تێکۆشەرانی دێموکرات لە نێو شاری سنەو چەند ناوچەیەکی سەر بەو شارە، بە بۆنەی ٢٢ی پووشپەرەوە، بە بڵاوکردنەوەی هەزاران تراکت و وێنەی شەهید دوکتور قاسملوو، بۆ جارێکی دیکە رێژیمی تێرۆیستپەروەری کۆماری ئیسلامیی ئێرانیان شەرمەزار کرد و پەیمانی وەفادارییان لە گەڵ حیزبی دێموکراتی کوردستان نوێ کردەوە.
ئەندامان و تێکۆشەرانی سەر بە تەشکیلاتی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە ناوچەی سنە لە ماوەی چەند شەوی رابردوودا بە بڵاوکردنەوەی ٢١٠٠ نووسخە لە تراکت و وێنەی شەهیدی رێبەر، دوکتور قاسملوو لە نێو خودی شاری سنەو چەندین ئاوایی و گوندی سەر ئهو شارە، لە ئاستێکی بێوێنەدا بە بۆنەی ساڵرۆژی تێرۆری شەهید قاسملووەوە، چالاکیی تەبلیغییان بەڕێوە برد.
ئەو شوێن و ئاواییانەی کە دڵسۆزانی حیزبی دێموکرات کاری تەبلیغییان تێدا ئەنجام داوە بریتین لە:
گوندهکانی: کەڕەسی، تەختە، پەتیلەر، بەرزاو، شیان، تەوریوەر، هەشەمێز، گەنمان، کانی مشکان، کێڵانە، کەرجۆ و گەڕەکەکانی شارەکی ئەندێشە، ناییسەر، حەسەنئاوا، شەریفاوای سەرێ و خوارێ، شارەکی سەعدی، غەفوور، جامی جەم، شارەکی زاگرۆس، ویلاشار، شارۆچکەی بەهاران و شارەکی ئاویەر.
بە بۆنەی تێکۆشان و چالاکی تێکۆشەرانی دێموکرات لە شاری سنە و ناوچەکانی دەورووبەری، کۆمیسیۆنی تەشکیلاتی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە گەرمی ئافەرینیان لێ دەکات و سەرکەوتنی زیاتریان لە ئەرکانیاندا بە ئاوات دەخوازێ.