میوانه به‌ڕێزه‌کان!
هاوڕێیانی خۆشه‌ویست!
بیست و هه‌شت ساڵ له‌مه‌وبه‌ر ئهودهمانه بوو که پیاوکوژانی کۆماری ئیسلامی که به پاسپۆرتی دیپلۆماسی و بۆ به‌ناو وتووێژ له‌گه‌ڵ د. عه‌بدولڕه‌حمانی قاسملوو سکرتێری گشتیی حیزبی ئێمه نێردرابوونه ڤییه‌ن، له جیاتی گوێ گرتن له په‌یامی ئاشتی و له جیاتی یادداشت هه‌ڵگرتنه‌وه له‌و ده‌رسه‌ی د. قاسملوو سه‌باره‌ت به دێموکڕاسی و چاره‌سه‌ری پرسی نه‌ته‌وایه‌تی وه‌ک مامۆستایه‌ک خه‌ریک بوو بۆی شی ده‌کردنه‌وه، له‌پڕ دێوه‌زمه‌ی ناخیان هارووژا، بۆ جێبه‌جێکردنی مه‌ئموورییه‌تی نائینسانییان وه خۆ که‌وتن و د. قاسملوو و هاوڕێی ته‌واوی رێگای د. قاسملوو، واته کاک عه‌بدوڵڵا قادری ئازه‌ر-یان، له حیزبی دێموکڕات، له گه‌لی کورد و له مرۆڤایه‌تی ستاند.
له ژیانی تایبه‌تیی هه‌موو ئێمه‌دا ره‌نگه زۆر رووداوی تاڵ و ناخۆش روو بدا که پاش ماوه‌یه‌ک له‌بیرمان ده‌چنه‌وه یا لانیکه‌م قبووڵیان ده‌كه‌ین و له‌گه‌ڵیان رادێین، به‌ڵام باوه‌ڕ ناکه‌م هیچ کوردێکی نیشتمانپه‌روه‌ر که ته‌مه‌نی له‌بیرمانی رووداوی شه‌هید بوونی د. قاسملووی هه‌بێ، ئێستاش شۆک و ماته‌می ئه‌و کاره‌ساته و کاریگه‌ریی ره‌وانی و سیاسیی ئه‌و جینایه‌ته به ره‌گ و پێسته‌وه هه‌ست پێ نه‌کا. ته‌نانه‌ت بۆ منداڵه‌کانیشمان و بۆ ئه‌وانه‌ش که هه‌رگیز شانسی دیتن و ناسینی د. قاسملوویان نه‌بووه، د. قاسملوو بووه به به‌شێک له سامانی ره‌مزی و عاتیفییان و د. قاسملوویان خۆش ده‌وێ و بۆ له‌ده‌ستدانی به‌په‌رۆشن. ئه‌مه ته‌نیا له‌به‌ر ئه‌وه نیه که تێرۆری د. قاسملوو و مامه‌ڵه‌ی سهوداچیانهی ده‌وڵه‌تی ئوتریش له‌گه‌ڵ ئه‌و جینایه‌ته غه‌دری دوو غه‌در له گه‌لی ئێمه بوو، به‌لکوو پێشدا له‌به‌ر ئه‌وه‌یه که د. قاسملوو ئه‌وساش و ئێستاش هێمای هه‌ره پڕشنگداری دۆزی ره‌وای میلله‌تێک و نوێنگه‌ی بزوتنه‌وه‌یه‌که که هه‌روا به‌رده‌وامه و هه‌ر به‌رده‌وامیش ده‌بێ. به‌م چه‌شنه ساڵه‌کان رادهبرن و ده‌ڕۆن، به‌ڵام د. قاسملوو هه‌ر لێره‌یه، هه‌ر له‌وێیه؛ هه‌تا له مه‌رگی د. قاسملوو دوورتر ده‌بینه‌وه قاسملوو له دڵی رێبوارانی رێگاکه‌یدا و له یاده‌وه‌ری به‌کۆمه‌ڵی گه‌له‌که‌ماندا زیندووتر ده‌بێته‌وه.
سه‌ربرده و که‌سایه‌تیی د. قاسملوو بۆ هه‌موو لایه‌ک ئاشنایه. داستانی ژیانی وی چیڕۆکی مه‌سه‌له‌ی کورده، به هه‌موو ئاڵۆزی و دوودڵی و کهوتنهکانییهوه، به هه‌موو شانازی و سه‌رکێشی و خه‌ونه‌کانییه‌وه. د. قاسملوو له مه‌ودایه‌کی کورتی ژیاندا شایه‌ت و ئه‌کته‌ری زۆر رووداو و ئاڵوگۆڕی گرینگی جیهان و ناوچه و زۆر که‌وتن و هه‌ستانه‌وه له ژیانی سیاسیی میلله‌ته‌که‌یدا بوو. هه‌موو ئه‌و کێشه فیکری و پارامێتره سیاسییه بێڕوحمانه‌ی سه‌ت ساڵه مه‌سه‌له‌ی کورد له‌گه‌ڵیان ده‌رگیره، د. قاسملووش به چڕی له‌گه‌ڵیان ده‌رگیر بوو و هه‌وڵی ده‌دا به قازانجی خه‌باتی گه‌له‌که‌ی بیانگۆڕێ. له‌لایه‌کی دیکه‌وه، ئه‌و کهسایهتییهكی ئه‌وه‌نده ده‌وڵه‌مه‌ند و فره‌ڕه‌هه‌ندی هه‌بوو که زۆر له جۆراوجۆرییه‌کانی نێو کۆمه‌ڵگای کورده‌واری و هه‌موو پۆتانسیه‌ل و پێویستییه‌کانی هێزی خه‌باتگێڕیی کوردی له خۆیدا کۆ کردبۆوه. ئه‌و له به‌ره‌به‌یانی ژیانه‌وه‌ی کورددا له دایکێكی ئاسۆری له دایک ببوو و ناسیۆنالیستێکی کوردی لێ ده‌رهاتبوو؛ کوڕی فیئۆدالێک بوو و مارکسیستێکی عه‌داڵه‌تخوازی لێ ده‌رچووبوو؛ له سه‌رده‌مێکدا که له دنیادا که‌م که‌س کوردی ده‌ناسی، هاوشان له‌گه‌ڵ بژارده رووناکبیرییه کورده‌کانی پاشماوه‌ی عوسمانی له زانکۆکانی به‌غدا و پراگه‌وه بگره تا قوتابخانه‌ی زمان و شارستانییه رۆژهه‌ڵاتییه‌کانی پاریس خزمه‌تی به فه‌رهه‌نگی کورد و به کوردۆلۆژی ده‌کرد؛ هاوکات به داڵانه ته‌نگ و تاریکه‌کانی پێوه‌ندییه نێوده‌وڵه‌تییه‌کانی پاش شه‌ڕی دووه‌می جیهانیدا له هاتوچۆدا بوو هه‌تا پردێك له‌نێوان شاخه‌کانی کوردستان و پێته‌خته‌کانی دنیا دروست بکا و ده‌روویه‌ک بۆ کاری سیاسی و زیندووکردنه‌وه‌ی خه‌باتی کورد له ئێران بکاته‌وه. ئه‌و ئه‌کادیمی و زمانزانه نازدار و بهفهرههنگهی په‌روه‌رده‌ی ئورووپا به‌ڵام ئاشقی وڵات و خاک و خه‌لکی خۆی بوو و له به‌رامبه‌ر به‌رپرسایه‌تیی سه‌رشانی خه‌به‌ردار راوه‌ستابوو. هه‌ربۆیه کاتێك تاریخ فورسه‌ته گه‌وره‌که‌ی پێ به‌خشی، وێڕای درێژه‌دان و په‌ره‌پێدانی تێکۆشانی دیپڵۆماسیی خۆی، دوا قۆناغی ژیانی سیاسیی خۆی پێشمه‌رگانه و له چیاکانی کوردستان برده سه‌ر و سه‌رکردایه‌تیی شۆڕشێکی مه‌یدانیی کرد، شۆڕشێك که خه‌ڵکی ئێمه ئێستاش هه‌ژار گوته‌نی به یادی وی ده‌ژی دڵی.
د. قاسملوو له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا که رێبه‌ری بزوتنه‌وه‌ی به‌شێک له گه‌لێکی بنده‌ست بوو، به‌ڵام شه‌خسییه‌تێكی محه‌للی نه‌بوو. سکرتێرێکی پێشووتری رێکخراوی نێونه‌ته‌وه‌یی لێبوردن ده‌ڵێ : “قاسملوو هه‌یبه‌تی ده‌وڵه‌تمه‌ردێکی نێونه‌ته‌وه‌یی هه‌بوو، که‌سێک که له گه‌ردوونی کوردان‌دا جێگه و پێگه‌یه‌کی بێ هاوتای هه‌بوو و رێبه‌ری پان کوردیسم بوو، به‌ڵام له ململانێ و خه‌باته‌کانی دیکه‌ی ئه‌م دنیایه و پێوه‌ندیی نێوانیان ئاگادار بوو و سیاسه‌تی وه‌ک گشتێك چاو لێ ده‌کرد”. د. قاسملوو له عه‌ینی کوردپه‌روه‌ریدا، ئاسۆی روانینی زۆر فراوان بوو. ئه‌و وێڕای ئه‌وه که پرسی گه‌لی ئێمه له ئێرانی جارێک بۆ هه‌میشه وه‌ک پرسێکی سیاسی جێگیر کرد، خه‌باتی کورد له‌و وڵاته‌ی به بازنه فراوانتره‌کانی سیاسه‌ته‌وه به‌سته‌وه. بۆ ئه‌وه‌ش ناچار بوو به‌رده‌وام له هه‌وڵی ئاشتکردنه‌وه‌ی تهزادهکاندا بێ: ته‌زاد له‌نێوان سوننه‌ت و مۆدێرنیته‌دا، له‌نێوان تیئۆری و کرده‌وه‌دا، له‌نێوان مه‌یدانداری و ئه‌خلاقدا، له‌نێوان خه‌ون و واقیعییه‌تدا، له‌نێوان کورد بوون و ئێرانی بووندا، له‌نێوان شۆڕشگێڕ بوون و دێموکرات بووندا، له‌نێوان سێکۆلار بوون و ته‌عامول له‌گه‌ڵ مه‌زهه‌بدا، له‌نێوان خه‌باتخوازی و ئاشتیخوازیدا. له رۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاستدا که ئه‌وده‌میش گرفتاری دابه‌شبوون و ناعه‌قلانیه‌ت بوو، د. قاسملوو به شوجاعه‌ته‌وه نوێنه‌رایه‌تیی جۆرێک له عه‌قلانیه‌تی ده‌کرد که دروست دژه مۆدێلی ئه‌و سیستمه بوو که رێبه‌رانی کۆماری ئیسلامی نوێنه‌رایه‌تییان ده‌کرد. جا مادام د. قاسملوو هه‌ر پیاوی فکر و گوتار نه‌بوو، به‌ڵکوو پیاوی عه‌مه‌لیش بوو، تێرۆریان کرد به‌و هیوایه که ئه‌و جههانبینییه دێموکراتیک و بنیتانهرهی د. قاسملوو ئاڵاهه‌ڵگری بوو، له‌به‌ین به‌رن، غافڵ له‌وه که بیست و هه‌شت ساڵ دوای کوشتنی، تازه منداڵانی کورد وێنه‌ی قاسملوو له به‌رۆکی خۆیان ده‌ده‌ن و پیره‌پیاوه ئیمانداره‌کانی کورده‌واری سوێند به گڵکۆکه‌ی ده‌خۆن.
د. قاسملوو له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا که کاریگه‌ریی کۆمه‌ڵگا و فه‌زای سیاسی و ئیدئۆلۆژیی سه‌رده‌می خۆی پێوه دیار بوو، به‌ڵام دووربین و ئاینده‌نگه‌ر بوو و زۆر له قه‌ناعه‌ت و پێشبینییه‌کانی سه‌باره‌ت به ململانه سیاسی و ئیدئۆلۆژییه‌کانی ئه‌و کاته‌ی دنیا و پرس و کێشه‌کانی وڵات و ناوچه‌ی ئێمه له‌پاش مه‌رگی وه‌دی هاتن. نزیک به سێ ده‌هه پاش شه‌هید بوونی د. قاسملوو، بێگومان زۆر شت له جیهان و ناوچه و له‌پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ مه‌سه‌له‌ی کورددا گۆڕانیان به‌سه‌ردا هاتووه. به‌ڵام جه‌وهه‌ری وانه و باوه‌ڕه‌کانی د. قاسملوو بۆ ئێستا و ئایندهی خه‌باتی ئێمه هه‌روا موعته‌به‌ره و پێویسته له‌به‌ر رووناکایی وان هه‌نگاو هه‌ڵێنینه‌وه :
یه‌که‌مین ده‌رس که ئێمه ده‌بێ له قاسملوو فێری بووبین ئه‌وه‌یه که سیاسه‌ت به مانا شه‌ریفه‌که‌ی پێش هه‌موو شتێك باوه‌ڕه به ئیده‌ئالێک، وه‌فادارییه به رێبازێک، پابه‌ندییه به کۆمه‌ڵێك به‌ها. پاشان، خه‌بات بۆ ئه‌و ئیدئال و ئهرزشانه، جا رزگاریی کوردستانه، که‌رامه‌تی ئینسانه، یا وه‌ک ده‌بێ هه‌ردووکیانه، ده‌بێ به مێتۆدێکی زانستی بکرێ. مێتۆدی زانستی یانی هه‌وڵدان بۆ تێڕامان و تێگه‌یشتنی دروست و واقعی له دیارده‌کان و هه‌بوونی ئازایه‌تیی دووباره خوێندنه‌وه و پێداچوونه‌وه‌یان. د. قاسملوو له عه‌ینی ئه‌وه‌دا که باوه‌ڕی قووڵ و چه‌سپاوی به رێبازی رزگاریخوازانه‌ی بزاڤی کورد به‌تایبه‌تی به‌و چه‌شنه که پێشه‌وا قازی محه‌ممه‌د دایڕشتبوو هه‌بوو، به‌ڵام قه‌ت له ره‌خنه‌گرتن له رابردوو نه‌ده‌ترسا و هه‌رده‌م له فکری رێکخستنه‌وه و گونجاندنه‌وه‌ی ئاقار و ئامرازی خه‌باتدا بوو. ئه‌وه‌نده‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ر دنیای ده‌وروبه‌ر و ده‌ره‌وه‌ی خۆشمان، ئه‌و پێی وابوو مرۆڤی ئازادیخواز ته‌نیا کاتێك ده‌توانێ ریساله‌تی ئازادیخوازانه‌ی خۆی به دروستی جێبه‌جێ بکا که بۆخۆی ئازادانه بیر بکاته‌وه و بڕیای خۆی بۆخۆی بیدا. هه‌ربۆیه، د. قاسملوو، ئه‌و باشترین په‌نجه‌ره‌یه که حیزبی دێموکڕات ده‌یتوانی له که‌لێنی ویه‌وه له جیهان بڕوانێ، هه‌رگیز رازی نه‌بوو چه‌مکه‌کان و سیاسه‌ته‌کانی به‌سه‌ردا بسه‌پێنن و تێده‌کۆشا به سه‌رنجدان به واقعیاتی کۆمه‌ڵگا و پێویستییه‌کانی خه‌باتی میلله‌ته‌که‌ی، بۆخۆی و به خوێندنه‌وه‌ی خۆی هه‌گبه‌ی پره‌نسیپ و ئیده‌ئاله فیکری و سیاسییه‌کان دروست بکا. ئه‌وه له ژیانی د. قاسملوودا زۆر جار ده‌رکران و ده‌ربه‌ده‌ری و سه‌رێشه‌ی بۆ وی لێ که‌وته‌وه، به‌ڵام گرینگ‌ترین و چاره‌نووسسازترین تایبه‌تمه‌ندیی که بۆ خه‌باتی میلله‌تێك پێویسته، لێ په‌یدا بوو.
ئه‌و تایبه‌تمه‌ندییه‌ش شتێک نیه جگه له سه‌ربه‌خۆیی سیاسی، پره‌نسیپێك که د. قاسملوو له هه‌موو به‌ستێنه‌کاندا ره‌چاوی ده‌کرد. له ئاستی نێونه‌ته‌وه‌ییدا جیا له‌وه که ئه‌و تێهه‌ڵکێشی خۆی له بایه‌خه‌کانی ئیده‌ئالی سۆسیالیستی و لیبرالیزمی سیاسی دروست کردبوو، بۆ گه‌ڕان به‌دوای پشتیوانیی سیاسی له خه‌باتی گه‌له‌که‌شی، به‌دوور له دۆگماتیزمی ئیدئۆلۆژی و به‌ستراوه‌یی تێده‌کۆشا له هه‌ر جێیه‌ك ده‌ره‌تانێک هه‌بێ، که‌ڵكی لێ وه‌ربگرێ. هه‌ر به پێڕه‌وی له‌و پرهنیسپهیه که ئه‌مڕۆ حیزبی ئێمه به‌له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌و فشارانه که له ئاستی نێوده‌وڵه‌تیدا بۆ سه‌ر کۆماری ئیسلامی چڕ بوونه‌ته‌وه، پێشوازی له هه‌ر پرۆسه‌یه‌کی نێوده‌وڵه‌تی ده‌کا که مه‌یدانی مانۆڕی کۆماری ئیسلامی سنووردار بکا و بیخاته بارودۆخێکه‌وه که له به‌رامبه‌ر ویستی خه‌ڵکدا پاشه‌کشه بکا. هه‌ر له‌و کاته‌دا به‌ڵام هه‌روه‌ک د. قاسملووش باوه‌ڕی وا بوو، پێمان وایه نابێ ئاجێندای خه‌باتمان ته‌نیا له‌سه‌ر بنه‌مای مشت و مڕی نێوده‌وڵه‌تی ته‌نزیم بکه‌ین و ده‌بێ پێش هه‌موو شتێك پشت به خۆمان و به خه‌ڵکی خۆمان ببه‌ستین. له ئاستی ئێرانی‌دا، د. قاسملوو له زیمنی ئه‌وه‌دا که پێویستیی هاوپێوه‌ندیی نێوان بزوتنه‌وه‌ی کورد و بزوتنه‌وه‌ی سه‌راسه‌ری له ئێرانی‌دا (لێره‌شدا به دوور له پاشکۆیه‌تی، به‌دوور له مهرزبهندیی ئیدئۆلۆژیی و ته‌نیا له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌رک و دانپێدانانی سیاسی) به باشی هه‌ست پێ ده‌کرد و کاری بۆ ده‌کرد، له‌و باوه‌ڕه‌دا بوو که مه‌سه‌له‌ی کورد تایبه‌تمه‌ندیی خۆی هه‌یه و ئه‌وه مافی هێزێکی وه‌ك حیزبی دێموکراته که به‌پێی هه‌لومه‌رج و به‌رژه‌وه‌ندیی گه‌لی کورد، ئیبتکاری عه‌مه‌ل و ده‌ستئاوه‌ڵایی پێویست بۆ چاره‌سه‌ری پرسی کورد له ئێران‌دا بۆخۆی بێڵێته‌وه. ئه‌و خوێندنه‌وه‌یه، ئه‌مڕۆ که به‌داخه‌وه ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی له رابردووش که‌متر دان به شه‌رعیه‌تی مافی پێکهاته نه‌ته‌وه‌ییه‌کانی نێو ئێران‌دا ده‌نێ، هێنده‌ی دیکه‌ش له جێی خۆیه‌تی. د. قاسملوو ئه‌سڵی سه‌ربه‌خۆیی سیاسی و سروشتی قائم به زاتی خه‌باتی کوردی رۆژهه‌ڵاتی ته‌نانه‌ت له پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ پارچه‌کانی دیکه‌ی کوردستانیشدا جێبه‌جێ ده‌كرد. هه‌موومان ده‌زانین که بیری نه‌ته‌وایه‌تی هه‌ر له سه‌ره‌تاوه چ رووبه‌رێکی به‌رفراوان له پانتایی فکری د. قاسملووی داگیر کردبوو، به چه‌شنێک که زیاتر له نیو سه‌ده پێش ئێستا ئه‌و یه‌کگرتنه‌وه‌ی هه‌ر چوار پارچه‌ی کوردستانی به مافی سروشتیی نه‌ته‌وه‌ی کورد ده‌زانی. هه‌ر به باوه‌ڕ به‌و پره‌نسیپه‌ی مافی دیاریکردنی چاره‌نووسی گه‌له‌که‌مانه که ئه‌مڕۆ که خوشک و برا کورده‌کانمان له باشووری کوردستان خۆیان له مه‌وقعیه‌تێکدا ده‌بینن که باس له به‌ڕێوه‌بردنی ریفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی بکه‌ن، ئێمه ئه‌وه به مافی بێ ئه‌ملا و ئه‌ولای ئه‌وان ده‌زانین و ئاره‌زوومانه ئه‌و هه‌نگاوه ئاینده‌یه‌کی باشتری هه‌م بۆ باشووری کوردستان هه‌م بۆ پێوه‌ندیی نێوان پارچه‌کانی کوردستان و پرسی کورد به گشتی به‌دوادا بێ. به‌ڵام ئه‌گه‌ر د. قاسملوو به‌رده‌وام چاوی له پرسی کورد له ته‌واوه‌تیی خۆیدا بوو و له دنیای ده‌ره‌وه‌ی کوردستاندا وه‌ک سه‌فیری هه‌ره ئه‌مانه‌تداری هه‌موو کورد ره‌فتاری ده‌کرد، له‌و کاردابهشکردنهدا که پێی وابوو بزوتنه‌وه‌ی کورد ده‌بێ له ده‌روونی خۆیدا بیکا، ئه‌و بردنه پێشی پرسی کورد له ئێرانی له ئه‌وله‌ویه‌تی کاری خۆی دانابوو. هاوکات به عه‌مه‌ل نیشانی دابوو که پێویسته پارچه‌کانی کوردستان پشتیوان و خه‌مخۆری یه‌کتر بن و پرسی خۆیان و پێوه‌ندییه‌کانیان له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تانی حاکم به‌سه‌ر کوردستاندا له‌سه‌ر حیسابی پارچه‌کانی دیکه‌ی کوردستان نه‌به‌نه پێش.
لایه‌نێکی دیکه‌ی میراتی مه‌عنه‌ویی د. قاسملوو ئه‌وه‌یه که ئه‌و هاوکات له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا که خه‌بات بۆ ئازادیی نه‌ته‌وایه‌تیی کردبووه سه‌ردێری کار و خه‌باتی خۆی و حیزبه‌که‌ی، به‌ڵام پێی وابوو حیزبێک که بیهه‌وێ هه‌موو چین و توێژه‌کان ده خه‌بات وه‌به‌ر بدا و بیر له ئایندهی کۆمه‌لگا بکاته‌وه، نابێ ئیده‌ئاله‌کانی دیکه پشتگوێ بخات. له‌نێو ئه‌و ئیده‌ئالانه‌ی دیکه‌دا بێگومان عه‌داله‌ت هه‌بوو، یه‌کسانیی ئینسانه‌کان هه‌بوو، به‌ڵام پێش هه‌موو شتێک دێموکڕاسی قه‌راری گرتوو. د. قاسملوو به هۆی باوه‌ڕی قووڵ و ته‌بیعه‌تی خۆشبینانه‌ی ده‌یگوت ئێمه ده‌توانین له دیکتاتۆرییهکهوه بڕۆین به‌ره‌و دێموکڕاسی، به‌بێ ئه‌وه‌ی ناچار بین له‌نێوان ئه‌و دووانه‌دا نیمچه دیکتاتۆرییه‌ک ته‌جروبه بکه‌ین. سێ ده‌هه پاش ئه‌و قسانه ره‌وشی رۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست ره‌نگه زۆر که‌سی له دێموکراتیزاسیۆنی ناوچه نا‌ئومێد کردبێ. به‌ڵام تاودان بۆ ئه‌و ئیده‌ئاله چ بۆ پێوه‌ندیی نێوان کورد و گه‌لان و ده‌وڵه‌تانی ناوچه و چ به‌تایبه‌تی بۆ پێوه‌ندییه ناوخۆییه‌کانی کورد له هه‌موو کاتێك پێویستتره و له پرۆسه سیاسییه‌کانی رۆژ و له دووره‌دیمه‌نی خه‌باتماندا نابێ قه‌ت پشتگوێی بخه‌ین. له ریزی ئه‌و ئیده‌ئالانه‌ی دیکه‌دا که بۆ د. قاسملوو عه‌زیز بوون، پێویسته ئاماژه به خیسله‌تی ئینسانیی خه‌باتی خۆشمان بکه‌ین. د. قاسملوو زۆر جار باسی دوو شتی ده‌کرد که کاری وی و حیزبه‌که‌ی سه‌خت کردبوو: یه‌که‌م، ئه‌وه که کێشه‌ی کورد کێشه‌یه‌ک نه‌بوو که له خانه‌ی ململانه‌ی زلهێزه‌کاندا قه‌راری گرتبێ، هه‌ربۆیه زۆریان بۆ گرینگ نه‌بوو؛ دووهه‌م، ئه‌وه که ئێمه له خه‌باتی خۆماندا په‌نا بۆ تێرۆر نابه‌ین، خه‌ڵک به بارمته ناگرین، فڕۆکه ناڕفێنین، له شوێنه گشتییه‌کاندا بۆمب دانانێینهوه، دیله‌کانی شه‌ڕ تیمار و ئازاد ده‌که‌ین. ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ی یه‌که‌م واته سه‌رنجنه‌دانی هیچ کام له زلهێزه‌کانی ئه‌وده‌م به بزوتنه‌وه‌ی کورد ئینتخابی د. قاسملوو نه‌بوو و لێشی رازی نه‌بوو، ئه‌وه‌ی دووه‌م واته پابه‌ندی به ئه‌رزشه ئینسانییه‌کان ئینتخابی د. قاسملوو بوو و به شانازییه‌وه باسی ده‌کرد. د. قاسملوو ده‌یزانی ئه‌و خیسله‌ته ئینسانییه ره‌نگه زۆر جار ببێته هۆی لاواز بوونی مه‌یدانداریی ئێمه، به‌ڵام پێی وابوو ئه‌وه ئیعتبار بۆ ئێمه دروست ده‌کا و له درێژخایه‌ندا هه‌ر ئه‌وه ده‌یباته‌وه. ئه‌مڕۆ که پاش هێرشه‌کانی ئه‌م دواییانه‌ی تاران، رێژیمی تێرۆریستی کۆماری ئیسلامی، له هه‌وڵدایه له بیروڕای گشتیدا شۆڕشگێڕانی کورد و توندڕه‌وانی تێرۆریست بخاته خانه‌یه‌که‌وه، پابه‌ندی به‌و خیسله‌ته‌ی د. قاسملوو به خه‌باتی ئێمه‌ی به‌خشیبوو و فاسیله گرتن له‌گه‌ڵ مێتۆده ناڕه‌وا و نائینسانییه‌کان له هه‌موو کاتێک زیاتر مانا په‌یدا ده‌کا.
سه‌ره‌نجام و له هه‌مووی گرینگتر، وانه‌یه‌کی د. قاسملوو که بۆ ئه‌مڕۆی خه‌باتی کورد له رۆژهه‌ڵات پێویسته سه‌رله‌به‌ر فێری بینه‌وه، ئه‌وه‌یه که د. قاسملوو به شێوه‌ی خه‌تی و ته‌ک ڕه‌هه‌ندی سیاسه‌تی نه‌ده‌کرد. ئه‌و که ئه‌سڵه‌که‌ی بیزمارک سه‌باره‌ت به سیاسه‌ت وه‌ک هونه‌ری مومکینی به کرده‌وه ره‌چاو ده‌كرد، هه‌موو که‌ناڵه‌کان، هه‌موو شێوه‌کانی خه‌باتی تاقی ده‌کردنه‌وه، و هه‌موو زه‌رفیه‌ته‌کانی نێو کۆمه‌ڵگای ده‌دی و هه‌وڵی ده‌دا ده‌کاریان بخا.
ده‌زانین که ئه‌مڕۆ کۆمه‌ڵگای سیاسیی کورد له رۆژهه‌ڵاتی کوردستان گیرۆده‌ی کۆمه‌ڵێک نالێکی و دابه‌شبوونی نوێیه. به‌داخه‌وه زۆر مه‌وعیدی سیاسی و ته‌نانه‌ت زۆر پرسی مافی مرۆڤ له جیاتی ئه‌وه‌ی هه‌موو لایه‌نه‌کان و هه‌موو تێکۆشه‌رانی گه‌له‌که‌مان رووبه‌ڕووی ده‌سه‌ڵاتێك بکاته‌وه که گه‌لی ئێمه له ته‌واوه‌تیی خۆیدا ده‌چه‌وسێنێته‌وه و سه‌رکوتی ده‌کا، ده‌بنه هۆی ئه‌وه‌ی بژارده‌کانی گه‌له‌که‌مان دابه‌ش بن، دابه‌ش بکرێن و له به‌رامبه‌ر یه‌کتر راوه‌ستن. له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌م جۆره جه‌مسه‌ربه‌ندییانه که ته‌نیا به قازانجی رێژیم و به زیانی سه‌رکه‌وتنی خه‌باتی گه‌له‌که‌مان ده‌شکێنه‌وه، ئێمه له‌و باوه‌ڕه‌داین که کۆمه‌لگای سیاسیی ئێمه به هه‌موو جیاوازییه‌کانییه‌وه ته‌نیا ده‌بێ رێژیم به ئامانج بگرێ و له ده‌روونی خۆیشیدا وێڕای رێزدانان بۆ بۆچوون و ئاقاره جیاوازه‌کان، ده‌بێ به رێگای شارستانی و دیالۆگه‌وه بۆ دروستکردنی سه‌نتێز و لێك نزیککردنه‌وه‌ی روانگه‌کان و هه‌ماهه‌نگکردنی ستراتژیی هه‌نگاوه‌کان تێ بکۆشێ. ئێمه ده‌بێ قبووڵی ئه‌و راستییه بکه‌ین که کایه‌ی سیاسیی ئێمه ئه‌وڕۆ له رابردوو فره‌چه‌شنتره و له جیاتی هه‌وڵدان بۆ یه‌ک ئاقاری و یه‌کده‌ست سازیی ئه‌م کایه سیاسییه، ده‌بێ به‌دوور له دڕدۆنگی و زێهنیه‌تی رکابه‌ری تێ بکۆشین به گوتارێکی هه‌مه‌لاگیر هه‌ردوو به‌ستێنی مه‌ده‌نی و شۆڕشگێڕی پێکه‌وه گرێ بده‌ینه‌وه. ئه‌گه‌ر به‌ستێنی شۆڕشگێڕی له رێگای به‌ستێنی مه‌ده‌نییه‌وه باشتر به کۆمه‌ڵگا وه‌سڵ ده‌بێته‌وه، به‌ستێنی مه‌ده‌نییش له رێگای به‌ستێنی شۆڕشگێڕییه‌وه به مێژوو و جه‌وهه‌ری واقیعیی مه‌سه‌له‌ی کورد وه‌سڵ ده‌بێته‌وه. ئێمه ده‌بێ کارێک بکه‌ین که نه به‌ستێنی مه‌ده‌نی له ئه‌رکه‌کانی خۆی له به‌رامبه‌ری بزوتنه‌وه‌ی سیاسیی کوردستاندا غافڵ بێ و نه به‌ستێنی شۆڕشگێڕییش پێی وابێ مۆنۆپۆلی کاری سیاسیی کورد له ئێرانی له‌ده‌ستدایه. له‌و رێگایه‌دا هه‌موومان به‌سه‌ریه‌كه‌وه پێویستیمان به خانه‌ته‌کانییه‌کی مێژوویی و سیاسی هه‌یه که له‌ودا هه‌م شکۆی رابردووی خۆڕاگری و فیداکاریی میلله‌ته‌که‌مان بپارێزرێ و هه‌م زه‌رفیه‌تی نوێ بۆ ئێستا و ئایندهی خه‌بات دروست بکرێ. هه‌ر له‌و سۆنگه‌یه‌وه، حیزبی ئێمه به چاوی رێز و پێزانینه‌وه ده‌ڕوانێته چالاکیی تێکۆشه‌رانی دێموکرات و گه‌له‌که‌مان به‌گشتی له ناوخۆ که سه‌رباری که‌شێك که به‌دوای رووداوه‌کانی تاران رێژیم له کو ردستاندا دروستی کردوه، له به‌ره به‌ری ٢٢ی پوشپه‌ڕدا وه‌ک پێشوو له مه‌یداندا بوون و نیشانیان دا که ئه‌و به‌ستێنه گرینگه‌ی خه‌بات که بۆ د. قاسملووش زۆر گرینگ بوو، هه‌روا ئاوه‌دان و زیندوویه.
هاوڕێیانی خۆشه‌ویست! دۆستانی ئازیز!
ژیان و خه‌باتی د. قاسملوو بێگومان به‌رهه‌م و ده‌سکه‌وتی زۆری له‌بواری ناساندن و به‌نێونه‌ته‌وه‌یی کردنی پرسی کورد، له‌بواری رێکخستن و پوخت کردنه‌وه‌ی هۆشیاریی نه‌ته‌وایه‌تیی کورد و له‌بواری جێ خستنی رووحیه‌ی شۆڕشگێڕی و ئیمان به خه‌بات و خۆڕاگریی ئه‌و گه‌له‌دا هه‌بووه. به‌ڵام ئه‌و ئاوات و ئامانجانه‌ی د. قاسملوو هه‌موو ژیانی خۆی بۆ سه‌رف کردن، هێشتا وه‌دی نه‌هاتووون. یه‌کێک له وانه‌کانی د. قاسملوو ئه‌وه بوو که خه‌باتی ئێمه ره‌نگه به نه‌سلێک و دوو نه‌سل به ئه‌نجام نه‌گا و ئه‌وه‌ی بۆ شۆڕشگێڕێك گرینگه ئه‌وه‌یه که شه‌رمه‌زاری ویژدانی خۆی نه‌بێ و هه‌رچی بۆ گه‌له‌که‌ی له ده‌ستی دێ، بیکا. له‌و خه‌باته‌دا که گه‌لی ئێمه له ده ساڵی ئاخیری ژیانی د. قاسملوودا به‌ڕێوه‌ی ده‌برد، د. قاسملوو ئه‌کته‌ر و عونسوری هه‌ره دره‌وشاوه و کاریگه‌ر بوو. به‌ڵام به هه‌موو گه‌وره‌یی خۆیه‌وه، د. قاسملوو کۆنتڕۆڵی ته‌واوی ئه‌و کایه سیاسییه‌ی له‌ده‌ستدا نه‌بوو و ئه‌وده‌میش گه‌لی ئێمه له‌و یه‌کێتی و یه‌کڕیزییه‌ی بۆ سه‌رکه‌وتنی خه‌بات پێویسته، بێبه‌ش بوو. ئه‌مڕۆ که د. قاسملوو بووه به هێمای هاوبه‌ش و خۆشه‌ویستی هه‌موو کوردی رۆژهه‌ڵات، ده‌بێ ناو و یاد و وانه‌کانی ئه‌و رێبه‌ره بێ وێنه‌یه‌ی کورد بکه‌ین به هانده‌ری یه‌کگرتنی گه‌له‌که‌مان، به‌تایبه‌تی تێکۆشه‌رانی دێموکڕات که زیاتر له ده ساڵه له چوارچێوه‌ی دوو حیزب‌دا درێژه به رێبازی قاسملوو ده‌ده‌ن. ئێستا که پرسی یه‌کگرتنه‌وه‌ی دێموکراته‌کان به خۆشییه‌وه زیندوو بۆته‌وه، با ئه‌و گه‌وره هێما هاوبه‌شه‌ی نێوانمان بکه‌ینه باشترین هه‌وێنی سه‌رخستنی ئه‌و کاره پیرۆزه. د. قاسملوو له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هه‌م خاوه‌نی ئیراده‌ی شۆڕشگێڕی و هه‌م پیاوی سیاسه‌ت له ئێستادا به پشت به‌ستن به هێزی خه‌لک بوو؛ د. قاسملوو که تێزی دوکتوڕاکه‌ی بۆ سووک کردنی باری سه‌ر شانی وه‌رزێرانی کورد ته‌رخان کردبوو و به چاره‌سه‌ری سیاسیی پرسی کورد ئاکامگیریی لێ وه‌رگرت؛ د. قاسملوو که هه‌م رووناک‌بیر بوو، هه‌م پێشمه‌رگه؛ هه‌م سیاسی بوو هه‌م خه‌باتگێڕ، باشترین سه‌رمه‌شقی سه‌نتێز بۆ درێژه‌دانی ئه‌و رێگایه‌یه که دێموکراته‌کان ده‌بێ ئه‌مرۆ و سبه‌ینێی به‌یه‌که‌وه درێژه‌ی بده‌ن. به‌ڵام هه‌موو ئاشتییه‌ک به ژنان و پیاوانی گه‌وره و له‌خۆبوردوو سه‌ر ده‌گرێ و پایه‌دار ده‌بێ. یه‌کگرتنه‌وه‌ی بنه‌ماڵه‌ی گه‌وره‌ی دێموکڕإتیش ئازایه‌تی و تهوازووعی هه‌موو لایه‌کی پێویسته.
دۆستی گه‌وره‌ی د. قاسملوو و گه‌لی کورد، بێرنارد کوشنێر، له‌باره‌ی د. قاسملووه‌وه ده‌یگوت هه‌ر جار که ده‌مان دی که تا ئه‌و راده‌یه بۆ باوه‌ڕه‌کانی خۆی و له‌پێناو مافی که‌سانی دیکه‌دا خه‌بات ده‌کا، بۆمان پرسیار بوو داخوا ئه‌و پیاوه ئاخیره‌که‌ی ده‌بێته ره‌ئیسی ده‌وڵه‌ت یا ده‌كوژرێ؟ کوشنێر هه‌روه‌ها ده‌یگوت ئه‌گه‌ر هه‌موو رێبه‌رانی جیهانی سێهه‌م وه‌ک قاسملوو دێموکرات بان، پێش به مه‌رگی سه‌دان هه‌زار ئینسان ده‌گیرا. به‌داخه‌وه پێش ئه‌وه‌ی د. قاسملوو ببێ به ره‌ئیس ده‌وڵه‌ت، د. قاسملوویان کوشت. ده‌شزانین که پاش مه‌رگی قاسملوو رۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست هێنده‌ی دیکه‌ی له مه‌رگ و ماڵوێڕانیدا نقووم بوو. به‌ڵام له که‌ناری ئه‌و ده‌ریا تاریکه له فرمێسک و خوێن که به‌هۆی که‌م بوونی قاسملووه‌کان له رۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاستدا هه‌ستاوه، فانۆسێک هه‌یه، ئه‌و فانۆسه بورجی ئه‌سکه‌نده‌ریه نیه، بیروباوه‌ڕی روونی قاسملوویه که هه‌تا هه‌تایه له‌نێو دڵی ئازادیخوازانی راسته‌قینه به‌تایبه‌تی رێبوارانی رێگاکه‌یدا تیشکان داوێ.
سڵاو له یادی د. قاسملوو. به‌رده‌وامی و سه‌رکه‌وتن بۆ رێبازه‌که‌ی. سوپاستان ده‌که‌م و هه‌ر بژین.