کەسیکی خەڵکی شاری کامیاران بە هۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئینتزامییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە شاری کرماشان گیانی لە دەست دا.
چەند ڕۆژ لەوەپێش مەئموورانی ئینتزامی ماشینی شەخسی هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی جەماڵ ڕەحمانی تەمەن ٢٢ ساڵ خەڵکی گوندی “لۆن سادات” سەر بە شاری “کامیاران”یان لە دەوورووبەری فڕۆکەخانەی شاری کرماشان دایە بەر دەستڕیژ و لە ئاکامدا ئەو هاووڵاتییە کوردە گیانی لە دەست دا.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو پێوەندییەدا دەڵێ، هێزە ئینتزامییەکان ماشینی ئەو هاووڵاتییە کوردەیان بە گومانی ئەوەیکە شتومەکی قاچاخی پێ بووە، داوەتە بەر دەستڕێژ و دەستبەجێ گیانی لە دەست داوە.
تەقەی راستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە هاووڵاتییانی کورد لە جادەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە گومانی هەڵگرتنی شتومەکی قاچاخ، یەکێک لە هۆکارەکانی کوژرانی هاووڵاتییانی کورد بە ئەژمار دێ، کە لە زۆربەی حاڵەتەکاندا، ڕوون دەبێتەوە کە ئەو هاووڵاتییانە هیچ جۆرە شتومەکێکی قاچاخیان پێ نەبووە.
بە وتەی ساڵح نیکبەخت، پارێزەری ناسراوی کورد، بەپێی یاسای بنەڕەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران، “ئەگەر کەسێک شوفیری ماشینێک بێ، سەرەتا دەبێ تەگەری ئەو ماشینە بکرێتە ئامانج و دواتر شوفیرەکە دەستبەسەر بکرێ.”
هەروەها ئەو پارێزەرە کوردە دەڵێ، لە زۆربەی حاڵەتەکاندا بینراوە کە هێزە ئینتزامییەکان ئەو مادە یاساییە لە بەرچاو ناگرن و بە شێوەی ڕاستەوخۆ تەقە لە هاووڵاتییانی کورد دەکەن.











