لێ ده‌كرد. به‌پێی قسه‌ی شاهیدهکانو هه‌واڵنێرییه‌کان و ئه‌و وێنانه‌ی له تۆڕه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کاندا بڵاو بوونه‌وه، هێزه‌کانی پۆلیس گازی فرمێسکڕێژیان بۆ بڵاوه پێ کردنی خه‌ڵکه‌که به‌کار بردووه.
نیویۆرک تایمز نووسیویه‌تی تووڕه‌یی خه‌ڵکی مه‌هاباد که چه‌ند رۆژێک بوو په‌ره‌ی گرتبوو له‌دوای ئه‌وه هات که فه‌ریناز خوسره‌وانی، ٢٥ ساڵه، رۆژی دووشه‌ممه له رووداوێکی گوماناویدا له په‌نجه‌ره‌ی قاتی چواره‌می ته‌نیا هۆتێلی چوار ئه‌ستێره‌ی شاره‌که به‌ناوی” تارا” ڕا خۆی فڕی دایه خواره‌وه. زۆربه‌ی دانیشتووانی مه‌هاباد کوردن. ئه‌و شاره به پێته‌ختی مێژوویی کوردستانی ئێران ده‌ژمێردرێ.
نیویۆرک تایمز له زمان خه‌ڵکانی به‌شدار له‌و خۆپیشاندانه ڕووداوکه‌ی ئاوا بۆ خوێنه‌رانی گیڕاوه‌ته‌وه که فه‌ریناز خوسره‌وانی هه‌وڵی دابوو له ده‌ست مه‌ئمورێکی ئێرانی ڕا بکا که هه‌ڕه‌شه‌ی لێ کردبوو ده‌ستدرێژیی بکاته سه‌ر. به‌پیی ئه‌م راپۆرتانه، مه‌ئموره ئێرانییه‌که له‌لایه‌ن خاوه‌نی هۆتێله‌که‌وه یارمه‌تی درابوو که له به‌رامبه‌ر ئه‌م یارمه‌تییه‌ی به‌ڵێنی به‌خشینی ئه‌ستێره‌ی پێنجه‌م به هۆتێله‌که‌ی پێ دابوو.
ئه‌و ڕۆژنامه به‌نێوبانگه‌ی جیهان له زمان دانیشتوویه‌کی شاری مه‌هاباد ده‌ڵێ “شار خه‌ریکه له تووڕه‌ییدا ده‌کوڵێ. خه‌ڵك ئیعتراز ده‌که‌ن و هێندێكیان هێرشیان کردۆته سه‌ر ئه‌و هۆتێله‌ی ژنه‌که کاری لێ ده‌کرد”.
نیویۆرک تایمز به ئاماژه به چۆنیه‌تیی ڕووماڵ کردنی ئه‌و ڕووداوه له‌لایه‌ن میدیاکانی ئێرانه‌وه نوسیویه‌تی مێدیا هه‌واڵده‌رییه ده‌وڵه‌تیه‌کانی ئێران یه‌کسه‌ر باسی خۆپێشاندانه‌که‌یان نه‌کرد. بابه‌تی ناوچه‌ی کوردنشینی وڵات که ناوبه‌ناو سه‌رهه‌ڵدانێ تێدا روو ده‌دا، بابه‌تێکی سیاسیی هه‌ستیاره.