تێکۆشەرانی دێموکرات لە نێو شاری جوانڕۆ و چەند ناوچەیەکی سەر بەو شارە، بە بۆنەی ٢٢ی پووشپەڕەوە، بە بڵاوکردنەوەی تراکت و وێنەی شەهید دوکتور قاسملوو، بۆ جارێکی دیکە رێژیمی تێرۆیستپەروەری کۆماری ئیسلامیی ئێرانیان شەرمەزار کرد و، پەیمانی وەفادارییان لە گەڵ حیزبی دێموکراتی کوردستان نوێ کردەوە.
ئەندامان و تێکۆشەرانی سەر بە تەشکیلاتی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە ناوچەی جوانڕۆ و دەروبەری ئەوشارە شەوی رابردوود بە بڵاوکردنەوەی تراکت و وێنەی شەهیدی رێبەر، بە بۆنەی ساڵرۆژی تێرۆری شەهید قاسملووەوە، چالاکیی تەبلیغییان بەڕێوە برد.
ئەو شوێنانەی لە شاری جوانڕۆ کە دڵسۆزانی حیزبی دێموکرات کاری تەبلیغییان تێدا ئەنجام داوە بریتین لە: ئیدارەی ئاو، ئیدارەی تەعاون، دووڕیێانی سەلاس باوەجانی وشروێنە، دووڕێیانی روانسەر و پاوە، بازارچەی شوشمێ و چەند گوندو ئاوایی سەر بە پارێزگای کرماشان و شاری جوانڕۆ.
بە بۆنەی تێکۆشان وچالاکیی تێکۆشەرانی دێموکرات لە جوانڕۆ و ناوچەکانی دەورووبەری، کۆمیسیۆنی تەشکیلاتی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە گەرمی ئافەرینیان لێ دەکات و سەرکەوتنی زیاتریان لە ئەرکانیاندا بە ئاوات دەخوازێ.